پەرەگراف
كەشناسیی هەرێم بڕی بارانبارینی 24 كاتژمێری ڕابردووی بڵاو كردەوە. زۆرترنی بڕی باران لە قەرەداغ باریوە كە 198 ملیمە. كەشناسی دەڵێت "شەپۆلی بارانبارین لە ئێوارەی ئەمڕۆ كۆتایی دێت.
زۆرترین بڕی بارانبارین لە كاتژمێر نۆی بەیانیی دوێنێ تا كاتژمێر نۆی ئەمڕۆ، بەم جۆرە بووە "قەرەداغ : 198 ملم، بەرزنجە : 175.7 ملم، پێنجوێن : 133.6 ملم، چوارتا : 133 ملم، قڕگە : 105 ملم و سلێمانی : 104 ملم".
بەپێی پێشبینییەكانی كەشناسیی هەرێم، ئەمڕۆ "ئاسمان لە زۆربەی ناوچەكان هەور دەبێت، لەگەڵ ئەگەری دابارینی نمەباران لە زۆربەی ناوچە شاخاوییەكاندا وە بەفرێكی كەم لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەكانی باكووری خۆرهەڵاتی هەرێم".
"لە كاتەكانی ئێوارەدا كاریگەریی ئەم شەپۆلە دابارینەی كە هەندێ لە ناوچەكانی هەرێم گرتبووەوە، لاواز دەبێت و كەش لە زۆربەی ناوچەكان جیگیر دەبێتەەوە"، كەشناسی وا دەڵێت.
سەبارەت بە پێشبینییەكان بۆ سبەینێش، كەشناسیی هەرێم دەڵێت "ئاسمان بەگشتی لەنێوان هەور و نیمچەهەور دەبێ، ئەگەری كەمێك نمەباران هەیە بەتایبەتی لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەكانی باكوور و باكووری خۆرهەڵات. پلەكانی گەرما بەراورد بە تۆماركراوەكانی ئەمڕۆ (1-3) پلە بەرز دەبێتەوە".
بەرزترین پلەكانی گەرمای پێشبینیكراو:
هەولێر : 21 پلەی سیلیزی
سلێمانی : 17 پلەی سیلیزی
دهۆك : 19پلەی سیلیزی
كەركووك : 24 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە : 19 پلەی سیلیزی
زاخۆ : 20 پلەی سیلیزی
سۆران : 18 پلەی سیلیزی
گەرمیان : 22 پلەی سیلیزی