لە یادی ڕاپەڕیندا بارزانییەکان داوای پاراستنی قەوارەی هەرێم و یەکڕیزی و تەبایی دەکەن

05-03-2023 08:07

پەرەگراف

یادی ٣٢ساڵەی ڕاپەڕین لەناو توڕەیی بەشێک لە خەڵک و کەسوکاری شەهیداندا لە ڕانیە کرایەوەو مەسعود بارزانی جەخت دەکاتەوە، قەوارەی هەرێمی كوردستان كە یەكێكە لە بەرهەمەكانی ڕاپەڕین دەستكەوتێكی مێژوویی و گرانبەهای گەلی كوردستانە.

سەرۆکی پارتی لە پەیامێکدا وتی "ئەو دەستكەوتە دەبێ بپارێزرێ و بەهێز بكرێت، نابێ بە هیچ شێوەیەك كار بۆ لاوازكردن و بەلاڕێدابردنی ئەو بەها و ئامانجانە بكرێ كە گەلی كوردستان لەپێناویدا ڕاپەڕینی کرد".

هاوکات نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم، لە پەیامێکدا داوای لە لايه‌نه‌ سياسييه‌كان کرد وانه‌ى سه‌ركه‌وتن له‌ ڕاپه‌ڕين وه‌ربگرن و وتی "ده‌بێت يه‌كڕيزى و ته‌بايى و يه‌كتر قبووڵكردن و پێكه‌وه‌ كار كردن، بكه‌نه‌ هه‌وێنى سه‌ركه‌وتن و داهاتوويه‌كى باشتر".

ھەروەھا مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت، لە پەیامێکدا وتی: لەم یادە پیرۆزەدا، جەخت لە هاوهەڵوێستی و تەبایی خەڵکی نیشتیمانپەروەری کوردستان دەکەینەوە بۆ داکۆکیکردن لە دەستکەوتەکانمان و مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان، کە بە هەموو شێوەیەک، بەرگریان لێ دەکەین و دەستبەرداریان نابین و بەردەوام دەبین لە کاروانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی کوردستان.

ھەر ئەمڕۆ کوڕە شەهیدێک لە بەردەم بارەگایەکی یەکێتی لە شاری ڕانیە لە یادی ڕاپەڕیندا، وێنە و ناوی باوکی خۆی لێ کردەوە وەکو ناڕەزاییەک دژی پەراوێزخستنی خەڵک.

بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی لە وتارێکدا لە ڕانیە وتی، هاتووم داوای لێبوردنتان لێبكەم و منیش لەم دۆخە ڕازی نیم و غەدرێکی گەورە لەخەڵک کراوەو ڕێز لە قوربانیدانەکانیان نەگیراوە.

بافڵ تاڵەبانی پەیامێکیشی ئاڕاستەی پارتی و حیزبەکانی دیکە کردو وتی: نایانەوێت هەرێم دوولەت بكەن و داوای کرد واز لە زۆنی سەوزو زەرد بهێنرێت، ڕووەو پارتی وتیشی "دەستی ئاشتەوایی درێژ دەکەین لەپێناو خزمەتکردنی خەڵک و وازهێنان لە بەرژەوەندیی حیزبی، ئەگەرپارتی ئەوەی دەوێت دەستیان بۆ درێژ دەکەین و ئەگەر ئەوەیان ناوێت خۆیان زەرەر دەکەن".