چین و توێژە جیاوازەكانی هەڵەبجە بایكۆتی یادی كیمیاییباران دەكەن و خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن
پەرەگراف
ئەنجوومەنی ڕاوێژكاریی پارێزگای هەڵەبجە بڕیاری بایكۆتی مەراسیمەكانی یادی كیمیاییبارانی هەڵەبجەی دا و لە ڕۆژانی داهاتوودا خۆپیشاندان ڕێك دەخات.
ئەنجوومەنەكە كە لە كەسوكاری قوربانیان، ڕێكخراو، چالاكانی مەدەنی، مامۆستایانی ئایینی و كەسایەتییەكانی پارێزگای هەڵەبجە پێك دێت، ئێوارەی ئەمڕۆ كۆبووەوە و لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاند.
لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ دەربارەی كێشە و كەموكووڕییەكانی پارێزگای هەڵەبجە كرا و ئەنجوومەنەكە داوا دەكات تایبەتمەندێتی بە پارێزگای هەڵەبجە بدرێت و بۆ ئەمساڵ بوودجەیەكی تایبەت بۆ بووژاندنەوەی تەرخان بكرێت.
هەروەها ئەنجوومەنەكە جەخت لەسەر جێبەجێكردنی پڕۆژە ستراتیژییەكانی پارێزگاكە دەكاتەوە و داواش دەكات بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان وەكوو بازنەیەكی سەربەخۆ مامەڵە لەگەڵ پارێزگای هەڵەبجەدا بكرێت.
لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ئەنجوومەنی ڕاوێژكاریی پارێزگای هەڵەبجە ڕایانگەیاند، كۆمەڵەی قوربانیان، كەسوكاری شەھیدان و ڕێكخراوەكانی ھەڵەبجە بەشداریی 35ـەمین ساڵیادی كیمیاییباران ناكەن، بەهۆی ناڕازیبوونیان لە پرۆژە و خزمەتگوزاری بۆ پارێزگاكە و خزمەتنەكردنی بەركەوتووانی چەكی كیمیایی و كەسوكاری قوربانیان.
بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنەكە کە تازە پێكهێنراوە و ئەمڕۆ یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجام دا، ڕۆژی 14ی مانگ خۆپیشاندانی فراوان لە هەڵەبجە بۆ داواكردنی مافەكانیان و پێویستییەكانی پارێزگاكە ئەنجام دەدەن.