مەسرور بارزانی: حکومەت توانای هەیە کارەبای ٢٤ کاتژمێریی دابین بکات

12-03-2023 01:46

پەرەگراف

مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، حکومەت توانای هەیە کارەبای ٢٤ کاتژمێریی دابین بکات، بەڵام بەڵام کێشەکە داهاتی کارەبایەو خەڵک وەک پێویست بەرپرسیارێتی هەڵناگرن.

"ئەگەر هاووڵاتییان بەرپرسیارێتی هەڵبگرن، دڵنیاتان دەکەم حکومەت دەتوانێت کارەبای ٢٤ کاتژمێریی دابین بکات" سەرۆکی حکومەت لە میانی بەشداریکردنی لە دیداری لاوان لە دهۆک وای وت.

مەسرور بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، حکومەت زیاتر لە ٢ ملیار دۆلار پاڵپشتی کارەبا دەکات، بەڵام هاووڵاتی لەسەدا ٢٠ی بەرپرسیارێتی هەڵنەگرتووە.

لەسەر دۆخی سیاسیش، مەسرور بارزانی وتی، نابێت هیچ حیزبێک بە تەنیا خۆی بە خاوەنی ئەم وڵاتە بزانێت و نابێت حیزب ببێتە لەمپەر لە بەردەم دەستکەوتە نیشتمانییەکان.

مەسرور بارزانی وتیشی "بە جێگیرکردنی سیستمی هەژماری من، ئومێدم وایە کێشەی مووچە نەبێتە هەواڵی کەناڵەکان"، هەروەها وتی، کوردستان لە هەموو عێراق ئازادتر و ئاوەدانترە و ڕەنگە گەنجان قەدر و قیمەتی ئەو ئازادییە نەزانن.