ڕاپۆرتی ڕێكخراوی هەنگاو: ١٣٤ هاووڵاتیی كورد لە شۆڕشی ژینا ئەمینیدا گیانیان لەدەست داوە

11-03-2023 04:44

پەرەگراف

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە خۆپیشاندانەكانی پاش گیانلەدەستداتی ژینا ئەمینی، ١٣٤ هاووڵاتیی كورد "بە دەستی هێزەكانی حكوومەتی ئێران لە سەرتاسەری شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و چەند شارێكی ئێران گیانیان لەدەست داوە". هەروەها ٢٢ كەس لە هێرشەكانی ئێران بۆ سەر بارەگاكانی حیزبە ئۆپۆزسیۆنەكان لەناو خاكی هەرێم گیانیان لەدەست داوە.

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو كە چاودێریی ڕەوشی مافەكانی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەكات، لە دوایین ڕاپۆرتی كە ئەمڕۆ بڵاوی كردەوە، پەیوەست بە ئاماری خۆپیشاندانەكان دەڵێت "١١٤ كەس بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی حكوومەت و ٩ كەس لەژێر ئەشكەنجەدا گیانیان لەدەست داوە".

بەپێى ڕاپۆرتەکە، لەناو ئەو کەسانەى کە لە خۆپیشاندانەکاندا گیانیان لەدەست داوە، طپێنج ژن و كچێكی منداڵ، هەروەها لانی كەم ١٣ منداڵ و مێرمنداڵی تەمەن ژێر ١٨ ساڵ گیانیان لەدەست داوە".

هەنگاو دەشڵێت "بەهۆی هێرشی هاژەكی و درۆنیی سوپای پاسداران بۆ سەر حیزبە كوردستانییەكان لەناو خاكی باشووری كوردستان، بە بیانووی ڕێكخستنی ناڕەزایەتییەكانی كوردستان، لانی كەم ٢١ ئەندامی ئەم حیزبانە و هاووڵاتییەكیی باشووری كوردستان گیانیان لەدەست داوە".

دەقی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو:

بەپشت بەستن بە ئاماری تۆماركراو لەلایەن تیمی لێكۆڵینەوەی هەنگاو لەسەرەتای دەستپێكی شۆڕشی ژیناوە ١٣٤ هاووڵاتیی كورد لەلایەن هێزەكانی حكوومەتەوە لە سەرتاسەری شارەكانی كوردستان و چەند شارێكی ئێران كوژراون. هەروەها بەهۆی هێرشی هاژژەكی و دڕۆنی سوپای پاسداران بۆ سەر حیزبە كوردستانییەكان لە ناو خاكی باشووری كوردستان بە بیانووی ڕێكخستنی ناڕەزایەتییەكانی كوردستان، لانی كەم ٢١ ئەندامی ئەم حیزبانە و هاووڵاتییەكیی باشووری كوردستان گیانیان لەدەست داوە.

پۆلێنبەندی بەپێی شێوازی كوژران:

تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی حكوومەت؛ ١١٤ حاڵەت بەرانبەر بە ٨٥٪ كۆی گشتی.

كوژران لەژێر ئەشكەنجەدا؛ ٩ حاڵەت بەرانبەر بە ٦.٥٪ كۆی گشتی.

كوژران بەهۆی لێدانی باتۆم؛ ٦ حاڵەت بەرانبەر بە ٤.٥٪ كۆی گشتی.

كوژران بە چەقۆ؛ ١ حاڵەت بەرانبەر بە ٠.٨٪ كۆی گشتی.

خنكان بەهۆی بەركەوتن بە گازی فرمێسك ڕێژ؛ ١ حاڵەت بەرانبەر بە ٠.٨٪ كۆی گشتی.

كوژران بە ژێرخستنی ئۆتۆمبێل؛ ١حاڵەت بەرانبەر بە ٠.٨٪ی كۆی گشتی

سێدارە؛ ١ حاڵەت بەرانبەر بە ٠.٨ی كۆی گشتی.

نادیار؛ ١ حاڵەت بەرانبەر بە ٠.٨٪ ی كۆی گشتی.

پۆلێنبەندی بەپێی پارێزگاكان:

پارێزگای سنە؛ ٤٣ حاڵەت

پارێزگای ئورمیە؛ ٤٩ حاڵەت

پارێزگای كرماشان؛ ٢١ حاڵەت

پارێزگای ئیلام؛ ٢ حاڵەت

پارێزگای خوراسان ڕەزەوی؛ ٢ حاڵەت

پارێزگای تاران؛ ٨حاڵەت

پارێزگای ئەلبۆرز؛ ٦ حاڵەت

پارێزگای قەزوین؛ ١ حاڵەت

پارێزگای هەمەدان؛ ١ حاڵەت

پارێزگای مەركەزی؛ ١ حاڵەت

ئاشكراكردنی ناسنامەی ژمارەیەكی دیكە لە كوژراوان:

لە دوایین ڕاپۆرتی هەنگاودا، ناسنامەی شەش هاووڵاتیی دیكەی كورد كە لە ڕەوتی بەرخۆدان و ڕاپەڕینی جەماوەریی لەلایەن هێزەكانی حكوومەتەوە كوژرابوون، لەدوای تەواوبوونی لێكۆڵینەوەكان بە لیستی گیان بەختكردوانی شۆڕشی ژینا زیاد كرا.

عەلیڕەزا كاكامحەممەدی خەڵكی هەرسین كە لە تاران كوژرا، عەلیڕەزا حوسێنی خەڵكی كرماشان كە لە تاران كوژرا، محەممەدئەمین حەشمەتیان خەڵكی سونقوڕ كە لە كەرەج كوژرا، سەید محەممەد حوسێنی خەڵكی سەقز، هێمن حەمزە خەڵكی سەردەشت و مەتین نەسری خەڵكی سنە ئەو شەش هاووڵاتییەن كە لە ڕاپۆرتەكانی پێشووتری هەنگاودا ناویان لە لیستی گیانبەختكردواند تۆمار نەكردبوو و دوای تەواوبوونی لێكۆڵینەوەكان و وەرگرتنی زانیاری ناوەكانیان لە لیستی ناوبردوو تۆماركرا.

ژنان و منداڵان؛ ٦ ژن و ١٣ منداڵ و مێرمنداڵ لە نێو لیستی كوژراواندا؛

لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا لانی كەم ٥ ژن و كچێكی منداڵ بەناوەكانی مینۆ مەجیدی خەڵكی قەسری شیرین، نگین عەبدولمەلەكی خەڵكی قوروە، كوبرا شێخ سەقا خەڵكی مەهاباد، سارینا ساعێدی خەڵكی سنە، فریشتە ئەحمەدی خەڵكی سەردەشت و نەسرین قادری خەڵكی مەریوان گیانیان لەدەست داوە.

سێ كەسیان بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حكوومەتییەكان و سێ كەسی دیكەیان بە لێدانی باتۆم لەسەریان گیانیان لەدەست داوە.

هەروەها لانی كەم ١٣ منداڵ و مێرمنداڵی تەمەن ژێر ١٨ ساڵ بەناوەكانی زەكەریا خەیال تەمەن ١٦ ساڵ، ئەمین مەعرەفەت تەمەن ١٦ ساڵ، عەبدوڵڵا محەممەدپوور تەمەن ١٦ ساڵ، ئەمیر فولادی تەمەن ١٥ ساڵ، ئەمیر حوسێن بەساتی تەمەن ١٥ ساڵ، عەلی موزەفەری سالانقوچ تەمەن ١٧ ساڵ، نیما شەفیق دوست تەمەن ١٦ ساڵ، ئارمین سەیادی تەمەن ١٨ ساڵ، سارینا ساعێدی تەمەن ١٦ ساڵ، كۆمار دەرئوفتادە تەمەن ١٦ ساڵ، دانیال پایبەندی تەمەن ١٧ ساڵ، بەهادین وەیسی تەمەن ١٦ ساڵ و كاروان قادرشوكری تەمەن ١٦ لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا كوژراون. ١٢ كەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی حكوومەت گیانیان لەدەست داوە و یەك كەسیان بە لێدانی باتۆم لەسەری گیانی لەدەست داوە.

شیاوی ئاماژەپێدانە كە هەنگاو لە ڕاپۆرتی پێشووتری خۆیدا ڕایگەیاندبوو كە موئمن زەندی كەریمی تەمەن ١٨ ساڵ و خەڵكی سنە و ڕەزا كازمی خەڵكی موژژ تەمەن ١٦ ساڵ بوون. لەدوای تەواوبوونی لێكۆڵینەوەكانی هەنگاو بۆی پشتڕاست بووەتەوە كە موئمن زەند كەریمی تەمەن ١٩ ساڵ و ڕەزا كازمی تەمەن ٢٢ ساڵ بوون. هەر لێرەدا داوای لێبوردن لە هەموو بەردەنگەكانمان دەكەین.

ئەشكەنجە؛ لانی كەم ٩ هاووڵاتیی لە ژێر ئەشكەنجەدا كوژراون

بەپێی لێكۆڵینەوەكان، لانی كەم ٩ هاووڵاتیی دوای ڕفاندنیان لەلایەن ناوەندە حكوومەتییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران لە ژێر ئەشكەنجەی هێزەكانی حكوومەتدا كوژراون.

ئیسماعیل دزوار خەڵكی سەقز، محەممەد عەبدوڵڵاهی خەڵكی ئیلام، ڕامین فەتحی خەڵكی سنە، سامان قادرپوور خەڵكی شنۆ، ئومێد حوسێنی خەڵكی سنە، هێمن ئەمان خەڵكی بۆكان، شادمان ئەحمەدی خەڵكی دێولان، شەهریار عادلی خەڵكی سەردەشت و محەممەد حاجی ڕەسوڵ پوور خەڵكی بۆكان، ناوی ئەو كەسانەیە كە لەدوای دەستبەسەركرانیان لەلایەن هێزەكانی حكوومەتەوە لەژێر ئەشكەنجەدا كوژراون.

بارودۆخی ئەو كەسانەی كە دەستبەسەر یاخود بە زۆرەملێی ڕفێندراون:

لەسەر بنەمای ئەكسیۆنی یاسایی لە پەیوەندی لەگەڵ دەستبەسەركران، دەبێت تۆمەتبار بە لەبەرچاوگرتنی هەموو مافە یاساییەكانی پێكهاتوو لە بڕیاری دادگا، ئاگاداركردنەوەی بنەماڵە، دەست ڕاگەیشتن بە چارەسەری پزیشكی، ڕاوێژكاری یاسایی و پارێزەر و ڕوونكردنەوەی تۆمەتە سەپێندراوەكان بەسەریدا، بۆ یەكێك لە بەندیخانە فەرمییەكانی تۆماركراو لە لیستی ڕێكخراوی بەندیخانەكانی وڵات بگواسترێتەوە.

ئەوەی كە لە ڕەوتی شۆڕشی ژیاندا ڕوویداوە، بەرانبەر بە مادەی ٢ی كنوانسیۆنی پشتیوانی لە هاووڵاتییان لەبەرانبەر ڕفاندنی زۆرەملێی، تاوانێكی ترسناكە كە لە یاسا نێونەتەوەییەكانی تاوانەكان، وەك تاوان هەژماردەكرێت.

هەرچەندە دەوڵەتی ئێران نەبووەتە ئەندامی ئەم كنوانسیۆنە، بەڵام پێناسەكردن و جێبەجێكردن و لەبەرچاوگرتنی ئەم یاساییە بەشێوەیەكی گشتی لایەنێكی نەریتی هەیە و پێویستە دەوڵەتەكان پابەندی بن.

شیاوی ئاماژەپێدانە كە تەنانەت بەپێی یاساكانی كۆماری ئیسلامی، تۆمەتبار لەدوای دەستبەسەركرانی هەموو ئەم مافانەی هەیە. بەڵام ئەوەی ئێمە دەیبینین پێشێلكردنی هەموو پێوەر و لایەنەكانی مافە نێونەتەوەییەكانە لەلایەن هێزەكانی حكوومەتەوە.

دوای تێپەڕینی پێنج مانگ بەسەر دەستپێكی خۆپیشاندانەكان، زیاتر لە ٧٥٠٠ هاووڵاتیی كورد لەلایەن ناوەندە حكوومەتییەكانەوە دەستبەسەر یاخود ڕفێندراون، كە لەم بارودۆخەدا تیمی لێكۆڵینەوەكانی هەنگاو توانیویەتی ناسنامەی ٢١٦٧ كەس ئاشكرابكات، كە لەم ژمارەیە ٢٢٠ كەسیان ژن و ١٩١ كەسیان منداڵ و مێرمنداڵن.

دەبێت بگوترێت كە بەپشت بەستن بە لێكۆڵینەوەكان، بەشێوەیەكی سیستامتیك دەستبەسەركراوان لە ژێر ئەشكەنجەی ڕۆحی و جەستەییدان.

لەكۆی ئەو ٢١٦٧ هاووڵاتییە كە ناسنامەیان بۆ هەنگاو ئاشكرابووە، (٧٧٦) كەسیان خەڵكی پارێزگای سنەن. هەروەها (٦٦٠) كەسیان خەڵكی پارێزگای ئورمیە، (٣٦٠) كەسیان خەڵكی پارێزگای كرماشان و (٢٩٠) كەسیان خەڵكی پارێزگای ئیلامن. هەروەها لە شارەكانی ناوەندی ئێران لانی كەم ٨١ هاووڵاتیی كورد لەلایەن ناوەندەكانی حكوومەتەوە ڕفێندراون.

بەپشتبەستن بە ئامارەكانی هەنگاو، زۆرترین ئاماری هاووڵاتییانی ڕفێندراو لە شارەكانی سنە بە هەبوونی ٣٣٤ حاڵەت، پیرانشار بە هەبوونی ١٤٣ حاڵەت، شنۆ بەهەبوونی ١٢٦ حاڵەت، مەهاباد بەهەبوونی ١٢٦ حاڵەت و ئاودانان بەهەبوونی ١٠٨ حاڵەت تۆماركراون.

بارودۆخی یاسایی دەستبەسەركراوان:

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆماركراو لە ناوەندی ئاماری هەنگاو، لەكۆی گشتی ئەو كەسانەی كە لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا لە كوردستان دەستبەسەركراون، هەتا ئێستا ١١١ كەسیان لەلایەن دەزگای دادوەریی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای بەندكران و لێدانی قامچییان بەسەردا سەپێندراوە هەروەها كەسێكیش سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە هەتا ئێستا ١١١ كەس لەم كەسانە سەرجەم سزای ٣٤٣ ساڵ و ٣ مانگ بەندكرانیان بەسەردا سەپێندراوە هەروەها محمەمەد مەهدی كەرەمی سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، كە سزاكەی لە یەكێك لە بەندیخانەكانی كەرەج جێبەجێكرا.

هەروەها ٢٠ كەس لەم ژمارەیە سەرەڕای سزای بەندكران، لەلایەن دەزگای دادوەریی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سەرجەمیان سزای ١٠٧٦ جار لێدانی قامچییان بەسەردا سەپێندراوە.

سەرەڕای ئەم حاڵاتانە، لانی كەم ٩ كەس لە دەستبەسەركراوان تۆمەتی "موحاڕەبە و فەساد فی الارچ"یان بەسەردا سەپێندراوە كە ناوەكانیان بریتین لە پەرهام پەروەری خەڵكی سەقز، پوریا جەواهری خەڵكی كامێران و ٧ هاووڵاتیی خەڵكی شنۆ بەناوەكانی فەرهاد تەهازادە، فەرزاد تەهازادە، فەریاد حەمزەشور، شەهرام مەعرود مەلا، ڕەزا ئیسلام دوست، كاروان شاهی پەروانە و فەرزاد مەحمودپوور.

ئەم تۆمەتە لە یاساكانی كۆماری ئیسلامیدا زۆرجار سزاكەی سێدارەیە.

هێرشی هاژژەكی بۆ سەر حیزبە كوردستانییەكان و گیان لەدەستدانی لانی كەمی ٢١ ئەندانی ئەم حیزبانە

لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا، سەرەڕای ئەو كوشتارە بەرفراوانەی كۆماری ئیسلامی ئێران لە كوردستان دەستی پێكردبوو، لانی كەم چوار جاریش كەمپ و بارەگای حیزبە كوردستانییەكانی "دێموكرات، كۆمەڵە و پاك" لە قوڵایی خاكی باشووری كوردستان داوەتە بەر هێرشی هاژژەكی و دڕۆنی و لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا لانی كەم ٢١ كەس لە پێشمەرگە و ئەندامانی ئەم حیزبانە لە نێویاندا دوو ژن و كۆرپەیەكی یەك ڕۆژ و هاووڵاتییەكی خەڵكی شاری كۆیە سەر بە پارێزگای هەولێر گیانیان لەدەست داوە.

بەرپرسانی نیزامی ئێران چەندین جار ڕایانگەیاندووە كە ئەم هێرشانە بەمەبەستی تۆڵەستاندنەوە و لە وەڵامی بانگەوازەكانی ئەم حیزبانە لە ڕاستای مانگرتنی گشتی لە كوردستان ئەنجامدراون. سەرەڕای كوژرانی ٢١ ئەندامی ئەم حیزبانە، بە دەیان كەسی دیكەش برینداربوون.

چوارشەممە ٦ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (٢٨ی سێپتامبری ٢٠٢٢)

سوپای پاسداران سەرەتا ناوچە سنوورییەكانی باشووری كوردستان لە سیدەكان، حاجی عومران و هەڵگورد تۆپباران كرد و كەڵكی لە دڕۆنی خۆتەقێن وەرگرت. كاتژمێرێك دواتر هێرشی هاژژەكی و دڕۆنی بۆ سەر كەمپ و بارەگاكانی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان، كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی كوردستانی ئێران، پارتی ئازادی كوردستان (پاك) و حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە نزیك شارەكانی هەولێر، سلێمانی و كۆیە ئەنجامدا.

لە ڕەوتی ئەم هێرشەدا ٩ ئەندامی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بەناوی عوسمان فەیزە، ڕەیحانە كەنعانی (ژنێكی دوو گیان)، وانیار ڕەحمانی تەمەن ١ ڕۆژ، هاجر زەرگە، محەممەد خەلیلی، میلاد پیرساحێب، شێركۆ بەرتەنی، عومەر مەحمودزادە و ئەیوب هونەروەر گیانیان لەدەست دا.

هەروەها ٨ ئەندامی پاك بەناوەكانی ئیحسان فەرەجی، ئومید نیكدڵ، یونس غەیاسی، ئاروین سۆهرابی، یەدوڵڵا نوری، سەعید ئومێدی، ئیدریس ئەمجەدی و كامەران ڕۆستەمی لە ئەنجامی هێرشی هاژژەكی و دڕۆنی سوپای پاسداران گیانیان لەدەست دا.

دووشەممە ٢٣ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (١٤ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)

سوپای پاسداران هاوكات لەگەڵ تۆپباران بارەگای حیزبە كوردستانییەكان لە ناوچە سنوورییەكان، بەرەگا و كەمپەكانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، حیزبی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕیكوردستانی ئێران و حیزبی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستانی كردە ئامانجی هێرشە هاژژەكی و دڕۆنییەكانی.

لە ئەنجامی ئەم هێرشانە، لانی كەم سێ ئەندامی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بەناوەكانی ڕێبوار عەبدی، ئاسۆ تەوانا و محەممەد بادروت و هەروەها هاووڵاتییەكی شاری كۆیە گیانیان لەدەست دا.

دووشەممە ٣٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (٢١ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)

سوپای پاسداران بە هاژژەك و دڕۆنی خۆتەقێن هێرشی كردەوە سەر بارەگا و كەمپەكانی حیزبی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان و حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە شاری سلێمانی، كۆیە و بەحركە (كەمپی جەژنیكان). لە ئەنجامی ئەم هێرشانە ئەندامێكی حیزبی دێموكرات بەناوی بێهزاد ئیسكات گیانی لەدەست دا.

سێشەممە ١ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (٢٢ی نۆڤامبری ٢٠٢٢)

هێرشی هاژژەكی سوپای پاسداران بۆ سەر بارەگاكانی پارتی ئازادی كوردستان (پاك) لە پردێ هەڵكەوتوو لە نێوان شاری هەولێر و كەركووك.

شرۆڤەیەكی كورت لەسەر گیانبەختكراوامی شۆڕشی ژینا بەپێی ڕێككەوتنی گیان لەدەست دان

دووشەممە ٢٨ی خەرمانانی ٢٧٢٢ (١٩ی سێپتەمبەری ٢٠٢)

١- موحسین محەممەدی؛ لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی دیواندەرە بە تەقەی ڕاستەوخكی هێزەكانی حكوومەت برینداركرا و دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەیەك لە شاری سنە بەهۆی سەختی برینەكانییەوە گیانی لەدەست دا.

٢- ڕەزا لوتفی؛ لاوی تەمەن ١٩ ساڵ و خەڵكی دێولان، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی حكوومەت كوژرا.

٣- فەرەیدوون مەحموودی؛ لاوی تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵكی سەقز، بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی حكوومەت كوژرا. ئەم هاووڵاتییە بە چەكی ساچمەیی و كڵاشینكۆف پێكرابوو. ناوبراو خێزاندار و باوكی منداڵێك بوو.

سێشەممە ٢٩ی خەرمانانی ٢٧٢٢ (٢٠ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢)

٤- زەكەریا خەیال؛ تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵكی پیرانشار لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە لەلایەن هێزەكانی حكوومەتەوە سەری كرایە ئەمانج و ڕاستەوخۆ گیانی لەدەست دا.

٥-فەرجاد دەروێشی؛ لاوی تەمەن ٢٣ ساڵ و خەڵكی گوندی باڵوو سەر بە شاری ئورمیە لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی لە شەقامی وەلیعەسری ئەم شارە، بەشی ورگ، دڵ و سینگی بەر گوللەی ساچمەیی هێزەكانی دژە شۆڕش كەوت و لە كاتی گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا. ناوبراو سەڵت بوو.

٦- مینوو مەجیدی؛ تەمەن ٦٢ ساڵ، پێڕەوی ئایینی یارسان و خەڵكی قەسری شیرین و دانیشتووی شاری كرماشان بوو. ناوبراو لە جووتسایدی وەحدەتی كرماشان لە پشتەوە لەلایەن هێزەكانی حكوومەتەوە تەقەی لێكرا و گیانی لەدەست دا. بەپێی ڕاپۆرتیی پزیشكی یاسایی ١٦٧ ساچمە بەر لەشی ناوبراو كەوتووە. مینوو مەجیدی خێزاندار و دایكی سێ منداڵ بوو.

٧- ڕەزا شەهپەرنیا؛ لاوی تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵكی كرماشان، لەلایەن هێزە تایبەتەكانەوە (یگان ویژه) بە چەكی ساچمەیی لە بەشی سەر، دەموچاو و سینگ پێكرا و زیاتر لە ١٠٠ گووللەی ساچمەیی بەركەوت و گیانی لەدەست دا. ناوبراو سەڵت بوو و ساڵێك پێشتر خزمەتی زۆرەملێی سەربازی تەواو كردبوو.

چوارشەممە ٣٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (٢١ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢)

٨-فواد قەدیمی، تەمەن ٣٩ ساڵ و باوكی دوو منداڵ كە لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی شاری دیواندەرە بەشی ورگ و دەستی بە چەكی كڵاشینكۆف لەلایەن هێزەكانی حكوومەتەوە پێكرا و بە بەسختی برینداركرا. سێ ڕۆژ دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی كەوسەری سنە بەهۆی سەختی برینەكانییەوە گیانی لەدەست دا.

٩-ئەمین مەعرەفەت؛ مێرمنداڵی تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵكی شنۆ لە نزیك چوارڕێیانی "سەید ئاوا" بەشی سینگ و دڵی كرایە ئامانجی گوللەی هێزە سەركوتكارەكانی سوپای پاسداران و دەستبەجێ گیانی لەدەست دا.

١٠-دانش ڕەهنما؛ لاوی تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵكی گوندی باڵوو سەر بە ئورمیە، دوای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ئەسپەردەكردنی تەرمی فەرجاد دەرویشی لەم گوندە، بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی بەسیج كوژرا.

١١- سەدرەدین لێتانی؛ لاوی تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵكی شنۆ، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە لە نزیك چوارڕێیانی "سەیداوێ" كرایە ئامانجی هێزەكانی سوپای پاسداران و گوللە بەر سەر و سینگی كەوت و ڕاستەوخۆ گیانی لەدەست دا. ناوبراو سەڵت بوو.

١٢- میلان حەقیقی، لاوی تەمەن ٢١ ساڵ و لەدایكبووی شاری گۆتنبێرگی سوید، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی شاری شنۆ لە نزیك چوارڕێیانی "سەیداوێ" بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی سوپای پاسداران پێكرا سێ گوللەی چەكی كڵاشینكۆف بەر شان و ڕانی كەوت و گیانی لەدەست دا.

١٣- عەبدوڵڵا محەممەدپوور، مێرمنداڵی تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵكی گوندی باڵوو سەر بە ئورمیە، دوای ڕێوڕەسمی ئەسپەردەكردنی تەرمی فەرجاد دەروێشی لەم گوندە و لەكاتی گەڕانەوە بۆ ماڵ بەتەقی ڕاستەوخۆی هێزەكانی بەسیج كوژرا.

١٤- سەعید محەممەدی؛ لاوی تەمەن ٢١ ساڵ و خەڵكی شاباد، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی سوپای پاسداران گیانی لەدەست دا. ناوبراو سەڵت بوو.

١٥- ئەمیر فوولادی، مێرمنداڵی تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵكی شاباد، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی سوپای پاسداران كوژرا.

١٦- ئیمان محەممودی: لاوی تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵكی شاباد، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی سوپای پاسداران كوژرا. ناوبراو سەڵت بوو.

١٧- موحسین قەیسەری؛ لاوی تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵكی ئیلام لە بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە لە مەودایەكی نزیكەوە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە تایبەتەكان (یگان ویژه) كوژرا. ناوبراو سەڵت بوو و گوللە بەر سەر سینگی كەوتبوو.

١٨- عەلیڕەزا فەتحی؛ لاوی تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵكی سونقوڕ، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی شاری قەزوین لەدژی كوژرانی ژینا ئەمینی، لە شەقامی سەنعەتی ئەلوەند كەوتە بەر دەستڕێژی هێزەكانی حكوومەت، سكی پێكرا و گیانی لەدەست دا.

١٩- ئەمیر حوسێن بەساتی؛ مێرمنداڵی تەمەن ١٥ ساڵ و خەڵكی كرماشان. لە شەقامی مامۆستا (مدرس)ی ئەم شارە لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە تایبەتەكان (یگان ویژه) كوژرا. ناوبراو زیاتر لە ٧٠ گوللەی ساچمەیی بەر پشتی كەوتبوو. بنەماڵەی ئەم مێرمنداڵە دوای ٨ ڕۆژ توانیبوویان تەرمی كوڕەكەیان لە نەخۆشخانەی تالقانی وەربگرنەوە و لە گوندی دارخور حەسەن ئاباد ئەسپەردەی بكەن.

٢٠- عەلی موزەفەر سالانقوچ؛ مێرمنداڵی تەمەن ١٧ ساڵ، خەڵكی قوچان و یاریزانی تیمی والیباڵی مێرمنداڵانی سایپای تاران، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە، كەوتە بەر دەستڕێژی ڕاستەوخۆی هێزە سەركوتكارەكانی حكوومەت و گوللە بەر بەشی سكی كەوت و كوژرا. تەرمی ناوبراو دوای ٤ ڕۆژ و لە بەرانبەر ٥٠ ملیۆن تمەن بە بنەماڵەكەی ڕادەستكرایەوە.

٢١- ڕۆزبێ خادمیان؛ لاوی تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵكی سونقوڕ لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ناوچەی فەردیس لە شاری كەرەج لەلایەن هێزەكانی سوپای پاسدارانەوە كوژرا. ئەم لاوە لە مەودایەكی نزیكەوە بەشی كەمەر و شانی كرابووە و ئامانج و ٤ گوللەی بەركەوتبوو.

٢٢- محەممەد زارعی؛ لاوی تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵكی سونقوڕ، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی گەڕەكی باقراوای ی شاری قرچك ورامین لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی حكوومەت بە سەختی برینداربوو و لەكاتی گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.

٢٣- مەهدی بەبرنژاد؛ لاوی تەمەن ٢٣ ساڵ و خەڵكی شاری قوچان سەر بە پارێزگای خوراسان ڕەزوی، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی حكوومەت بە سەختی برینداركرا. ناوبراو دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە و بەهۆی درەنگ گواستنەوەی بۆ ژووری نەشتەرگەری گیانی لەدەست دا.

٢٤- عیرفان خەزایی؛ لاوی تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵكی كەنگەڤەر، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی شەهریاری كەرەج كەوتە بەر تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی حكوومەت و سەری پێكرا، دەست بەجێ گیانی لەدەست دا.

دووشەممە ٤ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (٢٦ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢)

٢٥- عەبدولسەلام قادر گەڵوان، خەڵكی شنۆ لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی شەوی چوارشەممە ٣٠ی خەرمانان لە نزیك چوارڕێیانی سەیداوای ئەم شارە لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی حكوومەت بە سەختی برینداربوو. دوای تێپەڕاندنی ٦ ڕۆژ لە نەخۆشخانەی خومەینی شاری ئورمیە بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لەدەست دا.

چوارشەممە ٦ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (٢٨ی سێپتامبری ٢٠٢٢)

٢٦- سەمەد بەرگی نیا؛ هاوڵاتیی تەمەن ٥٢ ساڵ و خەڵكی پیرانشار كە شەوی سێشەممە ٢٩ی خەرمانان لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە بە سەختی برینداركرابوو، لە نەخۆشخانەی خومەینی ئورمیە بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لەدەست دا. ناوبراو ٥٢ گوللەی ساچمەیی بەر دەموچاوی كەوتبوو، بەڵام پزیشكی یاسایی ڕایگەیاندبوو كە سەمەد بەرگی نیا بەهۆی بەركەوتنی تەنی قورس بە سەری گیانی لەدەست داوە. شیاوی ئاماژە پێكرانە كە ناوبراو دوای برینداركرانی، كەوتبووە بەر لێدان و كووتانی هێزەكانی حكوومەت.

شەممە ٩ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (١ی ئۆكتۆبەری ٢٠٢٢)

٢٧- موختار ئەحمەدی؛ لاوی تەمەن ١٩ ساڵ و خەڵكی مەریوان، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی حكوومەت كوژراو و كاتژمێر ٢ی بەرەبەیان لە ژێر گووشاری ناوەندە ئەمنییەكان و بە ئامادەبوونی كەمتر لە ٢٠ كەس لە ئەندامانی بنەماڵە و خزم و كەسوكارەكەی تەرمی ناوبراو ئەسپەردە كرا. ناوبراو خەریكی كاری دەستفرۆشی بووكەشووشە لە شەقامەكان بوو و لەم ڕێگاوە بژێوی ژیانی خۆی و بنەماڵەكەی دابین دەكرد.

سێشەممە ١٢ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (٤ی ئۆكتۆبەری ٢٠٢٢)

٢٨- نیما شەفیق دوست؛ مێرمنداڵی تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵكی سەڵماس كە لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئورمیە لە شەوی ٣٠ی خەرمانان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی حكوومەت لاقی بریندار بووبوو، دوای ١٢ ڕۆژ بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لەدەست دا. ئەم مێرمنداڵە لە دوای برینداربوونی لە ترسی دەستبەسەركرانی بۆ نەخۆشخانە نەگواسترابووەوە و ڕۆژی ١٢ی ڕەزبەر كاتژمێرێك دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە بەهۆی هەوكردنی برینەكەیەوە گیانی لەدەست دا.

شیاوی ئاماژەپێدانە كە سەرهەنگ حەسەن شێخی، فەرماندەی نیزامی ئورمیە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی مردنی ئەم مێرمنداڵە ڕایگەیاندبوو كە ناوبراو بەهۆی گازلێگرتنی لەلایەن سەگەوە گیانی لەدەست داوە. دوای ماوەیەك دایكی نیما بە بڵاوكردنەوەی ڤیدییۆییەك ئەم قسانەی حەسەن شێخی وەدرۆ خستەوە.

شەممە ١٦ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (٨ی ئۆكتۆبەری ٢٠٢٢)

٢٩- داریوش عەلیزادە؛ تەمەن ٣٣ ساڵ و خەڵكی سنە، لە نزیكی تەپەی بەهارستانی ئەم شارە بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی حكوومەتی، كەمەر و ڕانی پێكرا و بە سەختی بریندار بوو. ناوبراو دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی بەعسەت بەهۆی سەختی برینەكانییەوە گیانی لەدەست دا.

بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، هێزەكانی حكوومەت ناوبراویان بە برینداری داوەتەوە بەر لێدان و كووتان.

٣٠- پەیمان مینبەری؛ هاووڵاتیی تەمەن ٢٥ ساڵ، خەڵكی گوندی نییەر و دانیشتووی شاری سنە، لە نزیك پردی مەردۆخ بە دەمانچەی كۆڵت لەلایەن هێزەكانی حكوومەتەوە كرایە ئامانج. ناوبراو لە پشتەوە گوللەی بەركەوتبوو بە شێوەیەك كە گوللەكە لە سینگییەوە هاتبووە دەر. لە وەفاتنامەی پەیمان مینبەریدا هۆكاری مردنەكەی بە بەركەوتنی بە تەنی قورس یان تیژ نووسراوە.

٣١- محەممەد ئەمینی؛ لاوی خەڵكی گەڕەكی "تەقتەقان"ی شاری سنە، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی حكوومەت كوژرا.

٣٢- یەحیا ڕەحیمی، كرێكاری تەمەن ٣١ ساڵ و خەڵكی سنە، لە شەقامی شەشی بەهمەنی ئەم شارە و لە كاتێكدا شۆفێری دەكرد، لە مەودایەكی نزیكەوە لەلایەن هێزە (لیباس شەخسییەكان) سەری كرایە ئامانج و ڕاستەوخۆ دوای پێكرانی بە گوللەی ئەم هێزانە گیانی لەدەست دا. لە وەفاتنامەی یەحیا ڕەحیمیدا هۆكاری مردنەكەی بەهۆی شكان و وردبوونی كەللەسەر و بەركەوتنی شتێكی هاوێژراوی خێرا نووسراوە.

یەكشەممە ١٧ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (٩ی ئۆكتۆبەری ٢٠٢٢)

٣٣- ئیسماعیل دزوار؛ تەمەن ٣٣ ساڵ و خەڵكی سەقز، لەلایەن هێزەكانی ئیتلاعاتی سوپاوە ڕفێندرا و دوای چەند كاتژمێرێك لە ژێر ئەشكەنجەدا گیانی لەدەست دا. شیاوی ئاماژە پێدانە كە بنەماڵەی دزوار لە ژێر گووشاری ناوەندە ئەمنییەكاندا ناچاركرابوون كە لە پۆستێری ڕاگەیاندنی پرسەكەیدا هۆكاری مردنەكەی بە ڕووداوی هاتووچۆ بنووسن.

دووشەممە ١٨ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (١٠ی ئۆكتۆبەری ٢٠٢٢)

٣٤- ئارین موریدی؛ لاوی تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵكی شاری سەلاسی باوەجانی، شەوی یەكشەممە ١٧ی ڕەزبەر لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی حكوومەت بە سەختی برینداربوو و دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەیەك لە شاری كرماشان بەهۆی سەختی برینەكەیەوەی گیانی لەدەست دا. ئەم لاوە سینگ و ملی بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی حكوومەت پێكرابوو.

چوارشەممە ٢٠ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (١٢ی ئۆكتۆبەری ٢٠٢٢)

٣٥- ئارمین سەیادی؛ لاوی تەمەن ١٨ ساڵ و خەڵكی كرماشان لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە لە گەڕەكی دەڕەدریژ بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەركوتكارەكان سوپای پاسداران كوژرا. ئەم لاوە سینگ و كەلەكی بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی حكوومەت پێكرابوو.

٣٦- سینا نادری؛ لاوی تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵكی كرماشان لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە و لە گەڕەكی دەڕەدریژ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەركوتكارەكانی سوپای پاسدادان كوژرا. گوللە بەر سینگ و قۆڵی ئەم لاوە كەوتبوو.

٣٧- عەزیز مورادی؛ هاووڵاتیی خەڵكی سنە كاتژمێر ٢٢ی شەوی چوار شەممە ٢٠ی ڕەزبەر لە گەڕەكی نایسەری ئەم شارە كەوتە بەر دەستڕێژی هێزەكانی حكوومەت و ڕان و ورگی پێكرا. ناوبراو دوای گواستنەوەی بۆ ناوەندە دەرمانییەكان بەهۆی سەختی برینەكانییەوە گیانی لەدەست دا.

٣٨- كەماڵ فەقیهی؛ هاووڵاتیی تەمەن ٤٦ ساڵ و خەڵكی بۆكان لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە و لە كاتێكدا كە لەسەربانی ماڵەكەی لە گەڕەكی "حسار" ڕاوەستابوو، كەوتە بەر دەستڕێژی هێزەكانی حكوومەت و بەسەختی برینداربوو، ناوبراو دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی "قۆلی پوور"ی ئەم شارە گیانی لەدەست دا. كەماڵ فەقیهی سەری كرابووە ئامانجی تەقەی هێزەكانی حكوومەت، بەڵام پزیشكی یاسایی هۆكاری مردنی ناوبراوی بە "بەركەوتن بە تەنی سەخت" ڕاگەیاندووە.

٣٩- محەممەد عەبدوڵڵاهی؛ تەمەن ٣٦ ساڵ و خەڵكی ئیلام، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە، لەبەرانبەر بینایی فەرمانداری لەلایەن هێزەكانی حكوومەتەوە دەستبەسەركرا و دوای چەند كاتژمێرێك لەژێر ئەشەكەنجەدا گیانی لەدەست دا. ناوەندە ئەمنییەكان دوای ناچاركردنی باوكی ناوبراو بۆ پێدانی بەڵێنی نووسراو لە ڕاستای ڕاگەیاندنی هۆكاری گیان لەدەستدانی كوڕەكی بە مردنی سروشتی، تەرمەكەیان ڕادەست كردوونەتەوە.

٤٠- نگین عەبدولمەلەكی؛ لاوی تەمەن ٢١ ساڵ و خوێندكاری بەشی پیشەیی زانكۆی هەمەدان لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە بەهۆی لێدرانی باتۆم لەسەری لەلایەن هێزەكانی حكوومەتەوە، دوای گەڕانەوەی بۆ نووستنگە گیانی لەدەست دا. میدیاكانی سەر بە حكوومەت هۆكاری مردنی ئەم كچە خوێندكارەیان بە خواردنەوەی خواردنەوە كحولییەكان ڕاگەیاند و باوكیان ناچاركرد كە لە بەرامبەر كامێرادا هەواڵی كوژرانی كچەكەی لەلایەن هێزەكانی حكوومەتەوە بە درۆ بخاتەوە.

٤١- سەید محەممەد حوسێنی؛ لاوی خەڵكی سەقز لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی لە گەڕەكی كوهدەشت لە كاتێكدا لەبەرانبەر شكاندن و زیانگەیاندن بە ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان لەلایەن هێزەكانی حكوومەتەوە ناڕەزایەتی دەربڕیبوو، ئۆتۆمبێلی دژە شۆڕش ناوبراوی كردبووە ژێرەوە و دوو جار بەسەریدا تێپەڕیبو، بەم شێوەیە ئەم لاوە دەستبەجێ گیانی لەدەست دابوو. لەژێر گووشاری ناوەندە ئەمنییەكان بنەماڵەكەی ناچاربوون هۆكاری مردنی ناوبراو لە پۆستێری ڕاگەیاندنی پرسەكەی بە ڕووداوی هاتووچۆ ڕابگەیێنن.

چوارشەممە ٢٧ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (١٩ی ئۆكتۆبەری ٢٠٢٢)

٤٢- عەلیڕەزا حوسێنی؛ هاووڵاتیی خەڵكی كرماشان و دانیشتووی تاران، لە كاتی هێرشی هێزە حكوومەتییەكان بۆ سەر ماڵەكەی بەمەبەستی دەستبەسەركرانی ناوبراو بە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەم هێزانە كوژرا. هێزەكانی حكوومەت بە گومانی بەشداری ناوبراو لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەكانی تاران هێرشیان كردبووە سەر ماڵی كرێكاری ناوبراو و هاوڕێكانی.

پێنجشەممە ٢٨ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (٢٠ی ئۆكتۆبەری ٢٠٢٢)

٤٣- ڕامین كەرەمی؛ لاوی تەمەن ٣١ ساڵ و خەڵكی سەرپێڵی زەهاو، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی شەوی ٢٠ی ڕەزبەری شاری كرماشان بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی حكوومەت بە سەختی بریندار كرا و دواتر بەهۆی سەختی برینەكانییەوە گیانی لەدەست دا. ڕێكەوتی گیان لەدەستدانی ناوبراو دیار نییە. بەڵام ڕۆژی ٢٨ی ڕەزبەر هەواڵی مردنی ئەم لاوەیان بە بنەماڵەكەی ڕاگەیاند.

هەینی ٢٩ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (٢١ی ئۆكتۆبەری ٢٠٢٢)

٤٤- ڕامین فەتحی؛ هاووڵاتیی تەمەن ٤٧ ساڵ و خەڵكی سنە، تەنیا دوای ٩ ڕۆژ لە دەستبەسەركرانی لەلایەن هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری سنە لە ژێر ئەشكەنجەی ئەم ناوەندە ئەمنییە گیانی لەدەست دا. ناوبراو پێشتر لەگەڵ خوشك و برایەكی دەستبەسەركرابوو و لەماوەی دەستبەسەركرانیدا لە ژێر ئەشكەنجە و گووشاری ناوەندە ئەمنییەكان ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ لە دژی خۆی كرابوو.

چوارشەمە ٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (٢٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠٢٢)

٤٥- محەممەد شەریعەتی؛ لاوی تەمەن ٢١ ساڵ و خەڵكی شاری موژژ و دانیشتووی سنە، لە نزیك كەمەربەندی ٢٥ی شاری سنە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی حكوومەت كوژرا. ناوبراو تەنیا منداڵی بنەماڵەكەی بوو.

٤٦- سمكۆ (ئیسماعیل) مەولوودی: تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵكی مەهاباد، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە كاتژمێر ٢١ی شەو لە گەڕەكی "پشت تەپە" بە چەكی قەناسە لەلایەن هێزەكانی سوپای پاسدارانەوە كرایە ئامانج و گوللە بەر كەلەكی كەوت. دوای گواستنەوەی ناوبراو بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا. ناوبراو خێزاندار و باوكی منداڵێك بوو.

٤٧- ئەفشین ئاشام؛ لاوی تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵكی گوندی سەرخەكی سنجابی و دانیشتووی گەڕەكی پالی ئاوای شاری قەسری شیرین، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە لە ئەنجامی دەستڕێژی ڕاستەوخۆی هێزەكانی حكوومەت گوللە بەر سینگ و ورگی كەوت و كوژرا. سوپای نەبی ئەكرەمی كرماشان بۆ دانەوەی تەرمی ناوبراو بە بنەماڵەكەی داوای بڕی ٢٥٠ میلیۆن تمەنیان كردبوو.

٤٨- كەیوان دەروێشی؛ هاووڵاتیی تەمەن ٤٢ ساڵ و خەڵكی شاری سنە، لە گەڕەكەی كەمەربەندی شاری سنە بە چەكی ساچمەیی كرایە ئامانج و بەهۆی سەختی برینەكانییەوە گیانی لەدەست دا. لە وەفاتنامەی ناوبراودا هۆكاری گیان لەدەستدانی بە جەڵتە تۆماركراوە.

٤٩- محەممەد لوتفوڵڵاهی، لاوی خەڵكی سنە، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە لە گەڕەكی نایسەر، كەوتە بەر دەستڕێژی هێزەكانی حكوومەت و بە سەختی برینداركرا. ناوبراو بە برینداری لەلایەن هێزەكانی حكوومەتەوە دەستبەسەركرا و لە كاتی گواستنەوەی بۆ دەستبەسەرگە لە ناو ئۆتۆمبێلی ئەم هێزانەدا دراوەتە بەر لێدان و كوتان هەر لەوێ گیانی لەدەست داوە. ئاسەواری شین بوونەوە و لێدان و شوێنەواری برینداری بەهۆی پێكرانی بە گوللەی هێزەكانی حكوومەت لەسەر جەستەی ناوبراو بەڕوونی دیاربووە.

٥٠- ئیبراهیم میرزایی؛ هاووڵاتیی تەمەن ٤٢ ساڵ و خەڵكی شاری دێولان و دانیشتووی سنە، لە چوارڕێیانی عەباس ئاوا دوای فڕێدرانی گازی فرمێسك ڕێژ لەلایەن هێزەكانی حكوومەتەوە، تووشی گرفتی هەناسەدان بووە و دوای گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە گیانی لەدەست داوە.

پێنجشەممە ٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (٢٧ی ئۆكتۆبری ٢٠٢٢)

٥١- زانیار ئەبووبەكری؛ لاوی تەمەن ٢١ ساڵ و خەڵكی مەهاباد، لە نزیك گۆڕەپانی سیمۆرغ لەلایەن هێزەكانی حكوومەتەوە بە چەكی كڵاشینكۆف لە پشتەوە پێكرا و گوللەكە لە ورگییەوە دەرچوبوو، بەهۆیەوە خوێنهێنەری سەرەكی ناوبراو پچڕابوو. ئەم لاوە دەزگیراندار بوو.

٥٢- كوبرا شێخ سەقا؛ هاووڵاتیی تەمەن ٥٩ ساڵ و خەڵكی مەهاباد، لە شەقامی مەلاجامی ئەم شارە لەئاكامی دەستڕێژی ڕاستەوخۆی هێزەكانی حكوومەت كوژرا.

٥٣- شاهۆ خزری؛ لاوی تەمەن ٢١ ساڵ و خەڵكی مەهاباد دوای تەواوبوونی ڕێوڕەسمی ئەسپەردەكردنی تەرمی سمكۆ مەولوودی بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی حكوومەت كوژرا. ناوبراو بە چەكی كڵاشینكۆف تەقەی لێكرابوو.

٥٤- فەرەیدوون فەرەجی؛ لاوی تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵكی شاری سەقز، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی شاری بانە بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی سوپای پاسداران كوژرا. ناوبراو لە شاری بانە لە ڕێستۆرانێكدا كاری دەكرد و بە چەكی كڵاشینكۆف لە پشتەسەرەوە لەلایەن هێزەكانی حكوومەتەوە تەقەی لێكرابوو.

٥٥- سارینا ساعیدی؛ مێرمنداڵی تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵكی شاری سنە كە شەوی چوارشەممە ٤ی خەزەڵوەر لە گەڕەكی نایسەری سنە بەهۆی لێدانی باتۆم لەسەری لەلایەن هێزەكانی حكوومەت تووشی خوێنبەربوونی مێشكی بوو بوو. دوای یەك ڕۆژ خەواندنی لە نەخۆشخانەی تەوحید لە شاری سنە گیانی لەدەست دا. تەرمی ناوبراو بەشێوەیەكی نهێنی و هەر ئەو شەوە ئەسپەردە كرا. ناوەندە ئەمنییەكان باوكی سارینایان ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ لە ڕاستای بەدرۆ خستنەوەی هەواڵی مردنی كچەكەی لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی كرد.

شیاوی ئاماژە پێدانە كە فەرمانداری سنە هۆكاری مردنی سارینای بە بەكارهێنانی مادە هۆشبەر ڕاگەیاندبوو، لە كاتێكدا لە وەفاتنامەی ئەم مێرمنداڵە هۆكاری مردنی ناوبراو بە نادیار تۆماركراوە.

٥٦- موتەلب سەعید پیرۆ؛ خەڵكی بانە لە كاتێكدا كە لەناو ئۆتۆمبێلەكەی خۆیدابوو، لەلایەن هێزەكانی سوپای پاسدارانەوە بە چەكی كڵاشینكۆف تەقەی لێكرا و گیانی لەدەست دا. ناوبراو خەڵكی گوندی چۆمان سەر بە شاری بانە بوو و گوللە لە پشتەوە بەر شانی كەوتبوو و لە سینگییەوە دەرچووبوو.

٥٧- فریشتە ئەحمەدی؛ تەمەن ٣٢ و ساڵی خەڵكی سەردەشت. ناوبراو دانیشتووی شاری مەهاباد بوو لە كاتێكدا لەسەربانی ماڵی خۆیان بوو، كەوتە بەر دەستڕێژی ڕاستەوخۆی هێزەكانی حكوومەت و سینگی پێكرا. دەستبەجێ گیانی لەدەست دا. شیاوی ئاماژەپێدانە كە میدیاكانی سەر بە حكوومەت هۆكاری مردنی ناوبراویان بە دەستڕێژی گوللە لە ناو ماڵی خۆیانەوە ڕاگەیاندبوو. بانگەشەیەك كە دواتر لەلایەن ئەندامانی بنەماڵەی فریشتە بەتوندی بەدرۆ خرایەوە.

٥٨- حەمید گوڵی؛ هاووڵاتیی تەمەن ٤٦ ساڵ و خەڵكی سنە، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی شاری تاران بەهۆی لێدرانی باتۆم لەسەر و دەموچاوی ناوبراو لەلایەن هێزەكانی حكوومەتەوە گیانی لەدەست دا. لە وەفاتنامەی ئەم هاووڵاتییەدا هۆكاری مردنی ناوبراو بە بەركەوتنی تەنی سەخت و خوێنبەربوونی مێشكی و شكانی كەلەسەر تۆماركراوە.

هەینی ٦ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (٢٨ی ئۆكتۆبەری ٢٠٢٢)

٥٩- مەسعوود ئەحمەدزادە؛ پزیشكی ددان، تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵكی مەهاباد، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی خەزەڵوەری مەهاباد لە نزیك نۆرینگەكەی خۆی بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی حكوومەت بەسەختی برینداركرابوو. ناوبراو بەهۆی سەختی برینەكانییەوە گیانی لەدەست دا.

٦٠- داستان ڕەسووڵ محەممەد ئاقا؛ لاوی خەڵكی باشووری كوردستان كە بۆ بەشداری لە ڕێوڕەسمی ئەسپەردەكردنی تەرمی هاوڕێكەی موتەلیب سەعید پیرۆ چووبووە بانە، لە نزیك سنوور لەلایەن هێزەكانی حكوومەتەوە بە چەكی كڵاشینكۆف سەری كرایە ئامانج و دەستبەجێ گیانی لەدەست دا.

شەممە ٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (٢٩ی ئۆكتۆبەری ٢٠٢٢)

٦١- سامان قادرپوور؛ بەندكراوی پێشوو، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی شاری تاران لەلایەن هێزەكانی حكوومەتەوە دەستبەسەركرا و لەژێر ئەشكەنجەدا گیانی لەدەست دا. ناوەندە حكوومەتییەكان هۆكاری مردنی ناوبراویان بە جەڵتەی دڵ ڕاگەیاندبوو، بەڵام مامی سامان كە چاوی بە تەرمەكەی كەوتبوو، ئاسەواری ئەشكەنجە، لێدان و شینبوونەوەی لەسەر جەستەی ناوبراو دیتبوو.

یەكشەممە ٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (٣٠ی ئۆكتۆبەری ٢٠٢٢)

٦٢- كۆمار دەرئۆفتاده؛ مێرمنداڵی تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵكی پیرانشار كە شەوی پێشتر لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە و لە نزیك گۆڕەپانی ئەوراز، لەلایەن هێزەكانی حكوومەتەوە بە چەكی ساچمەیی كرایە ئامانج و بەسەختی برینداركرابوو، لە نەخۆشخانەی خومەینی ئەم شارە گیانی لەدەست دا. شیاوی ئاماژەپێدانە كە هێزەكانی حكوومەت لە مەودای ٣ مەترییەوە تەقەیان لەم مێرمنداڵە كردبوو.

چوارشەممە ١١ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (٢ی نۆڤامبری ٢٠٢٢)

٦٣- موئمن زەند كەریمی؛ لاوی تەمەن ١٩ ساڵ و خەڵكی شاری سنە، لە چوارڕێیانی گوڵشەنی ئەم شارە لە مەودای دوو مەترییەوە بە چەكی ساچمەیی لەلایەن هێزە سەركوتكارەكانی حكوومەتەوە تەقەی لێكرا و لەكاتی گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی تەوحید بەهۆی خوێنبەربوونی زۆرەوە گیانی لەدەست دا. شیاوی ئاماژە پێدانە كە ئەم لاوە دوای ئەوەیكە برینداركرابوو، كەوتبووە بەر لێدانی هێزەكانی حكوومەت و چەندین جار بە ئەنقەست بە پێلاقە لەسەری درابوو.

پێنجشەممە ١٢ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (٣ی نۆڤامبری ٢٠٢٢)

٦٤- محەممەد ئەمین حەشمەتیان؛ لاوی خەڵكی سونقوڕ لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی كەرەج بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەركوتكارەكانی حكوومەت كوژرا. تەرمی ناوبراو لە گوندی "سننلە" (زێدەكەی) ئەسپەردەكرا و ناوەندە حكوومەتییەكان گووشاریان بۆ سەر بنەماڵەكەی دروستكردبوو كە هۆكاری مردنی منداڵەكەیان بە خۆكوژی ڕابگەیێنن.

٦٥- عەلیڕەزا كاكامحەممەدی، لاوی خەڵكی هەرسین و دانیشتووی شاری كەرەج، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی حكوومەت كوژرا. بەوتەی سەرچاوەكانی هەنگاو هێزەكانی حكوومەت ناوبراویان بەبرینداری داوەتە بەر لێدان و كوتان.

شەممە ١٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (٥ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)

٦٦- نەسرین قادری، هاووڵاتیی تەمەن ٣٨ ساڵ و خەڵكی مەریوان و دانیشتووی تاران، لە كاتێكدا بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین و بڵاوكردنەوەی چەند پۆستێك لە دژی كوژرانی ژینا ئەمینی و نیكا شاكەرەمی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەهۆی لێدانی باتۆم لەسەری لەلایەن هێزەكانی حكوومەتەوە لە ماڵەكەی خۆیدا بەسەختی برینداركرابوو. دوای گواستنەوەی ناوبراو بۆ یەكێك لە نەخۆشخانەكانی تاران بەهۆی سەختی برینەكانییەوە گیانی لەدەست دا. ناوەندە حكوومەتییەكان باوكی ناوبراویان ناچاركرد كە لە بەرانبەر كامێرادا هۆكاری مردنی كچەكەی بە نەخۆشی ڕابگەیێنێت كە دواتر براكەی لەسەر گۆڕی نەسرین ڕایگەیاند كە باوكی ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ كراوە.

٦٧- عەلیڕەزا كەریمی؛ لاوی تەمەن ٢٠ ساڵ، خەڵكی شاباد و خوێندكاری بەشی مایكرۆبایۆلۆژی زانكۆی ئازادی ئەراك، بەهۆی لێدرانی باتۆم لەلایەن هێزەكانی حكوومەتەوە لەسەری، تووشی جەڵتەی مێشك بوو و گیانی لەدەست دا.

٦٨- فایەق مام قادری؛ هاووڵاتیی تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵكی مەهاباد كە لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ٢٠ی ڕەزبەر لەم شارە و لە نزیك گۆڕەپانی ئیستقلال، كەوتە بەر دەستڕێژی هێزەكانی حكوومەت و شەش گوللە بەر سەر، ورگ و دەستی ناوبراو كەوتبوو، كەدوای یەك مانگ خەواندنی لە نەخۆشخانەی خومەینی لە شاری ئورمیە بەهۆی سەختی برینەكانییەوە گیانی لەدەست دا.

٦٩- ئەردەڵان قاسمی؛ هاووڵاتیی تەمەن ٤٤ ساڵ و خەڵكی شاباد، لە كاتی نووسینی دروشم لەسەر دیوار هكانی جووتسایدی تاق بوستانی كرماشان، بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی حكوومەت بەسەختی بریندراكرا و دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی تاڵقانی گیانی لەدەست دا. ناوبراو ٣ گوللە بەر ورگ و شانی كەتبوو.

هەینی ٢٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (١١ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)

٧٠- سامان ڕەحمانی؛ لاوی تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵكی تیكاب لە كاتی نووسینی دروشم لە قەڵای حەسەن خان (شەقامی قودس) لەلایەن هێزەكانی حكوومەتەوە لە كاتی دەستبەسەركرانیدا درابووە بەر لێدان و كوتان. ناوبراو بەهۆی لێدرانی باتۆم لەسەری گیانی لەدەست دابوو.

٧١- هێمن حەمزە؛ لاوی تەمەن ٣٠ ساڵ كە لە هێرشی هێزەكانی حكوومەت بۆ سەر گوندی بیوەران بەتەقەی ڕاستەوخۆی ئەم هێزانە كوژرا. ناوبراو خێزاندار و باوكی دوو منداڵ بوو. گوللە بەر سینگی ناوبراو كەوتبوو.

سێشەممە ٢٤ی خەزەڵوەریج٢٧٢٢ (١٥ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)

٧٢- فواد محەممەدی؛ هاووڵاتیی تەمەن ٣٨ ساڵ و خەڵكی گوندی ماویان سەر بە شاری كامێران، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی حكوومەت بەسەختی برینداركرا و دوای گواسترانەوەی بۆ نەخۆشخانەی سینا بەهۆی سەختی برینەكانییەوە گیانی لەدەست دا. ناوبراو بەچەكی كڵاشینكۆف تەقەی لێكرابوو. ئەم هاووڵاتییە خێزاندار و باوكی دوو منداڵ بوو.

٧٣- زانیار ئەڵڵامواردی؛ لاوی تەمەن ٢٦ ساڵ و خەڵكی سنە، لە گەڕەكی كانی كوزەڵەی ئەم شارە، لە مەودایەكی نزیكەوە بە چەكی ساچمەیی كرایە ئامانجی هێزەكانی حكوومەت و دوای گواستنەوەی ناوبراو بۆ نەخۆشخانە بەهۆی خوێنبەربوونی هەنگاو گیانی لەدەست دا. زیاتر لە ١٠٠ ساچمە بەر جەستەیی ئەم لاوە كەوتبوو. زانیار پێشتر دەستێكی بەهۆی كارەباوە لەدەست دابوو.

٧٤- عیسا بیگلەری؛ هاووڵاتیی تەمەن ٣٩ ساڵ و خەڵكی گوندی "نسار" سەر بە سەوڵاو و دانیشتووی سنە، لەبەردەم زانكۆی كوردستان بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی حكوومەت بە سەختی برینداركرا و دوای گواسترانەوەی بۆ نەخۆشخانەی تەوحید گیانی لەدەست دا. ناوبراو بە چەكی كڵاشینكۆف تەقەی لێكرابوو و ٢ گوللە بەر كەمەری كەوتبوو. عیسا بیگلەری خێزاندار و باوكی سێ منداڵ بوو.

٧٥- سامان قادر بەیگی؛ لاوی خەڵكی بۆكان، لە گەڕەكی میرزایی بۆكان بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی حكوومەت كوژرا. ئەم هێزانە تەرمەكەیان لە بۆكانەوە بۆ ئورمیە گواستبووەوە. شیاوی ئاماژەپێدانە كە ناوەندە حكوومەتییەكان گوشاریان بۆسەر بنەماڵەكەی دروستكردبوو كە هۆكاری مردنی كوڕەكەیان بە خۆكوژی ڕابگەیێنن.

چوارشەمە ٢٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (١٦ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)

٧٦- دانیال پابەندی؛ مێرمنداڵی تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵكی شاری سەقز، لە گەڕەكی كەریم ئاوای ئەم شارە لە مەودایەكی نزیكەوە لەلایەن هێزەكانی حكوومەتەوە تەقەی لێكرا و دەستبەجێ گیانی لەدەست دا. ئەم مێرمنداڵە بەشی ورگی كرابووە ئامانج، بەشێوەیەك كە بەشێك لە ئەندامانی ناوەوەی ورگی لە شوێنی پێكرانی بەجێمابوو.

٧٧- بورهان كەرەمی؛ لاوی تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵكی گوندی چرۆسانە سەر بە كامێران، لە گەڕەكی "زەڕنە"ی ئەم شارە بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی حكوومەت كوژرا. ناوبراو بەشی سەر و ملی كرابووە ئامانج و بە چەكی كڵاشینكۆف تەقەی لێكرابوو. بورهان كەرەمی خێزاندار و باوكی منداڵێك بوو.

٧٨- سالار موجاور؛ لاوی تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵكی بۆكان، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە لە گەڕەكی میراوا كەوتە بەر دەسڕێژی ڕاستەوخۆی هێزەكانی حكوومەت و گیانی لەدەست دا. ناوبراو كە دەرچووی بەشی ئەندازیاری بوو، گوللە بەر سەری كەوتبوو.

٧٩- ئەسعەد ڕەحیمی؛ لاوی تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵكی بۆكان لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی سوپای پاسداران كوژرا.

٨٠- محەممەد حەسەن زادە، لاوی تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵكی بۆكان لە باخی قازی ئەم شارە لە كاتێكدا كە دەیویست كچێكی ڕفێندراو لەدەستی هێزە سەركوتكارەكان ڕزگار بكات، لەلایەن ئەم هێزانەوە درایە بەر چەقۆ و بەهۆی پێكرانی سینگ و دڵی بە چەقۆ گیانی لەدەست دا.

٨١- شاهۆ بەهمەنی؛ لاوی خەڵكی دیواندەرە و دانیشتووی شاری سنە، دوای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ئەسپەردەكردنی تەرمی ٤ كەس لە گیانبەختكردووانی بەرخۆدانی جەماوەریی سنە لە نزیك پردی قشڵاق كەوتە بەر تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی حكوومەت و كوژرا. تەرمی ناوبراو بۆ نەخۆشخانەی كەوسەری ئەم شارە گواسترایەوە.

٨٢- ئارام حەبیبی؛ لاوی تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵكی سنە، دوای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ئەسپەردەكردنی تەرمی ٤ كەس لە گیانبەختكردووانی بەرخۆدانی جەماوەریی سنە لە نزیك پردی قشڵاق كەوتە بەر تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی حكوومەت و كوژرا. تەرمی ناوبراو بۆ نەخۆشخانەی كەوسەری ئەم شارە گواسترایەوە.

٨٣- فەرهاد خوسرەوی؛ لاوی تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵكی كرماشان، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی شاری سنە بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی حكووموت كوژرا و تەرمەكەی بۆ نەخۆشخانەی كەوسەر گواسترایەوە. دوای یەك حەوتوو تەرمی ناوبراو ڕادەستی بنەماڵەكەی كرایەوە.

پێنجشەممە ٢٦ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (١٧ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)

٨٤- عەبدولڕەحمن بەختیاری؛ هاووڵاتیی تەمەن ٦٦ ساڵ و خەڵكی سەقز، لە شەقامی سەعدی و لەبەرانبەر ماڵەكەی، لە كاتێكدا لەناو ئۆتۆمبێلەكەید بووە، كەوتە بەر دەستڕێژی ڕاستەوخۆی هێزەكانی حكوومەت و گیانی لەدەست دا. ناوبراو ٢ گوللەی بەركەوتبوو.

٨٥- هەژار مام خوسرەوی؛ لاوی تەمەن ٢٠ ساڵ و خەڵكی بۆكان، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی سوپای پاسداران بەسەختی برینداركرا و دوای گواسترانەوەی بۆ نەخۆشخانەی قولی پور بەهۆی سەختی برینەكانییەوە گیانی لەدەست دا.

٨٦- ئەمجەد عەنایەتی؛ لاوی تەمەن ٢٣ ساڵ و خەڵكی بۆكان، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەركوتكارەكانی حكوومەت كوژرا.

٨٧- هیوا جان جان؛ لاوی تەمەن ٣٢ ساڵی خەڵكی بۆكان، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی حكوومەت كوژرا.

٨٨- موستەفا شەعبانی؛ هاووڵاتیی خەڵكی بۆكان، لە شەقامی سەردار عەزیز خان موكری ئەم شارە بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەركوتكارەكانی حكوومەت كوژرا. شیاوی ئاماژە پێدانە كە هێزەكانی حكوومەت بۆ ڕێگری كردن لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی پرسەی ناوبراو، كەوسەر و كامیل شەعبانی خوشك و برای ناوبراویان دەستبەسەركردبوو.

٨٩- ئومێد حەسەنی، لاوی تەمەن ٢٢ ساڵ، گوندی پایگەلان و دانیشتووی شاری سنە، لەكاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ئەسپەردەكردنی تەرمی ٤ كەس لە گیانبەختكردووانی بەرخۆدانی شاری سنە، لەلایەن هێزەكانی سوپای پاسدارانەوە ڕفێندرا و دوای چەند كاتژمێرێك لەژێر ئەشكەنجەدا گیانی لەدەست دا. نزیكانی ناوبراو هەبوونی ئاسەواری ئەشكەنجە لە سەر و ملی ناوبراویان پشت ڕاستكردەوە.

٩٠- ئازاد حوسێن پوور، هاووڵاتیی خەڵكی مەهاباد، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە لەپشتەوە كەوتە بەر تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی حكوومەت و دەستبەجێ گیانی لەدەست دا. ناوبراو پزیشكی ددان بوو.

٩١- ئاسۆ قادری؛ لاوی خەڵكی ڕەبەت سەر بە شاری سەردەشت، لە شاری بانە، لە كاتێكدا لەناو ئۆتۆمبێلەكەیدا بوو لەلایەن هێزەكانی حكوومەتەوە تەقەی لێكرا و گیانی لەدەست دا. ناوبراو بەهۆی پێكرانی بە سێ گوللە (٢ لە سەری و ١ لەشانی) ڕاستەوخۆ گیانی لە دەست دا. تەرمی ئەم لاوە لەشەودا و بەنهێنی لە ژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەكاندا ئەسپەردە كرا.

٩٢- غەفور مەولوودی؛ هاووڵاتیی تەمەن ٦٥ ساڵ و خەڵكی بۆكان، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی حكوومەت كوژرا. ناوبراو خێزاندار و باوكی٣ منداڵ بوو.

هەینی ٢٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (١٨ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)

٩٣- محەممەد ئەحمەد گاگش؛ هاووڵاتیی تەمەن ٤٣ ساڵ و خەڵكی مەهاباد، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە لە كاتێكدا كە لەسەر سەربانی ماڵەكەی خۆی ڕاوەستابوو، بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی حكوومەت سەری پێكرا و گیانی لەدەست دا.

٩٤- ئەمیر فەراسەتی شاد؛ هاووڵاتیی خەڵكی پیرانشار، لە گەڕەكی كەمەربەندی ئەم شارە بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی حكوومەت كوژرا.

٩٥- میلاد مەعرووفی؛ لاوی تەمەن ٢٣ ساڵ، یاریزانی ئەسپ سواری و خەڵكی بۆكان، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی شەوی پێنجشەممە ٢٦ی خەزەڵوەر كەوتە بەرتەقەی هێزەكانی حكوومەت و لە بەشی سەری بەسەختی برینداربوو. بەهۆی سەختی برینەكانییەوە لە نەخۆشخانەی قولی پوور لە شاری بۆكان گیانی لەدەست دا.

٩٦- سەید كەماڵ ئەحمەدپوور؛ هاووڵاتیی تەمەن ٣٤ ساڵ و خەڵكی مەهاباد، لە شەقامی مەنبەعی ئەم شارە بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی حكوومەت بەسەختی برینداركرا و لەكاتی گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی خومەینی ئەم شارە، بەهۆی سەختی برینەكانییەوە گیانی لەدەست دا. ناوبراو و خێزاندار و باوكی دوو منداڵ بوو.

٩٧- مێهران ڕەحمانی؛ هاووڵاتیی خەڵكی مەهاباد كە لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی پێنجشەممە ٢٦ی خەزەڵوەر لە گەڕەكی بەری شیلان لەئاكامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی حكوومەت برینداركرابوو، لە نەخۆشخانەی خومەینی لە ئورمیە بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لەدەست دا.

٩٨- شەهریار محەممەدی؛ لاوی خەڵكی بۆكان لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی حكوومەت گیانی لەدەست دا.

٩٩- سەعدی شاهرۆخی فەر؛ لاوی تەمەن ٣٥ ساڵی خەڵكی بۆكان، لە چوارڕێیانی "ئیمام جومعە" و لەكاتێكدا بۆ ماڵەوە دەگەڕاوە، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی سوپای پاسداران كوژرا و تەرمەكەی لەلایەن ئەم هێزانەوە دزرا.

شەممە ٢٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (١٩ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)

١٠٠- فواد سەواری؛ هاووڵاتیی خەڵكی دیواندەرە، لە شەقامی ١٦ مەتری ئەم شارە سەر و سینگی بەچەكی ساچمەیی لەلایەن هێزە سەركوتكارەكانی حكوومەتەوە كرایە ئامانج و دەستبەجێ گیانی لەدەست دا.

١٠١- حەبیبوڵڵا فەتحی؛ هاووڵاتیی تەمەن ٦٢ ساڵ و خەڵكی دیواندەرە لە شەقامی ١٦ مەتری ئەم شارە لە ئەنجامی دەستڕێژی ڕاستەوخۆی هێزە سەركوتكارەكانی حكوومەت سەری پێكرا و دەستبەجێ گیانی لەدەست دا. بەهۆی گوشار و ڕێگری ناوەندە حكوومەتییەكان تەرمی ناوبراو بەبێ وەفاتنامە ئەسپەردە كرا.

١٠٢- حوسێن عەبدپەنا؛ هاووڵاتیی تەمەن نزیك بە ٧٠ ساڵی خەڵكی سنە، لە گەڕەكی بەهارانی ئەم شارە و لەبەردەرگای ماڵەكەی بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی حكوومەتەوە كوژرا.

 یەكشەممە ٢٩ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (٢٠ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)

١٠٣- عیرفان كاكایی؛ هاووڵاتیی تەمەن ٥٠ ساڵی خەڵكی جوانڕۆ، لەكاتی گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە لە شەقامی شاهۆردی ئەم شارە بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەركوتكارەكانی حكوومەت كوژرا. ناوبراو مامۆستای وانەی وەرزشی قۆناغی ئامادەیی بوو و گوللە بەر ورگی كەوتبوو.

١٠٤- بەهادین وەیسی؛ مێرمنداڵی تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵكی جوانڕۆ، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەركوتكارەكانی حكوومەت كوژرا. هەمان شەو نەجمەلدین وەیسی برا گەورەی ناوبراو بەبرینداری لەلایەن هێزەكانی حكوومەتەوە ڕفێندرا، كە دواتر لە ژێر گوشاری ناوەندە حكوومەتییەكان ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ لە دژی خۆی كرا.

١٠٥- سولەیمان شەكەری؛ لاوی تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵكی بۆكان كە لە ڕەوتی جەماوەری ڕۆژی ٢٦ی خەزەڵوەر لە شەقامی عەلی ئاوای ئەم شارە كەوتە بەرتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەركوتكارەكانی حكوومەت و سەر و ملی بە چەكی ساچمەیی پێكرا، دوای سێ ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانەی خومەینی لە شاری ئورمیە بەهۆی سەختی برینەكانییەوە گیانی لەدەست دا. بنەماڵەی ناوبراو بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی كوڕەكەیان بڕی ٩٠ ملیۆنیان بە ناوەندە حكوومەتییەكان دابوو.

١٠٦- موحسین نیازی؛ لاوی شاخەوان ، تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵكی دێولان، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە، لەئاكامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی حكوومەت ورگی پێكرا و بە سەختی برینداربوو. دوای گواستنەوەی ناوبراو بۆ نەخۆشخانەی كەوسەری شاری سنە بەهۆی سەختی برینەكانییەوە گیانی لەدەست دا.

١٠٧- جەلال قوربانی؛ هاووڵاتیی تەمەن ٥٠ ساڵ و خەڵكی پیرانشار، لەكاتی گواستنەوەی تەرمی كاروان قادر شوكری، تەمەن ١٦ ساڵی كوژراو بۆ مزگەوتی شیناوێ، كەوتە بەر دەستڕێژی ڕاستەوخۆی هێزەكانی حكوومەت كە سكی پێكرا و گیانی لەدەست دا.

١٠٨- تاهیر عەزیزی؛ هاووڵاتیی تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵكی پیرانشار، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی حكوومەت كوژرا. ناوبراو خێزاندار و باوكی دوو منداڵ بوو.

١٠٩- كاروان قادر شوكری؛ مێرمنداڵی تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵكی پیرانشار، كە شەوی شەممە ٢٨ی خەزەڵوەر لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەركوتكارەكانی حكوومەت برینداركرابوو، بەهۆی سەختی برینەكانییەوە گیانی لەدەست دا.

دووشەممە ٣٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (٢١ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)

١١٠- جەوهەر فەتحی؛ دوای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ئەسپەردەكردنی تەرمی دوو كەس لە گیانبەختكردوانی بەرخۆدانی جەماوەریی شاری جوانڕۆ، بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی سوپای پاسداران (سوپای نەبی ئەكرەمی كرماشان) لە شەقامی بێهداری جوانڕۆ كوژرا. هێزەكانی سوپا لەو ڕۆژەدا كەڵكیان لە چەكی ژێ سێ و دۆشكە وەرگرتبوو.

١١١- تەحسین میری؛ كۆڵبەری خەڵكی جوانڕۆ، دوای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ئەسپەردەكردنی تەرمی دوو كەس لە گیانبەختكردوانی بەرخۆدانی جەماوەریی شاری جوانڕۆ، بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی سوپای پاسداران (سوپای نەبی ئەكرەمی كرماشان) لە شەقامی بەهداری جوانڕۆ كوژرا. ئەم هێزانە سەری ناوبراویان كردبووە ئامانج. هێزەكانی سوپا لەو ڕۆژەدا كەڵكیان لە چەكی ژێ سێ و دۆشكە وەرگرتبوو.

١١٢- جەماڵ عەزیمی؛ هاووڵاتیی خەڵكی جوانڕۆ، دوای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ئەسپەردەكردنی تەرمی دوو كەس لە گیانبەختكردوانی بەرخۆدانی جەماوەریی شاری جوانڕۆ، بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی سوپای سوپای نەبی ئەكرەمی كرماشان لە شەقامی بەهداری جوانڕۆ كوژرا. ناوبراو لە كاتێكدا لەلایەن ئەم هێزانەوە تەقەی لێكرابوو و بە ٢ گوللە پێكرابوو كە بۆ یارمەتیدانی تەحسین میری گەڕابووەوە دواوە. هێزەكانی سوپا لەو ڕۆژەدا كەڵكیان لە چەكی ژێ سێ و دۆشكە وەرگرتبوو.

١١٣- ئیسماعیل گوڵ عەنبەر؛ هاووڵاتیی خەڵكی جوانڕۆ، دوای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ئەسپەردەكردنی تەرمی دوو كەس لە گیانبەختكردوانی بەرخۆدانی جەماوەریی شاری جوانڕۆ، بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی سوپای نەبی ئەكرەمی كرماشان) لە شەقامی بێهداری جوانڕۆ كوژرا. هێزەكانی سوپا لەو ڕۆژەدا كەڵكیان لە چەكی ژێ سێ و دۆشكە وەرگرتبوو.

١١٤- مەسعوود تەیمووری؛ لاوی خەڵكی جوانڕۆ، لە شەقامی بێهداری ئەم شارە بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی سوپای نەبی ئەكرەمی كرماشان بەسەختی برینداركرا و دوای گواستنەوەی بۆ ناوەندە دەرمانییەكان بەهۆی سەختی برینەكانییەوە گیانی لەدەست دا. مەحموود تەیموری باوكی ناوبراو هەمان كات برینداركرابوو و بەهۆی ناجێگیربوونی تەندروستییەوە دوای یەك مانگ هەواڵی مردنی كوڕەكەیان پێ ڕاگەیاندبوو.

١١٥- كوروش پاژخ؛ لاوی خەڵكی شاباد، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی شاری كرماشان لە گەڕەكی ئەلهیە بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەركوتكارەكانی حكوومەت كوژرا. ناوبراو لە پەیڕەوانی ئایینی یارسان بوو.

سێشەممە ١ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (٢٢ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)

١١٥- ڕێباز ساڵحی وەند؛ لاوی تەمەن ٢١ ساڵ و خەڵكی مەهاباد، لە نزیك گوندی حاجی مامیانی ئەم شارە لەكاتێكدا كە خەریكی ماتۆڕ سوای بووە، بە چەكی ساچمەیی ڕاستەوخۆ لەلایەن هێزەكانی سوپای پاسدارانەوە تەقەی لێكراو و دەستبەجێ گیانی لەدەست دا.

چوارشەممە ٢ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (٢٣ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)

١١٧- هێمن ئەمان؛ لاوی تەمەن ٢٦ ساڵ و خەڵكی بۆكان كە ڕۆژی ٢٧ی خەزەڵوەر بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی حكومەت برینداركرابوو و دواتر ڕفێندرابوو، لە ژێر ئەشكەنجەی هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە گیانی لەدەست دا.

پێنجشەممە ٣ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (٢٤ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)

١١٨- شەماڵ خدیری پوور؛ لاوی تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵكی مەهاباد، بەهۆی سەختی برینەكانییەوە لە نەخۆشخانەی خومەینی شاری ئورمیە گیانی لەدەست دا. ناوبراو ڕۆژی هەینی ٢٧ی خەزەڵوەر و دوای ڕێوڕەسمی ئەسپەردەكردنی ئازاد حوسێن پوور لە گۆڕەپانی ئیستقلال لە شاری مەهاباد، بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی سوپای پاسداران، ورگ و سینگی پێكرابوو.

١١٩- جەبار فەرقی زادە؛ هاووڵاتیی تەمەن ٣٦ ساڵ و خەڵكی مەریوان، كاتژمێر ٦ی ئێوارە لە كاتی ڕۆشتنی بۆ گوندی زێدەكەی "ئاسن ئاوا" لە كاتێكدا لەناو ئۆتۆمبێلەكەی خۆیدا بوو، لەلایەن هێزەكانی سوپای پاسدارانەوە بە ٢ گوللە سەری كرایە ئامانج و ڕاستەوخۆ گیانی لەدەست دا.

یەكشەممە ٦ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (٢٧ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)

١٢٠- شۆڕش نیكنام؛ هاووڵاتیی تەمەن ٣٦ ساڵ و خەڵكی مەهاباد دوای چوار ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانەی "سەید شەهۆدا" لە ئورمیە بەهۆی سەختی برینەكانییەوە گیانی لەدەست دا. ناوبراو ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی خەزەڵوەر لە گەڕەكی "بەری شیلانان" بەهۆی دەستڕێژی ڕاستەوخۆی هێزەكانی سوپای پاسداران گوللە بەر ورگ و سینگی كەوتبوو.

١٢١- ڕەزا كازمی؛ لاوی تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵكی گوندی موژژ سەر بە كامێران، دوای ٦ ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانەی كەوسەر لە شاری سنە بەهۆی سەختی برینەكانییەوە گیانی لەدەست دا. ناوبراو ڕۆژی یەكی سەرماوەز بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی سوپای پاسداران بەشی سینگ و ورگی پێكرا. پێشتر هەنگاو ڕایگەیاندبوو كە ناوبراو تەمەنی ١٦ ساڵە، بەڵام دوای بەدواداچوونەكانی هەنگاو بۆی دەركەوت كە ناوبراو تەمەنی ٢٢ ساڵ بووە.

سێشەممە ٨ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (٢٩ی نۆڤامبری ٢٠٢٢)

١٢٢- ئیبراهیم شەریفی، لاوی تەمەن ٢٩ ساڵ و خەڵكی بۆكان لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە لە ڕۆژی ٢٥ی خەزەڵوەر بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی سوپای پاسداران سینگی پێكرا و دوای ١٣ ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەی "سەید شۆهەدا"ی شاری ئورمیە بەهۆی سەختی برینەكانییەوە گیانی لەدەست دا.

چوارشەممە ٩ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (٣٠ی نۆڤامبری ٢٠٢٢)

١٢٣- ئاوات قادرپوور؛ لاوی تەمەن ٢٠ ساڵ و خەڵكی بۆكان دوای ١٢ ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانەی عارفیان لە شاری ئورمیە بەهۆی سەختی برینەكانییەوە گیانی لەدەست دا.

ناوبراو ڕۆژی هەینی ٢٧ی خەزەڵوەر لە گوندی ناچیت لەكاتێكدا كە لەناو ئۆتۆمبێلەكەی خۆیدا بوو لەلایەن هێزەكانی سوپای پاسدارانەوە درایە بەر دەستڕێژ.

١٢٤- فەرزین مەعرووفی؛ لاوی تەمەن ٢٢ ساڵ، خەڵكی مەهاباد و دانیشتووی شاری تاران، دوای دۆڕانی تیمی هەڵبژاردەی ئێران بەرانبەر بە ئامریكا بۆ دەربڕینی خۆشحاڵی هاتبووە سەر شەقام، بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەركوتكارەكانی حكوومەت كوژرا. ناوەندە حكوومەتییەكان ئیزنیان بە گەڕاندنەوەی تەرمی ناوبراو بۆ مەهاباد نەدا.

١٢٥- ئیحسان قاسمی؛ هاووڵاتیی تەمەن ٣٢ ساڵ، خەڵكی كەنگاڤەر و دانیشتووی كەرەج، لە ڕەوتی خۆشی و شادی دەربڕینی خەڵك بەبۆنەی دۆڕانی تیمی هەڵبژاردەی ئێران بەرانبەر ئامریكا لە مۆندیالی قەتەر، لە گەڕەكی سراسیابی كەرەج بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەركوتكارەكانی حكوومەت كوژرا. ناوبراو پاڵەوانی یاری لەشجوانی بوو و بەشداری لە ڤستیڤاڵە نێودەوڵەتییەكاندا كردبوو.

سێشەممە ١٥ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (٦ی دیسەمبەری ٢٠٢٢)

١٢٦- سپێهر ئەعزەمی؛ لاوی تەمەن ٢٤ ساڵ، یارسان و خەڵكی شاری سەحنە كە لە ڕێوڕەسمی چلەی حەدیس نەجەفی لە شاری كەرەج بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی حكوومەت برینداركرابوو، بەهۆی سەختی برینەكانییەوە گیانی لەدەست دا. ناوبراو گوللە بەر بەشی چەپی سینگی نزیك لە دڵی كەوتبوو.

چوارشەممە ١٦ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (٧ی دیسەمبەری ٢٠٢٢)

١٢٧- هوومەن عەبدوڵڵاهی، لاوی تەمەن ٢١ ساڵ و خەڵكی شاری سنە، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە لە گەڕەكی حەسەن ئاوا بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی حكوومەت برینداركرا و دوای گواسترانەوەی بۆ نەخۆشخانەی كەوسەری ئەم شارە بەهۆی سەختی برینەكانییەوە گیانی لەدەست دا. ناوبراو گوللە بەر سینگی كەوتبوو.

١٢٨- مەتین نەسری؛ لاوی تەمەن ١٩ ساڵ و خەڵكی شاری سنە كە خزمەتی سەربازی زۆرەملێی تێدەپەڕاند، بەهۆكاری سەرپێچی كردن لە فەرمانی فەرماندەكەی بۆ بەشداریكردن لە سەركوتی بەرخۆدانی جەماوەریی بەشێوەیەكی گوماناوی كوژرا.

پێنج شەممە ١٧ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (٨ی دیسەمبەری ٢٠٢٢)

١٢٩- شادمان ئەحمەدی، لاوی تەمەن ٣٣ ساڵ و خەڵكی دێولان چەند كاتژمێرێك دوای ڕفاندنی لەلایەن ناوەندە حكوومەتییەكانەوە، لە پۆلیسخانەی ئەم شارە لەژێر ئەشكەنجەی هێزە سەركوتكارەكانی حكوومەت گیانی لەدەست دا. بەپێی ڤیدییۆییەك كە هەنگاو بڵاوی كردبووەوە، ئاسەواری لێدان و شینبوونەوە لەسەر سەر، مل و سینگی ناوبراو بە ڕوونی دەركەوتبوو.

١٣٠- شەهریار عادڵی؛ لاوی تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵكی سەردەشت، كە لە كاتی خۆشحاڵی دەربڕینی خەڵك بەبۆنەی دۆڕانی تیمی هەڵبژاردەی ئێران بەرانبەر بە ئامریكا لە مۆندیالی قەتەر، لە ڕێكەوتی ٩ی سەرماوەز دەستبەسەركرابوو و دوای چەند ڕۆژ لە كاتێكدا بەتوندی ئەشكەنجەكرابوو، بەهۆی سەختی برینەكانییەوە گیانی لەدەست دا.

دووشەممە ٢٨ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (١٩ی دیسەمبەری ٢٠٢٢)

١٣١- محەممەد حاجی ڕەسوڵ پوور؛ تەمەن ٥٧ ساڵ، بەندكراوی پێشووی سیاسیی و خەڵكی بۆكان، دوای كەوتنە كۆمای بەهۆی ئەشكەنجە كرانی لە دەستبەسەرگە ئەمنییەكاندا و پێنج ڕۆژ مانەوەی لەبەشی چاودێری چڕی نەخۆشخانەی "قولی پوور"ی بۆكان، بەهۆی سەختی برینەكانییەوە گیانی لەدەست دا. هەنگاو زانیویەتی كە ناوەندە ئەمنییەكان بۆ ماوەی سێ حەوتوو ئاویان بە ناوبراو و نەدابوو و بەم هۆیەوە كەوتبووە كۆما.

 شەممە ١٠ی بەفرانباری ٢٧٢٢ (٣١ی دیسەمبەری ٢٠٢٢)

١٣٢- بورهان ئەلیاسی، لاوی تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵكی جوانڕۆ، لە ڕێوڕەسمی چلەی گیانبەختكردوانی ئەم شارە بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەركوتكارەكانی حكوومەت شانی پێكرا و برینداربوو. دوای گواستنەوەی ناوبراو بۆ نەخۆشخانەی "ڕەسول ئەكرەم" بەهۆی سەختی برینەكانییەوە گیانی لەدەست دا.

شەممە ١٧ی بەفرانباری ٢٧٢٢ (٧ی جانیوەری ٢٠٢٣)

١٣٣- محەممەد مەهدی كەرەمی؛ لاوی تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵكی كەرەج كەدوای ڕێوڕەسمی چلەی حەدیس نەجەفی لەم شارە دەستبەسەركرابوو و دوای ماوەیەك لەلایەن دەزگای دادوەریی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندربوو، سزاكەی لەگەڵ هاووڵاتییەكی دیكە بەناوی سەید محەممەد حوسێنی لە كەرەج جێبەجێكرا.

شەممە ٢٩ی ڕەشەممەی ٢٧٢٢ (١٨ی فێبریوەری ٢٠٢٣)

١٣٤- موختار فەتحی؛ لاوی تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵكی سەقز، بە گومانی دروشم نووسین لەلایەن هێزەكانی پۆلیسخانەی ١٢ لەنزیك ماڵی خۆیان و لە كاتێكدا لە ناو ئۆتۆمبێلەكەی خۆیدا بوو، درایە بەر دەستڕێژ و كوژرا. ناوبراو خێزانداربو و هاوژینەكەی دووگیانە.