وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا: 800 ملیۆن یۆرۆمان بۆ هەرێم تەرخان كردووە و هاوكارییەكانمان بەردەوام دەبن

08-03-2023 03:10

پەرەگراف

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم جەخت لە بەردەوامیی هاوكارییەكانی وڵاتەكەی بۆ هەرێم كردەوە و ڕایشیگەیاند "لە حەوت ساڵی ڕابردوو 50 ملیۆن یۆرۆمان بۆ مەشق و ڕا‌هێنانی هێزەكانی ئەڵمانیا بە پێشمەرگە تەرخان كردووە، لە ساڵی 2014یشەوە ئەڵمانیا نزیكەی 800 ملیۆن یۆرۆی بۆ هەرێم تەرخان كردووە".

ئانالێنا بێربوك، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، پاش سەردانەكەی دوێنێی بۆ بەغداد، بەیانیی ئەمڕۆ گەیشتە هەرێمی كوردستان و لەگەڵ مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.

لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ سەرۆكی حكومەتی هەرێم، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا وتی "هێشتا مەترسییەكانی داعش بەردەوامن، ئێمەش پشتیوانیی خۆمان لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش بۆ ئێوە دووپات دەكەینەوە".

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا جەختی كردەوە كە "هەماهەنگی لەنێوان هەموو بەشەكانی عێراق گرنگە، بەتایبەتی لەنێوان هەولێر و بەغداد، بۆیە ئێمە كاتێك پڕۆژەمان لێرە دەبێت ئەوەمان لەبەرچاوە".

بەپێی ڕاگەیەندراوی حكومەتی هەرێمیش، لە كۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و ئانالێنا بێربوكدا "گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە كاتێكی گونجاوی ئەمساڵ، چاكسازییەكانی كابینەی نۆیەم لە بواری هەمەجۆركردنی ئابووری و گرنگیدان بە كەرتی كشتوكاڵ و هەناردەكردنی بەروبوومی ناوخۆیی بۆ بازاڕەكانی دەرەوە، پێویستیی جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی شنگال و ئاساییكردنەوەی بارودۆخی ناوچەكە و دەرچوونی گرووپ و میلیشیا چەكدارەكانی دەرەوەی یاسا و گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ شوێنەكانیان و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بە گشتی"، گفتوگۆیان لەبارەوە كراوە.

لەبارەی كۆبوونەوە سەرۆكی هەرێم لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، سەرۆكایەتیی هەرێم دەڵێت "خاتوو بیربۆك دووپاتی كردەوە كە ئەڵمانیا بە بایەخەوە لە ‏پەیوەندییەكانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان و ئارامی و سەقامگیریی ‏سیاسی و ئابوورییان دەڕوانێت. لەمبارەوە ئاماژەی بە گرنگیی جێبەجێكردنی ‏ڕێككەوتنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵیی عێراق بۆ ‏ئاساییكردنەوەی دۆخی شەنگال كرد كە دەبێتە هۆی گەڕانەوەی ئاوارەكان و ‏ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە".

"لە كۆبوونەوەكەدا پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەكە بوو. تیایدا ‏سەرۆك نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بە هەبوونی كەشێكی ئەرێنیی گفتوگۆی نێوان ‏هەردوولا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان كرد، هەروەها ئاماژەی بە هەماهەنگیی ‏پتەوی نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش كرد"، سەرۆكایەتیی هەرێم وا دەڵێت.

هەر لە كۆبوونەوەی نێوان سەرۆكی هەرێم و وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دا "پەیوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، دۆخی ئاوارە و ‏پەنابەران لە هەرێمی كوردستان، دۆخی شەنگال و ئێزدییان بەگشتی و چەند ‏پرسێكی جێی بایەخی هاوبەش" گفتوگۆیان لەبارەوە كراوە.