لە ڕۆژی جیهانیی ژناندا شەڵتەرەكان پڕن لە ئافرەتی داڵدەدراو؛ سەرۆكی حكومەت: پەرەپێدانی كولتووری یەكسانیی جێندەری ئەركی هەموومانە

08-03-2023 03:52

پەرەگراف

حكومەتی هەرێم لە ڕۆژی جیهانیی ژناندا ڕایدەگەیەنێت كە لە ساڵی ٢٠٢٢دا زیاتر لە هەزار ئافرەت لە شەڵتەرەكان داڵدە دراون. سەرۆكی حكومەتی هەرێمیش جەخت لە "نەهێشتنی هەموو پێشێلكارییەكی مافەكانی ئافرەتان و ئاستەنگەكانی بەردەم یەكسانیی جێندەری" دەكاتەوە و دەڵێت "كاركردن بۆ پەرەپێدانی كولتووری یەكسانیی جێندەری، ئەركێكی هاوبەشی هەموومانە".

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێم دەڵێت "لە ساڵی ٢٠٢٢، هەزار و ١٥٨ ئافرەت لە شێڵتەرەكان داڵدە دراوان و تا جێبەجێبوونی ماف و مامەڵە یاساییەكانیان لەو پەناگانە لە مەترسی پارێزراو دەبن".

بەپێی ئامارەكە، لەو ژمارەیە "٢٨%ی ئافرەتانی داڵدەدراو لە هەولێر، ٤٣% لە سلێمانی، ٢٨% لە دهۆك و %١ لە گەرمیان بوون".

فەرمانگەی میدیا و زانیاری دەشڵێت "گرنگیدان بە پاراستنی مافەكانی ئافرەتان و پاراستیان لە هەڕەشەی كۆمەڵایەتی، یەكێك لە بنەما گرنگەكانی حوكمڕانیی باش و حكومەتی كارایە، ئەمەش وەك بنەمایەكی نێودەوڵەتی سەیر دەكرێت و لە یاسا نێودەوڵەتییەكاندا بە پتەوی چەسپاون و بۆیەشە هەرێمی كوردستان لەو چوارچێوەیە گرنگیی جیددیی بەم مافانە داوە".

ڕۆژی ٨ی مارس بە ڕۆژی جیهانیی ژنان دیاری كراوە و لەسەر ئاستی جیهان چالاكیی جۆراوجۆر بۆ بەرگریكردن و هۆشاركردنەوەی ژنان ئەنجام دەدرێن. ئەمڕۆیش لە شاری هەولێر ئەنجوومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان لەگەڵ دەستەی یەكسانیی جێندەری و تواناسازی ئافرەتانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان (UN Women) مەراسیمێكیان ڕێكخست و یاداشتێكی لەیەكتێگەیشتنیشیان بۆ خزمەتكردنی پرسەكانی پەیوەندیدار بە ئافرەتان واژوو كرد.

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، لە مەراسیمەكەدا وتی "هیوادارم واژووكردنی ئەم یاداشتی لەیەكتێگەیشتنە، هاوكار و یارمەتیدەر بێت لە بواری ئەو ئامارانەی كۆدەكرێنەوە و بەردەست دەبن بۆ دەستنیشانكردنی كێشە و بەربەست و گرفتەكانی بەردەم ئافرەتان، نەهێشتنی هەموو پێشێلكارییەكی مافەكانی ئافرەتان و ئاستەنگەكانی بەردەم یەكسانی جێندەری".

"ئێمە وەكوو حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە هەموو هێزو توانامان دژی هەموو جۆرە پێشێلكارییەكی مافەكانی مرۆڤ و هەموو توندوتیژییەكین، بە تایبەتی توندوتیژی و كوشتن و ئازاردانی ئافرەتان و پێشێلكردنی مافەكانیان، كە بەداخەوە كۆمەڵگەی كوردستانیش ، وەك زۆر كۆمەڵگەی دیكەی دونیا بە دەستییەوە دەناڵێنێت"، سەرۆكی حكومەتی هەرێم وای وت.

مەسرور بارزانی جەختی كردەوە كە "كاركردن بۆ پەرەپێدانی كولتووری یەكسانیی جێندەری، ئەركێكی هاوبەشی هەموومانە و پێویستە كۆمەڵگە بە گشتی و حكومەت و ڕێكخراوەكانی ئافرەتان و كۆمەڵگەی مەدەنی و مامۆستایانی ئایینی و قوتابخانە و زانكۆكان و ناوەندە ڕۆشنبیرییەكان، هەموومان بەیەكەوە كار لە سەر هۆشیاركردنەوەی تاك و خێزان بكەین".

لەسەر ئەو پێشێلكاری و توندووتیژییانەی بەرانبەر بە ژنان هەیە، لە ساڵی 2012ـەوە تا كۆتایی ساڵی 2021 لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 80 هەزار سكاڵا تۆمار كراون، ئەوەش بەپێی ئاماری فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی توندووتیژی دژی ئافرەتان و خێزان كە پەرەگراف بەدواداچوونی بۆ كردووە.

هەر لەو 10 ساڵەدا و بەپێی ئامارە فەرمییەكان، 412 ژن لە هەرێمی كوردستان كوژراون، كە زۆرینە لە پارێزگای هەولێر بووە و دەگاتە 180 دۆسیەی كوشتن، بە دوای ئەودا پارێزگای سلێمانی بە زیاتر لە 130 دۆسیە و دهۆك بە زیاتر لە 102 دۆسیەی كوشتن لە پلەی دووەم و سێیەمدان.

ئەو ئامارانە لە تەمەنی سێ كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستاندایە كە لە بەرنامەی كاریاندا جەختیان لە كەمكردنەوە و نەهێشتنی كوشتنی ژنان كردووەتەوە.

* مەرگ لە كۆڵی ژنان نابێتەوە؛ لە 10 ساڵدا نزیكەی هەزار كوشتن و خۆكوشتن هەبووە

بەردەوامیی توندووتیژییەكان دژی ئافرەتان لە كاتێكدایە كە نزیكەی 300 ڕێكخراوی داكۆكیكار لە مافەكانی ژنان هەن، بەڵام ئامارەكانی كوشتن و توندووتیژی هەر لە هەڵكشاندان، ئەوەش زۆرینەیانی ڕووبەڕووی ڕەخنە كردووەتەوە.

بەپێی بەدواداچونی پەرەگراف و ئەو ئامارانەی لە فەرمانگەی ڕێكخراوە ناحكومییەكانی هەرێمی كوردستانەوە دەستیی كەوتوون، ئەو ڕێكخراوانە لە بوارە جیاوازەكانی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی توندووتیژی، پەرەپێدانیی تواناكانی ژنان و داكۆكیی لە مافەكانی ژناندا كار دەكەن و زۆرینەشیان ناحكومین.

* ژنانی هەرێمی كوردستان 300 ڕێكخراوی داكۆكیکاریان هەیەو هێشتا قوربانیین