پەرەگراف
بڕیارە سبەینێ دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی و یەکێتی پێکەوە لەگەڵ ھەریەکە لە دەزگای ھەڵبژاردنی گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو کۆببنەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە پەرەگرافی وت "کۆبوونەوەکە لەسەر پرسی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆنە بە ئامانجی ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لەمساڵدا".
ئەوەش دوای ئەوەدێت دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی و یەکێتی لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا لەسەر زۆربەی ناکۆکییەکان گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن، ئەو دوو حیزبە ڕێککەوتوون هەرێمی كوردستان بكرێت بە چوار بازنەی هەڵبژاردن و هەڵبژاردنەکە نیوەی بە لیستی كراوە و نیوەی بە لیستی داخراوبێت، بەڵام ١١ کورسییەکەی پێکهاتەکان وەک خاڵی سەرەکی ناکۆکیی نێوانیان ماوەتەوە.
کۆبوونەوەکان لەکاتێکدان فشارە نێودەوڵەتییەکان لەسەر دەسەڵاتدارانی هەرێم بەردەوامن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەماوەی ئەمساڵدا.