مەسرور بارزانی بۆ یەکێتی: بگەڕێنەوە بۆ کۆبوونەوەکان، ڕاکردن لە بەرپرسیاریەتی چارەسەری هیچ کێشەیەک ناکات

06-03-2023 04:43

پەرەگراف

مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا داوای لە تیمی وەزاری یەکێتی کرد کە بگەڕێنەوە بۆ کۆبوونەوەکان و دەڵێت: لەئاستی بەرپرسیارێتی خۆیان و متمانەی خەڵک و پەرلەمان بن.

بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، سەرۆکی حکومەتی ھەرێم ئەوەی خستوەتەڕوو، چەندین جارە داوا لە تیمی یەکێتی دەکرێت بەشداری لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران بکەن و بە نووسراوی فەرمیش داوایان لێکراوە کە بگەڕێنەوە، بەڵام تا ئێستا ڕێگەیان پێ نەدراوە بەشداری بکەن.

مەسرور بارزانی دەشڵێت "ئەنجومەنی وەزیران شوێنی خزمەتکردنی خەڵک و چارەسەرکردنی کێشەکانە و بەشداری نەکردن لە کۆبوونەوەکان و ڕاکردن لە بەرپرسیاریەتی، چارەسەری هیچ کێشەیەک ناکات و بە پێچەوانەوە، بەرامبەر بە سوێندی یاسایی خۆیان و خەڵکی کوردستان دەکەونە بەردەم بەرپرسیاریەتییەکی گەورە".

زیاتر لە چوار مانگە قوباد تاڵەبانی و تیمی وەزاریی یەکێتی بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانیان کردووە بەهۆی کێشەکانی حیزبەکەیان لەگەڵ پارتی، بەڵام وەزیرەکانی یەکێتی لە وەزارەتەکانیان بەردەوامن لە کارکردن.

سەرەتای ئەم مانگەش بافڵ تاڵەبانی لە دووەمین کۆڕبەندی ھەولێر کە ناوەندی لێکۆڵینەوەی ڕووداو ئەنجامیدا، جەختی کردەوە کە تیمی وەزاریی یەکێتی ناگەڕێتەوە بۆ کۆبوونەوەکانی حکومەت ھەتا لێکتێگەیشتنێکیان نەبێت، وتیشی: بۆچی کەس تەلەفۆنێک بۆ قوباد تاڵەبانی ناکات بڵێت بۆ ناچێتەوە بۆ کۆبوونەوەی حکومەت.