سودانی: چارەسەری كێشەكانی نێوان پارتی و یەكێتی، گرەنتیی چارەسەری تەواوی كێشەكانە

04-03-2023 11:39

پەرەگراف

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، باس لە كێشەكانی نێوان پارتی و یەكێتی دەكات و چارەسەری ئەو كێشانە "گرەنتیی چارەسەری تەواوی كێشەكان" ناو دەبات.

محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی حەدەس ڕایگەیاند "سەقامگیریی سیاسی لە هەرێمی كوردستان و چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی نێوان یەكێتی و پارتی، هەنگاوێكی گرنگە و گرەنتیی چارەسەركردنی كێشەكانە".

ئەم قسەیەی سوودانی لە كاتێكدایە كە بەهۆی ناكۆكییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی، چەند جارێكە شاندی حكومەتی هەرێم بەبێ‌ یەكێتی دەچێتە بەغداد.

بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتیش لە كۆڕبەندەكەی هەولێردا ڕایگەیاند كە ئاگایان لە ناوەرۆكی كۆبوونەوەكان لەگەڵ بەغداد نییە، لەبەر ئەوەی ئەندامی ئەوان لە شاندی هەرێمدا نییە، بەڵام ئامادەیی حیزبەكەی نیشان دا بۆ هەر شتێك كە پێیان بكرێـت.

سەرۆكوەزیرانی عێراق لە گفتوگۆكەی لەگەڵ كەناڵی حەدەس، پابەندیی خۆی بە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداد دووپات كردەوە و وتی "توانای جێبەجێكردنیم هەیە".

سوودانی وتیشی "لەبارەی بوودجەوە لێكتێگەیشتمان هەیە و یاسای نەوت و غازیش زۆرێك لەكێشەكان چارەسەر دەكات".