مەسرور بارزانی: هیچ بیانوویەک نەماوە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن و بە هەموو توانایەکەوە ئامادەین

08-03-2023 07:32

پەرەگراف

مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، هیچ بیانوویەک نەماوە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن و بە هەموو توانایەکەوە ئامادەن و پشتگیریی ئەنجامدانی دەکەن.

سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، داوای لە سەرۆکی هەرێم کرد ڕۆژی هەڵبژاردن دیاری بکات و وتی "هەڵوێستی حکومەت دیارەو لەگەڵ ئەوەداین هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت و خۆزگە مانگی ١٠ی ساڵی ڕابردوو بکرایەو ئەوکاتیش حکومەت ئامادەبوو، بەڵام چەند حیزب و لایەنێک پێیانخۆش نەبوو، ئەوەش بووەهۆی دواخستنی پڕۆسەکە".

بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن پارتی و یەکێتی ڕێککەوتوون هەرێمی كوردستان بكرێت بە چوار بازنەی ‏هەڵبژاردن و هەڵبژاردنەکە نیوەی بە لیستی كراوە و نیوەی بە لیستی داخراو‏بێت،‎ ‎ بەڵام ١١ کورسییەکەی پێکهاتەکان وەک خاڵی سەرەکی ناکۆکیی نێوانیان ماوەتەوە.

ئەمڕۆش دەزگای هەڵبژاردنی ئەو دوو حیزبە کۆبوونەوەو دواتر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند، بۆ ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن ناکۆکییەکی ئەوتۆ نەماوە لە نێوان پارتی و یەکێتیدا.

فشارە نێودەوڵەتییەکان لەسەر دەسەڵاتدارانی هەرێم بەردەوامن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەماوەی ئەمساڵدا، ئەمڕۆش هەریەکە لە جینین پلاسخارت و وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە هەولێرەوە جەختیان لەسەر ئەو پرسە کردەوە.