سەرۆکی پەرلەمان: دەست بە ھەنگاوەکان دەکەین بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن

13-03-2023 10:56

پەرەگراف

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، کۆتایی ئەم ھەفتەیە یان لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا  دەست بە ھەنگاوەکان دەکەن بۆهەموارکردنی یاسای هەڵبژاردن.

ڕێواز فایەق بە ڕۆژنامەنووسانی وت، هیوادارە ئەمساڵ هەڵبژاردن بکرێت و کات لەبەرژەوەندی هەرێمی کوردستان نییە و دەبێت هەموولایەك سازش لەبەشێك لە بۆچوونەکانی بکات، بۆ پەرلەمانیش ھیچ شتێک لە پێشتر نییە لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردن.

هەر ئەمڕۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان ڕایگەیاند، په‌رله‌مان ڕۆژى چوارشه‌ممەی داهاتوو كۆبوونه‌وه‌یه‌كى ئاسایى بۆ پێكهێنانى لیژنه‌ى تایبه‌ت به‌ كاراكردنه‌وه‌ى كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ئه‌نجام ده‌دات.

سەرۆکایەتی پەرلەمان داوا له‌ هه‌موو لایه‌ن و فراكسیۆنه‌كان ده‌كات، ده‌ستوبرد بكه‌ن له‌ گه‌یشتن به‌ لێکتێگه‌یشتنى هاوبه‌ش له‌پێناوى خێراتركردنى پڕۆسه‌ى ئاماده‌كاریى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن له‌مساڵدا.

کورسیی پێکھاتەکان ئێستا خاڵی سەرەکیی ناکۆکی نێوان لایەنەکانە، ئەمڕۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان لەگەڵ پێکھاتەکان کۆدەبێتەوە.

سەرۆکی پەرلەمان ئەوەی خستەڕوو، گوێ بۆ پێکھاتەکان دەگرن بزانن ڕای خۆیان چییەو ئایا یەک ڕای یەکگرتوویان ھەیە، ئەگەر یەک ڕا بن پەرلەمان پشتیوانییان دەکات، ئەگەر نا ئەوا ھەوڵی لێکنزیککردنەوەو یەکخستنیان دەدەن.

سەرەتای ئەم ھەفتەیە لایەنە سیاسییەکانی پەرلەمانی كوردستان لە كۆبوونەوەیەكدا لە شاری سلێمانی لەبارەی هەڵبژاردنەوە گفتوگۆیان كرد و لەسەر پێنج خاڵ گەیشتنە ڕێككەوتن، بەڵام كێشەی كورسیی پێكهاتەكان چارەسەر نەكرا و كۆبوونەوەی دیكەی لەبارەوە دەكرێت.

بەپێی ڕاگەیەندراوی كۆتایی كۆبوونەوەكە، كۆدەنگی لەسەر "سیستەمی چواربازنەیی بەپێی پارێزگاكانی هەرێم" بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن هەبووە، هەروەها هاوڕا بوون كە تۆماری بایۆمەتریی كۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بكرێتە بنەما.

سەبارەت بە دیاریكردنی ڕێژەی كورسیی پارێزگاكانیش، ڕێككەوتوون لەسەر ئەوەی داتاكانی وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی عێراقی بەكار بهێنرێت، هەروەها كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسیی هەرێمیش كارا بكرێتەوە.

ئەوەی هێشتا بە چارەسەرنەكراوی ماوەتەوە و لایەنەكان بۆچوونی جیاوازیان لەسەر هەیە، كێشەی كورسیی پێكهاتەكانە، كە لە كۆبوونەوەکەدا ڕێككەوتنی لەسەر نەكراوە. لەوبارەیەوە حیزبەكان ڕێككەوتن كە "سەرۆكایەتیی پەرلەمان و فراكسیۆنەكان كۆبوونەوەیەك لەگەڵ نوێنەرانی پێكهاتەكان لە ناوەوە و دەرەوەی پەرلەمان، ئەنجام بدەن"، ئەمڕۆش ئەو کۆبوونەوەیە ئەنجام دەدرێت.

دەقی خاڵەكانی ڕێككەوتنی نێوان لایەنەكان:

1- سیستمی چواربازنەیی بەپێی پارێزگاكانی هەرێم دەبێت.

2- تۆماری بایۆمەتریی كۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بكرێتە بنەما بە هەموو پێداویستییەكانیەوە.

3- داتاكانی وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی عێراقی فیدراڵ بۆ دیاریكردنی ڕێژەی كورسیی پارێزگاكان بەكار دێت.

4- كاراكردنەوەی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسیی هەرێم.

5- سەرۆكایەتیی پەرلەمان و فراكسیۆنەكان كۆبوونەوەیەك لەگەڵ نوێنەرانی پێكهاتەكان لە ناوەوە و دەرەوەی پەرلەمان، ئەنجام دەدەن.