حیزبەکان لەسەر هەڵبژاردن گەیشتنە ڕێككەوتنێكى پێنج خاڵى

11-03-2023 05:16

پەرەگراف

لایەنە سیاسییە كوردستانییەكانی پەرلەمانی كوردستان لە كۆبوونەوەیەكدا لە شاری سلێمانی لەبارەی هەڵبژاردنەوە گفتوگۆیان كرد و لەسەر پێنج خاڵ گەیشتنە ڕێككەوتن، بەڵام كێشەی كورسیی پێكهاتەكان چارەسەر نەكراوە و كۆبوونەوەی دیكەی لەبارەوە دەكرێت.

بەپێی ڕاگەیەندراوی كۆتایی كۆبوونەوەكە كە لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی یەكێتی بەڕێوە چوو، كۆدەنگی لەسەر "سیستەمی چواربازنەیی بەپێی پارێزگاكانی هەرێم" بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن هەبووە، هەروەها هاوڕا بوون كە تۆماری بایۆمەتریی كۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بكرێتە بنەما.

سەبارەت بە دیاریكردنی ڕێژەی كورسیی پارێزگاكانیش، ڕێككەوتوون لەسەر ئەوەی داتاكانی وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی عێراقی بەكار بهێنرێت، هەروەها كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسیی هەرێمیش كارا بكرێتەوە.

ئەوەی هێشتا بە چارەسەرنەكراوی كاوەتەوە و لایەنەكان بۆچوونی جیاوازیان لەسەر هەیە، كێشەی كورسیی پێكهاتەكانە، كە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا ڕێككەوتنی لەسەر نەكراوە. لەوبارەیەوە حیزبەكان ڕێككەوتوون كە "سەرۆكایەتیی پەرلەمان و فراكسیۆنەكان كۆبوونەوەیەك لەگەڵ نوێنەرانی پێكهاتەكان لە ناوەوە و دەرەوەی پەرلەمان، ئەنجام بدەن".

دەقی خاڵەكانی ڕێككەوتنی نێوان لایەنەكان:

1- سیستمی چواربازنەیی بەپێی پارێزگاكانی هەرێم دەبێت.

2- تۆماری بایۆمەتریی كۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بكرێتە بنەما بە هەموو پێداویستییەكانیەوە.

3- داتاكانی وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی عێراقی فیدراڵ بۆ دیاریكردنی ڕێژەی كورسیی پارێزگاكان بەكار دێت.

4- كاراكردنەوەی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسیی هەرێم.

5- سەرۆكایەتیی پەرلەمان و فراكسیۆنەكان كۆبوونەوەیەك لەگەڵ نوێنەرانی پێكهاتەكان لە ناوەوە و دەرەوەی پەرلەمان، ئەنجام دەدەن.