مەسعود بارزانی: ئەو هێزانەی لە دەرەوەی یاسان شنگال بەجێ بهێڵن

11-03-2023 10:08
کۆبوونەوەی ئەمڕۆی بارزانی لەگەڵ میر حازم تەحسین بەگ میری ئێزیدیان

پەرەگراف

مەسعود بارزانی داوادەکات، ئەو هێزانەی لە دەرەوەی یاسان شنگال بەجێ بهێڵن و بارودۆخی ئەو قەزایە ئاسایی بكرێتەوە و 'بدرێتەوە دەست خەڵكی ڕەسەنی شنگال'.

ئەو وتانەی بارزانی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بووە لەگەڵ میر حازم تەحسین بەگ میری ئێزیدیان و شێخ عەلی ئەلیاس بابا شێخ و ئەنجوومەنی ڕۆحانیی ئێزیدی.

بارەگای بارزانی دەڵێت، لەو كۆبوونەوەیەدا جەخت لەوە كرایەوە كە پێویستە بە زووترین كات ڕێككەوتننامەی شنگال جێبەجێ بكرێ و كۆسپو تەگەرەی بەردەم گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی باب و باپیرانیان نەمێنن.

ھەر لەو کۆبوونەوەیەدا بارزانی دڵنیایی داوە كە "بە هیچ شێوەیەك ڕێگە نادرێت خوشك و برایانی ئێزیدی تووشی نیگەرانی و پەراوێزبوون ببن"، بەپێی بارەگای بارزانی.

ڕۆژی 9-10-220، حكوومەتی فیدراڵیی عێراق و حكوومەتی هەرێم، ڕێككەوتنێكیان بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخی شنگال و گەڕانەوەی دانیشتووانەكەی واژوو كرد، بەڵام ھێشتا جێبەجێ نەکراوە. بەپێی ڕێككەوتنەكە، دەبێت یەكینەكانی پاراستنی شنگال بچێتە دەرەوەی قەزاكەو پۆستە ئیدارییەکان پڕبکرێنەوە.

ڕێككەوتنی شنگال

حكوومەتی فیدڕالی و حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بە ھەماھەنگی لەگەڵ نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لەسەر ئەم خاڵانەرێككەوتن:

١- تەوەری كارگێڕی:

- دیاریكردنی قایمقامێكی نوێ بۆ شنگال كە سەربەخۆ و پیشەیی و ئەستۆپاك بێت و بە گوێرەی ڕێككارە دەستووری و یاساییەكان پەسندكراو بێت.

- لەلایەن لیژنەیەكی ھاوبەش كە لە ھەردوولاوە پێك دەھێنرێت، دوای دیاریكردنی قایمقام، چاو بە پێگە كارگێڕییەكانی دیكەدا دەخشێنرێتەوە. لە پڕكردنەوەی پۆستەكاندا ڕەچاوی بنەما پیشەیی و یاساییەكان دەكرێت.

٢- تەوەری ئەمنی:

- تەنیا پۆلیسی ناوچەكە و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و ھەواڵگری بەرپرسیارێتیی ئاسایشی ناو شارۆچكەكە لە ئەستۆ دەگرن، ھەموو ڕێكخراوە چەكدارییەكانی دیكە بۆ دەرەوەی سنووری شارۆچكەی شنگال دوور دەخرێنەوە.

- بەھێزكردنی ئاسایشر قەزاكە لە ڕێگەی دامەزراندنی دوو ھەزار و 500 كەس لە ھێزی ئاسایشی ناوخۆ و لایەنی ئاسایشیی كە لەوھێزەدا دەستەبەریی دادپەروەرانە دەكرێت بۆ بەشداریپێكردنی ئاوارەی كەمپەكان لە خەڵكی شارۆچكەكە.

- كۆتاییھێنان بە بوونی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە شارۆچكەی شنگال و ناوچەكانی دەوروبەریدا. نابێت پەكەكە و ئەوانەی سەر بەون، ھیچ رۆڵێكیان لە ناوچەكەدا ھەبێت.

٣- تەوەری ئاوەدانكردنەوە:

پێكھێنانی لیژنەیەكی ھاوبەش لە حكوومەتی فیدڕالی و حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ ئاوەدانكردنەوەی شارۆچكەكە بە ھەماھەنگی لەگەڵ ئیدارەی خۆجێی لە پارێزگای نەینەوا. ئاست و وردەكارییەكانی ئەركەكەی لەلایەن سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق وسەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستانەوە دیاری دەكرێت.

٤. بە مەبەستی چاودێریكردنی ئەوەی لە تەوەری كارگێڕی و ئەمنیدا ھاتووە، لیژنەیەكی مەیدانیی ھاوبەش لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی ھەردوولا پێكدەھێنرێت بۆ جێبەجێكردنی ئەوەی لە ڕێككەوتنەكەدا ھاتووە.