پلاسخارت و وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا جەخت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن لەمساڵدا

08-03-2023 07:20

پەرەگراف

فشارە نێودەوڵەتییەکان لەسەر دەسەڵاتدارانی هەرێم بەردەوامن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەماوەی ئەمساڵدا، هەریەکە لە جینین پلاسخارت و وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا جەخت لەسەر ئەو پرسە دەکەنەوە.

ئانالێنا بێربۆک وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئەمڕۆ لە هەولێر لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێم کۆبووەوەو گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتێکی گونجاوی ئەمساڵدا، تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکەیان بووە.

هەر ئەمڕۆ جینین پلاسخارت نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق ڕایگەیاند، ئەوان هەموو هەوڵێکیانداوە بۆئەوەی حیزبەکان بگەنە ڕێککەوتن و پێکەوە هەڵبژاردن ئەنجام بدەن و هیوادارن بەمزووانە چارەسەرێك بۆ ئەو کێشەیە بدۆزرێتەوە.

هەرلەسەر پرسی هەڵبژاردن مەسرور بارزانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ڕایگەیاند، هیچ بیانوویەک نەماوە بۆ دواخستنی و بە هەموو توانایەکەوە ئامادەن و پشتگیریی ئەنجامدانی دەکەن.

سەرۆکی حکومەتی هەرێم داوای لە سەرۆکی هەرێم کرد ڕۆژی هەڵبژاردن دیاری بکات و وتی "هەڵوێستی حکومەت دیارەو لەگەڵ ئەوەداین هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت و خۆزگە مانگی ١٠ی ساڵی ڕابردوو بکرایەو ئەوکاتیش حکومەت ئامادەبوو، بەڵام چەند حیزب و لایەنێک پێیانخۆش نەبوو، ئەوەش بووەهۆی دواخستنی پڕۆسەکە".

بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن پارتی و یەکێتی ڕێککەوتوون هەرێمی كوردستان بكرێت بە چوار بازنەی ‏هەڵبژاردن و هەڵبژاردنەکە نیوەی بە لیستی كراوە و نیوەی بە لیستی داخراو‏بێت،‎ ‎ بەڵام ١١ کورسییەکەی پێکهاتەکان وەک خاڵی سەرەکی ناکۆکیی نێوانیان ماوەتەوە.