پەرەگراف
وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەسەر پێشنیازی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە، بڕیاری تۆمارنەكردنی ئەو ئۆتۆمبێلانەی دا كە بەردی ساڵنسەیان دەرهێنراوە.
وەزارەتی ناوخۆ لەسەر پێشنیازی دەستەی ژینگە، لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆوە، سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی هاتوچۆی پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكانی ئاگادار كردووەتەوە كار بە نووسراوە گشتێنراوەكە بكرێت و هیچ ئۆتۆمبێلێك ئەگەر بەردی ساڵنسەیان دەرهێنرابێت، تۆمار نەكرێت.
دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە دەڵێت "بەردی ساڵنسا (بەردی ژینگەدۆست) وەكوو فلتەرێك كار بۆ هەڵمژینی دووكەڵی ئۆتۆمبێل دەكات و ژینگە لە گەرمی و گازە ژەهراوییەكان دەپارێزێت، بەڵام بەشێك لە شۆفێران بە مەبەستی بەهێزكردنی هەڵمەتی ئۆتۆمبێلەكانیان و فرۆشتنەوەی، ئەم بەردە لە سیستەمی دووكەڵوەدەرنانی ئۆتۆمبێلەكانیان دەردەهێنن".
دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە دەڵێت، ئەم هەنگاوە لەپێناو "پاراستنی ژینگە و كەمكردنەوەی كاریگەریی دووكەڵ" نراوە و بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتوچۆ ئاگادار كراونەتەوە بۆ جێبەجێكردنی.