شاسوار عەبدولواحید: ئەگەر دەستنەکرێت بە دابەشکردنی موچە لە ھەولێر خۆپیشاندان دەکەین

06-03-2023 08:04

پەرەگراف

شاسوار عەبدولواحید ڕایگەیاند، ئەگەر دەستبەجێ دەستنەکرێت بە دابەشکردنی موچە، ئەوا دەست دەکەنەوە بە خۆپیشاندان و ئەم جارە هەولێری پایتەخت دەگرێتەوە.

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەڵێت "ئەمەی حکومەتی ئێکسپایەر دەیکات دەرحەق بە موچەخۆران بەم هەمو داهاتە زۆرە، ئەوپەری بێرێزییە و لێی بێدەنگ نابین. ئەگەر دەستبەجێ دەستنەکرێت بە دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران ئەوا دەست دەکەینەوە بە خۆپیشاندان وئەم جارە خۆپیشاندان هەولێری پایتەخت و بەردەم بارەگای حکومەت دەگرێتەوە".

"ماوەی چەندین رۆژ لایداوە لەو رێکەوتەی کە دەبوو حکومەت موچە دابەش بکات، بریار بوو ئەمڕۆ موچەدابەشکردن رابگەیەنن، بەڵام لەوەش پەشیمان بونەوە. بۆیە چیتر بێدەنگ نابین. ئەم حکومەتە دیارە بە فشار نەبێت مافی رۆتین و ئاسایی هاوڵاتییان و فەرمانبەرانیش نادات!شاسوار عەبدولواحید وادەڵێت.

ھەفتەیەک لەمانگی ئازار تێپەڕبووەو ھێشتا حکومەت کاتی دابەشکردنی مووچەی مانگی شوباتی ڕانەگەیاندووە، ئەوە لەکاتێکدایە دابەشکردنی موچەی سەرجەم وەزارەتەکان سێ ھەفتەی پێدەچێت.