پەرەگراف
شەش ڕاگیراو لە چاكسازیی ژنان و نەوجەوانانی هەولێر هەڵاتن و پێنجیان دەستگیر كرانەوە، پۆلیس لە هەوڵی دەستگیركردنەوەی ڕاگیراوە هەڵاتووەكەدایە.
ئاریان ئەحمەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، بە پەرەگرافی وت "ئەو كەسانەی هەڵاتوون شەش ڕاگیراو بوون، پێنجیان دەستگیر كراونەتەوە و یەك كەسیان ماوە، ئەو كەسە پەڕاوی لێكۆڵینەوەی لەلایەن پۆلیسی هەولێرەوە بۆ كراوەتەوە".
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی جەختی كردەوە كە "ئەو كەسانە سزادراو نەبوون، ڕاگیراوی وەزارەتی ناوخۆ بوون، ڕاگیراویش بە ڕەسمی لای ئێمە نین و زیاتر پەیوەندیی بە وەزارەتی ناوخۆوە هەیە".
ئەو كەسەی كە هەڵاتووە و هێشتا دەستگیرنەكراوەتەوە، تۆمەتبارێكی بە ڕەگەز سوورییە، دەزگا ئەمنییەكانی هەولێر لێكۆڵینەوەیان دەست پێ كردووە و لە گەڕاندان بۆ دەستگیركردنەوەی.
ئەو ڕاگیراونە كە هێشتا لە پرۆسەی دادگاییكردندان، وەكوو ئاریان ئەحمەد ئاماژەی پێ كرد "لەبەر ئەوەی وەزارەتی ناوخۆ شوێنی بۆ ڕاگرتنیان نییە، ڕەوانەی چاكسازیی ژنان و نەوجەوانانی هەولێر كراون".