بڕیارێكی فەرمانگەی ڕێكخراوە ناحكومییەكان نیگەرانیی ڕێكخراوەكانی لێ‌ دەكەوێتەوە و ڕەتى دەکەنەوە

07-03-2023 03:45

پەرەگراف

فیدراسیۆنی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی ڕەخنە لە بڕیارێكی فەرمانگەی ڕێكخراوە ناحكومییەكانی هەرێمی كوردستان لەبارەی پێڕاگەیاندن (التبلیغ)ـەوە دەگرێت و بە "نایاسایی" ناوی دەبات و ڕەتی دەكاتەوە. فیدراسیۆنەكە دەڵێت "بڕیارەكە خراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتە و هەوڵێكی مەترسیدارە بۆ بەرتەسككردنەوەی مەودای كاری ڕێكخراوەیی لە هەرێمی كوردستاندا".

بەپێی بڕیارەكەی فەرمانگەی ڕێكخراوە ناحكومییەكان، فەرمانگەكە دەتوانێت لە ڕێگاكانی "سایتی فەرمیی فەرمانگە، پێگەی كۆمەڵایەتیی فەرمانگە لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك، تۆڕی پەیوەندیی واتس ئەپ"ـەوە ڕێكخراوەكان ئاگادار بكاتەوە لە هەر سەرپێچی یان پێشێلكارییەكی یاسایی و لەو حاڵەتەدا ڕێكخراوەكە بە "ئاگاداركراو یاخود پێڕاگەیەندراو" دادەنرێت.

فیدراسیۆنی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی ڕەخنە لەو بڕیارە دەگرێت و دەڵێت "یاسا بەركارەكان ئەوە پشتڕاست دەكەنەوە كە ئەم شێوازە لە تەبلیغ نایاساییە، چونكە ئاگاداركردنەوە لە ڕێگەی تۆڕی كۆمەڵایەتی و سایت و پەیج و پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە بە هیچ شێوەیەك بە پێڕاگەیاندنی یاسایی دانانرێت و هیچ بنەماو پاڵپشتییەكی یاسایی نییە".

فیدراسیۆنی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، دەرچوواندنی ئەم بڕیارە بە مایەی نیگەرانی ناو دەبات و دەڵێت "دەچێتە خانەی خراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتەوە و بە هەوڵێكی مەترسیداری دەزانین بۆ لاوازكردن و بەرتەسككردنەوەی مەودای كاری رێكخراوەیی، هاوكات دژ و پێچەوانەشە بەو بەرنامە چاكسازییەی كە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم بانگەشەی بۆ دەكات".

داواش لە فەرمانگەی ڕێكخراوە ناحكومییەكان دەكات كە "بە زووترین كات بڕیار بدەن بە ڕاگرتن و هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە نایاساییە". دەشڵێت "لە حاڵەتی بەردەوامبوونی فەرمانگە لەسەر ئەم پێودانگە نەخوازراوە، ناچار دەبین سەرجەم ڕێكارە پەیڕەویی و یاسایی و مەدەنی و دیبلۆماسییەكان بگرینە بەر".

فیدراسیۆنی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی، وەكوو لە پێناسەكەیدا هاتووە "تۆڕێكی سەربەخۆی خۆبەخشی قازانجنەویستە، كە (15) ڕێكخراوی ناحكومیی لەخۆ گرتووە و ڕۆژی (20-80-2006) لە شاری سلێمانی دامەزراوە. وەك گرووپێكی مەدەنیی فشارئامێز، هەوڵ دەدات لەپێناو چەسپاندنی بنەماكانی دیموكراسی، مافی مرۆڤ و كۆمەڵگەی مەدەنی".

دەقی ڕاگەیاندراوی فیدراسیۆنی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی:
بۆ بەڕێزان :
– سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان
– سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان
– سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان
– سەرۆكایەتی داواكاری گشتی هەرێمی كوردستان
– كونسوڵخانەی وڵاتان لە هەرێمی كوردستان
– رێكخراوە بیانی و نێودەوڵەتییەكان

خوێندنەوەیەكی یاسایی فیدراسیۆنی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بۆ بڕیارێكی نایاسایی فەرمانگەی ڕێكخراوە ناحكومییەكانی هەرێمی كوردستان لەبارەی پێڕاگەیاندنەوە (التبلیغ)

پاش رێز و سڵاو
سەبارەت بە بڕیاری ژمارە(5309)ی تایبەت بە پێڕاگەیاندن(التبلیغ)، كە فەرمانگەی ڕێكخراوە ناحكومییەكانی هەرێمی كوردستان، لە رۆژی (22-02-2023)دا، ئاڕاستەی رێكخراوە ناحكومییەكانی هەرێمی كوردستانی كردووە، ئەم چەند سەرنجەمان دەخەینەروو:

1- لە هیچ ماددەو بڕگەیەكی یاسای ژمارە(1)ی ساڵی 2011 یاسای رێكخراوە ناحكومییەكانی هەرێمی كوردستان-عێراقدا بابەتی پێڕاگەیاندنی رێكنەخستووە و باسنەكراوە، هەربۆیە لە حاڵەتی نەبوونی بڕگەو ماددەی تایبەت لەناو یاساكەدا پێویستە بگەڕێینەوە بۆ بنەما گشتییەكانی پێڕاگەیاندن
لە هەردوو یاسای دادبینی شارستانی و یاسای داواكاری گشتی بۆ حاڵەتی ناردنی هۆشداری (الإنژار).

2- بابەتی پێڕاگەیاندنی دادوەری، بە شێوەیەكی ورد لە ماددەكانی (13 تا 29)ی یاسای دادبینی شارستانی یاسای ژمارە(83)ی ساڵی 1969ی بەركار لە هەرێمی كوردستاندا ڕێكخراوە، هەربۆیە، لە حاڵەتی بوونی داوای یاسایی لە دژی رێكخراوێكی ناحكومی لەلایەن فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومییەكانەوە پێویستە لەسەر فەرمانگە پەنابەرێتە بەر گرتنەبەری ئەو ڕێكارانەی لە یاسای دابینی شارستانیدا هاتوون، بەم پێیەش بە هیچ جۆرێك ناكرێت خودی فەرمانگە خۆی پێڕاگەیاندنی دادوەری ئەنجام بدات.

3- لە حاڵەتی ئاڕاستەكردنی هۆشداری (الإنژار) لەلایەن فەرمانگەی رێكخراوەكانەوە بۆ رێكخراوێكی دیاریكراو، پێویستە لە رێگای دادنووس (كاتب عدل)ـەوە ئەو هۆشدارییە بنێردرێت بۆ رێكخراوەكە نەك راستەوخۆ لەلایەن فەرمانگەی رێكخراوەكان خۆیەوە بنێردرێت، حوكمەكانی ئەوەش بە گوێرەی یاسای دادنوسان ژمارە (27)ی ساڵی 1977ی بەركار لە هەرێمی كوردستاندا رێكخراوە، واتە لەم حاڵەتەشدا فەرمانگە ناتوانێت پێڕاگەیاندنی فەرمی ئەنجام بدات، چونكە هەر پێڕاگەیاندن و ئاگاداركردنەوەو هۆشدارییەك لە دەرەوەی رێكارە یاساییەكان بگیرێتەبەر ئەوە بە باتڵ و هەڵوەشاوە و نەبوو دادەنرێت و تەنانەت رێكارەكانی دوای خۆشی پوچەڵدەكاتەوە .

4- ئەگەر مەبەست لە پێڕاگەیاندنی نوسراوی فەرمانگە ئەو بریارە كارگێڕیانە بێت كە فەرمانگە بەرامبەر بە رێكخراوەكان یاخود رێكخراوێكی دیاریكراو دەری دەكات، لەو بارەدا پێویستە فەرمانگەی رێكخراوەكان فەرمانبەری تایبەتمەند بۆ بەجێگەیاندنی رێكاری پێڕاگەیاندن دابنێت، كە كار و ئەركی تەنها پێڕاگەیاندن بێت، ئەویش بەو رێكارە دەبێت كە ئەو فەرمانبەرە تایبەتمەندە سەردانی ئۆفیسی رێكخراوەكە بكات و واژۆی كەسی مەبەستدار بە پێڕاگەیاندن وەربگرێت، ئەوكات ئەو رێكخراوە بە پێڕاگەیەندراوی ئەو بریارەی فەرمانگە دادەنرێت. تەنانەت ئەگەر لەبارێكدا رێكخراوێك ئۆفیسی نەبوو پێویستە ئەو فەرمانبەرە سەردانی شوێنی كاری كەسەكە بكات، خۆ ئەگەر كەسی مەبەستدار بە پێڕاگەیاندنەكە ئامادەنەبوو واژۆ لەسەر پێڕاگەیاندنەكە بكات ئەوا دەبێت فەرمانبەرەكە شەرح و روونكردنەوەیەك بنوسێت و ئاماژە بەوە بكات كە ئەو كەسە ئامادە نەبووە واژۆ بكات، لەو حاڵەتەدا رێكخراوەكە بە پێڕاگەیەندراو دادەنرێت و رێكارەكە یاسایی دەبێت.

5- سەبارەت بە ئاگاداركردنەوەی فەرمانگە بۆ رێكخراوەكان لە رێگاكانی(سایتی فەرمی فەرمانگە، پێگەی كۆمەڵایەتی فەرمانگە لە تۆری كۆمەڵایەتی فەیس بووك، تۆڕی پەیوەندی واتس ئەپ)، وەك لە بڕیارەكەی فەرمانگەدا هاتووە، كە گوایە رێكخراوەكە لەم حاڵەتانەدا بە ئاگاداركراو یاخود پێڕاگەیەندراو دادەنرێت، یاسا بەركارەكان ئەوە پشتڕاستدەكەنەوە كە ئەم شێوازە لە تەبلیغ نایاساییە چونكە ئاگاداركردنەوە لە رێگەی تۆڕی كۆمەڵایەتی و سایت و پەیج و پەیوەندی تەلەفۆنییەوە بە هیچ شێوەیەك بە پێڕاگەیاندنی یاسایی دانانرێت و هیچ بنەماو پاڵپشتییەكی یاسایی نییە.

6- سەبارەت بە ئاسانكاری بۆ ئەنجامدانی پێڕاگەیاندن، دروست وەهایە فەرمانگە رەخنە لە خۆی بگرێت بەوەی لە سەرەتای دروستبوونی فەرمانگەی ڕێكخراوە ناحكومییەكان تا ئێستا نەیتوانیوە سەرجەم زانیارییەكانی ڕێكخراوە تۆماركراوەكان لە هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی (داتا بەیس)ێكدا كۆبكاتەوە، كە سەرجەم زانیارییەكانی ڕێكخراوە تۆماركراوەكان لە خۆبگرێت و لە حاڵەتی پێویستدا بە ئاسانی بەردەست بخرێت.

ئێمە وەك فیدراسیۆنی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی دەرچواندنی ئەم بڕیارە و هاوشێوەكانی لەلایەن فەرمانگەوە بە مایەی نیگەرانی خۆمان و خەمخۆران و هەوادارانی كۆمەڵگەی مەدەنی دەزانین و دەچێتە خانەی خراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتەوە و بە هەوڵێكی مەترسیداری دەزانین بۆ لاوازكردن و بەرتەسككردنەوەی مەودای كاری رێكخراوەیی لە هەرێمی كوردستاندا، هاوكات دژ و پێچەوانەشە بەو بەرنامە چاكسازییەی كە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بانگەشەی بۆ دەكات.

هاوكات هیواخوازین فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومییەكان بەزوترین كات بریاربدەن بە راگرتن و هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە نایاساییە، لە حاڵەتی بەردەوامبوونی فەرمانگە لەسەر ئەم پێودانگە نەخوازراوە، ناچاردەبین سەرجەم رێكارە پەیڕەویی و یاسایی و مەدەنی و دیبلۆماسییەكان بگرینەبەر.