ھێزێکی سەربازیی دەچنەسەر باخی لاھور شێخ جەنگی لە گوندێکی نزیک سلێمانی

08-03-2023 08:20

پەرەگراف

ھێزێکی سەربازیی ئێوارەی ئەمڕۆ چوونەسەر باخێکی لاھور شێخ جەنگی لە گوندی کێلەسپی لە نزیک شاری سلێمانی.

سەرچاوەیەکی ئەمنیی یەکێتی بە پەرەگرافی وت "ئەو ھێزە لەسەر بنەمای زانیاریی پێشوەختە لەسەر ھەبوونی چەک و چەکداری ڕاھێنراو لە چەند باخێکدا چوونەتەسەر ئەو باخەو دەستیان بەسەر ژمارەیەک چەکدا گرتوەو چەند کەسێکیان دەستگیر کردووە"، بەڵام نووسینگەی لاھور شێخ جەنگی ئەم زانیارییە ڕەت دەکاتەوە.

ھاوکات ئاسایشی سلێمانی ڕایگەیاند، ئەو باخانە "چەندین كەسی لە یاساهەڵهاتووش خۆیان تێدا حەشارداوە" تێشیاندا دەستگیراوەبەسەر "چەندین لولەی بێدەنگی چەك (كاتم سەوت)، دەرمانی نایاسایی و بەڵگە دروستكردنی هێزی نایاسایی لەدەرەوەی یاسا بەركارەكانی هەرێمداگیرا. هەروەها چەندین تۆمەتباریش دەستگیركران كە بەشێكیان پێشتر لەلایەن دادگاوە داواكراوبوون".

لایخۆیەوە نووسینگەی لاھور شێخ جەنگی ڕایگەیاند  "ئەو باخە دوو ساڵە بەکار نەهاتووە و هیچ هێزێکیشی لێ نییە، تەنیا چەند کەسێک کە خەڵکی ئەوناوچەیەن وەک کارگوزار و باخەوان کاریان کردووە".

"لەگەڵ ئەوەی سەلامەتیی ژیانی ئەو کەسانەی لەو باخە کاریان کردووە دەخەینە ئەستۆی بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی، لەهەمانکاتدا هەموو ڕێکارێکی پێویست دەگرینە بەر دژی ئەو یاساشکێنییە، سەرۆکایەتیی هەرێم و حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتی دادوەری ولایەنە پەیوەندیدارەکان و کونسوڵخانەی وڵاتان و دیبلۆماتکاران و نەتەوەیەکگرتووەکان لەم کارە مەترسیدارە ئاگادار دەکەینەوە کە لەسەردەستی ئەو تاقمە لە سنوری پارێزگای سلێمانی دەستی پێکردووە و ئاسایش و ئارامیی هاووڵاتییان و کار و پیشەی کاسبکاران و جوڵەی بازرگانەکان خراوەتە مەترسییەوە" نووسینگەی لاھور شێخ جەنگی وادەڵێت.

دەقی ڕوونکردنەوەیەک لە نوسینگەی لاهور شێخ جەنگییەوە لەبارەی ئەو ڕووداوە

وەک ئاشکرایە لە دوای ڕووداوەکانی ٨ـی تەمووزەوە بەڕێز لاهور شێخ جەنگی بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی حیزبەکەی پەنای بردۆتە بەر یاسا و هەموو هەوڵێکیشی بەو ئاڕاستەیە بووە، بەڵام لە دوای ڕاگەیاندنی بڕیاری دادگا و گەڕانەوەی مافەکانی وەک هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، گروپ و تاقمێکی لە یاسادەرچوو کە دەستیان سوورە بە شەهیدکردنی چەند هەڤاڵێکمان هەوڵی ئاژاوەگێڕیی دەدەن، هەر بۆیە ئێوارەی ئەمڕۆ ئەو گروپە لە یاسادەرچووە لە ڕێگەی هێزێکی چەکدارەوە بە بێ فەرمانی دادوەر و بێ هیچ بیانوویەک هەڵیانکوتاوەتە سەر باخی بەڕێز لاهور شێخ جەنگی لە گوندی کێلەسپی لە شاری سلێمانی، لە کاتێکدا ئەو باخە دوو ساڵە بەکارنەهاتووە و هیچ هێزێکیشی لێ نییە، تەنیا چەند کەسێک کە خەڵکی ئەو ناوچەیەن وەک کارگوزار و باخەوان کاریان کردووە.

لەگەڵ ئەوەی سەلامەتیی ژیانی ئەو کەسانەی لەو باخە کاریان کردووە دەخەینە ئەستۆی بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی، لەهەمانکاتدا هەموو ڕێکارێکی پێویست دەگرینە بەر دژی ئەو یاساشکێنییە، سەرۆکایەتیی هەرێم و حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتی دادوەری و لایەنەپەیوەندیدارەکان و کونسوڵخانەی وڵاتان و دیبلۆماتکاران و نەتەوەیەکگرتووەکان لەم کارە مەترسیدارە ئاگادار دەکەینەوە کە لەسەر دەستیئەو تاقمە لە سنوری پارێزگای سلێمانی دەستی پێکردووە و ئاسایش و ئارامیی هاووڵاتییان و کار و پیشەی کاسبکاران و جوڵەی بازرگانەکان خراوەتە مەترسییەوە.

دووپاتیدەکەینەوە کە ئەو تاقمە لە یاسادەرچووە باجی ئەو کارە نابەجێ و ناپەسەندەیان دەدەن و پیلانەکانیشیان لە زووترین کاتدا پووچەڵ دەکرێتەوە، هەموو یەکێتییەکان و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانیش دڵنیا دەکەینەوە کە ئەو کارانە بەڕێز لاهور شێخ جەنگی سوورتر دەکات لە هەوڵەکانی بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو بارە لارەی کە ئەو تاقمە لە یاسادەرچووە بەسەر یەکێتی و دەڤەری سلێمانیدا سەپاندوویانە.

نوسینگەی بەرێز لاهور شێخ جەنگی

هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان

 

دەقی ڕوونکردنەوەی ئاسایشی سلێمانی لەسەر ئەو ڕووداوە

دوای دەستكەوتنی زانیاری و بەڵگەی پێویست لەسەر چەند جێگا و باخێكی جیاواز لە سنووری سلێمانی كە كاری نایاسایی تێدادەكرێت وچەندین كەسی لە یاساهەڵهاتووش خۆیان تێدا حەشارداوە.

پاش لێكۆڵینەوەی ورد، پاڵپشت با یاسا و دەسەڵاتی دادوەری، بڕیاردرا سەرجەم ئەو باخ، شوێن و جێگایانەی كە بۆ مەرامی كارینایاسایی، خراپەكاری و كۆكردنەوەی هێز لەدەرەوەی دامەزراوە فەرمییەكان بەكارهێنراوە دەستی بەسەردابگیرێت.

دوای رەزامەندی بەڕێز دادوەری تایبەتمەند هێزێكی هاوبەش لە هێزە ئەمنییەكان ئێوارەی رۆژی چوارشەممە٨/٣ / ٢٠٢٣ لە سنووریسلێمانی دەستیان بەسەر چەند باخێكدا گرت و دوای پشكنین و گرتنەبەری رێكاری یاسایی، دەست بەسەر چەندین لولەی بێدەنگی چەك(كاتم سەوت)، دەرمانی نایاسایی و بەڵگە دروستكردنی هێزی نایاسایی لەدەرەوەی یاسا بەركارەكانی هەرێمدا گیرا.

هەروەها چەندین تۆمەتباریش دەستگیركران كە بەشێكیان پێشتر لەلایەن دادگاوە داواكراوبوون.

بۆ هەموولایەكیشی رووندەكەینەوە ئەم كەیسە رێڕەوی یاسایی وەرگرتووە و لێكۆڵینەوەی زیاتر لەو بارەیەوە دەستیپێكردووە.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی