لە 12 ڕۆژی ئەم مانگەدا زیاتر لە 100 كەس بە ڕووداوی هاتوچۆ بوونەتە قوربانی

13-03-2023 03:16

پەرەگراف

تەنیا لە ماوەی 12 ڕۆژی ئەم مانگەدا، زیاتر لە 100 كەس بە ڕووداوی هاتوچۆ لە هەرێمی كوردستان بوونەتە قوربانی، بە جۆرێك بەلای كەمەوە 18 كەس گیانیان لەدەست داوە و 87 كەسی دیكە بریندار بوون، ئەمە بەپێی ئەو ئامارانە كە پەرەگراف لە سەرچاوە فەرمییەكان كۆی كردوونەتەوە و ڕەنگە هەندێك ڕووداویش تۆمار نەكرابن.

نوێترین ڕووداوی هاتوچۆ شەوی ڕابردوو لە ڕێگای زینی وەرتێ ڕووی دا، كە تێیدا ئۆتۆمبێلێك بە نۆ سەرنشینەوە لە بەرزیی 100 مەترەوە كەوتە خوارەوە، لە ئەنجامدا پێنج كەس گیانیان لەدەست داوە و چواری دیكە بریندار بوون.

زۆرترین گیانلەدەستدان لە سنووری ئیدارەی سلێمانی تۆمار كراوە، بە جۆرێك لەم 12 ڕۆژەدا 12 كەس بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەست داوە، 38 كەسیش بریندار بوون.

ڕۆژی 8-3-2023، چوار ئەندامی یەك خێزان لە ڕووداوێكی هاتوچۆدا لەسەر ڕێگای سلێمانی - دەربەندیخان گیانیان لەدەست دا، هەمان ڕۆژ ڕووداوێكی هاتوچۆ لە تونێلی پێشڕەو دوو برینداری لێ‌ كەوتەوە، هەر ئەو ڕۆژە لە ڕێگای نێوان سلێمانی - بازیان پێكدادان لەنێوان پاسێك و بارهەڵگرێكدا ڕووی دا و 15 خوێندكار بریندار بوون.

ڕۆژی 11-3-2023، ڕووداوێكی هاتوچۆدا لەسەر ڕێگای عەربەت - سلێمانی، گیانلەدەستدانی كەسێكی لێ‌ كەوتەوە، هەمان ڕۆژ لە ڕێگای نێوان كەلار - دەربەندیخان، كەسێك بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانی لەدەست دا و دووانی دیكەش برینداربوون، ڕۆژی 1ی مانگیش ئۆتۆمبێلێك لە گەڕەكی باخان وەرگەڕا و شۆفێرەكەی بریندار بوو، دواترینیشیان ڕووداوەكەی زینی وەرتێ‌ بوو كە پێنج گیانلەدەستدان و چوار برینداربوونی لێ‌ كەوتەوە.

لە 1-3-2023 تا 12-3-2023، لە هەشت ڕووداوی جیاوازی هاتوچۆ لە گەرمیان، كەسێك گیانی لەدەست داوە و 14 كەسی دیكە بریندار بوون.

لە سنووری پارێزگای دهۆكیش لەم 12 ڕۆژەدا پێنج كەس بە ڕووداوی هاتوچۆ گیان لەدەست داوە و 22 كەس بریندار بوون، دیارترینیان ڕووداوەكەی ڕۆژی 10-3-2023 بوو كە لەسەر ڕێگای ئاكرێ - ڕۆڤیا ڕووی دا، بەهۆیەوە سێ‌ كەس گیانیان لەدەست دان و 10 كەسی دیكە بریندار بوون.

لە ڕۆژانی 3 و 6-3-2023یش لە دوو ڕووداوی هاتوچۆدا دوو منداڵ لە سنووری زاخۆ گیانیان لەدەست داوە و دوو كەسی دیكە بریندار بوون. ڕِۆژی 9-3-20233، هەشت كەس لە ڕووداوێكی هاتوچۆدا لە ئامێدی بریندار بوون. لە ڕۆژی 10 ئەم مانگەشدا لە سنووری زاویتە دوو كەس بە ڕووداوی هاتوچۆ بریندار بوون.

لە سنووری پارێزگای هەولێریش، ژمارەیەك ڕووداوی هاتوچۆ ڕوویان داوە كە بەهۆیانەوە كەسێك گیانی لەدەست داوە و 23 كەسیش بریندار بوون. دیارترینیان ڕووداوەكە شەوی ڕبردوو بوو كە پاسێك لەسەر ڕێگای شەقڵاوە - باسرمە لە سنووری هەولێر تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بوو، بەهۆیەوە 18 كەس بریندار بوون.

لە ڕۆژانی 1 تا 12-3-2023یش پێنج ڕووداوی هاتوچۆی دیكە لە سنووری پارێزگای هەولێر ڕوویان داوە. لەسەر شەقامی 100 مەتریی هەولێر كەسێك گیانی لەدەست دا، لەسەر ڕێگای باسرمە - قەندیل دوو كەس بریندار بوون، لە دوو ڕووداوی وەرگەڕان لە شەوی 1 لەسەر 2ی مانگ دوو كەس بریندار بوون، لە سنووری ئیدارەی سۆران كەسێك بریندار بوو.

لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە، لەم مانگەدا هیچ حاڵەتێكی گیانلەدەستدان بە ڕووداوی هاتوچۆ تۆمار نەكراوە، تەنیا لە دوو ڕووداوی هاتوچۆدا چوار كەس بریندار بوون.

ڕۆژی 3-3-2023 ڕووداوێكی هاتوچۆ لە سنووری هەورامان لەسەر ڕێگای بیارە - تەوێڵە، برینداربوونی شۆفێر ماتۆڕسكیلێكی لێ‌ كەوتەوە، هەمان ڕۆژ لە ڕووداوێكی هاتوچۆی دیكەدا لەسەر ڕێگای هەڵەبجە - سیروان، سێ كەس بریندار بوون.

بەپێی ئاماری هاتوچۆی هەرێمی كوردستان، لە ساڵی 2022دا سێ هەزار و 706 ڕووداوی هاتوچۆ ڕوویان دابوو، بەهۆیانەوە 445 كەس گیانیان لەدەست داوە كە 78یان ئافرەتن، هەروەها حەوت هەزار و 250 كەس بریندار بوون.