سوودانی ناوەرۆکى ڕێككەوتنى هەولێر و بەغداد ئاشكرا دەكات

13-03-2023 07:58
محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق

پەرەگراف

محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، ڕایگەیاند "لەگەڵ حكومەتی هەرێم گەیشتووینەتە ڕێككەوتنێك كە سەرجەم داهاتی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان‌ دەخرێتە یەك ئەژماری بانكی و لەژێر چاودێریی حكومەتی ناوەنددا دەبێت".

پاش ئەوەی ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پرۆژەیاسای بوودجەی پەسەند كرد، محەمەد شیاع سوودانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وردەكاریی خستە ڕوو و سەبارەت بە پشكی هەرێمیش ڕایگەیاند "پشكی هەرێمی كوردستان بە 12.6% (لەسەدا 12 و پۆینت شەش) دیاری كراوە".

سەبارەت بە ناوەرۆكی ڕێككەوتنی حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق، سەرۆكوەزیرانی عێراق ئاشكرای كرد كە ڕێككەوتوون لەسەر ئەوەی "سەرجەم داهاتی نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێمی كوردستان‌ و بەرهەمە نەوتییەكانی تر بخرێتە یەك ئەژماری بانكییەوە، بەبێ هیچ جۆرە لێبڕینێك بۆ هیچ مەبەستێك".

سوودانی وتیشی "سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان یان هەر كەسێك كە ئەو سەرپشكی بكات، دەسەڵاتی خەرجكردنی داهاتەكەی دەبێت‌ و ئەم حساب بانكییە ملكەچ دەبێت بۆ چاودێری حكومەتی ناوەندی، هەموو ئەژمارە بانكییەكانی تری تایبەت بە داهاتی نەوتی هەرێم دەدەخرێن".

سەرۆكوەزیرانی عێراق، لێكتێگەیشتن لەگەڵ هەرێمی كوردستانی بە یەكێك لە هۆكارەكانی دواكەوتنی پەسەندكردنی پرۆژەیاسای بوودجە ناو برد و وتیشی "گەیشتووینەتە ڕێككەوتنێكی گشتگیر لەبارەی دۆسیە هەڵپەسێردراوەكان".

"لێكتێگەیشتنی نێوان بەغداد و هەولێر لەسەر خاڵی ڕوونن، هەر ناكۆكییەك دروست ببێت، لیژنەیەكی هاوبەش هەیە پێشنیازەكانی خۆی بۆ سەرۆكوەزیرانی فیدراڵ بەرز دەكاتەوە بۆ ئەوەی بڕیاری لەسەر بدرێت"، سەرۆكوەزیرانی عێراق وای وت.

محەمەد شیاع سوودانی ئاماژەی بەوەش كرد كە "ئەم لێكتێگەیشتنانە لە نێوان هەولێر و بەغداد جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە هەردوولا بە ئاڕاستەی پەسەندكردنی یاسای نەوت‌ و غازدا هەنگاو دەنێن".

ئەو پرۆژە بوودجەیەی كە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسەندی كرد، بۆ ساڵانی 2023، 2024 و 2025ـە و زیاتر لە 197 ترلیۆن دینارە، بڕی زیاتر لە 150 ترلیۆنی وەكوو بوودجەی بەكاربردن و بڕی زیاتر لە 47 ترلیۆن دیناریش وەكوو بوودجەی وەبەرهێنان دیاری كراوە.

بەشێك لە ژمارەكانی پرۆژەیاسای بوودجەی عێراق:

كۆی بوودجەی گشتی زیاتر لە 197 ترلیۆن دینارە.
بوودجەی بەكاربردن زیاتر لە 150 ترلیۆن دینارە.
بوودجەی وەبەرهێنان زیاتر لە 47 ترلیۆن دینارە.
كورتهێنان لە بوودجەدا بە بڕی 63 ترلیۆن دینار دانراوە.
كۆی داهات زیاتر لە 134 ترلیۆن دینارە.
داهاتی نەوتی زیاتر لە 117 ترلیۆن دینارە لەسەر بنەمای دیاریكردنی نرخی یەك بەرمیل نەوت بە 70 دۆلار.
داهاتی نانەوتی زیاتر لە 17 ترلیۆن دینارە.
زیاتر لە 12 ترلیۆن دینار بۆ دانەوەی قەرزەكانی حكومەت تەرخان كراوە.
بوودجەی گەشەپێدانی هەرێم دوو ترلیۆن و 500 ملیار دینارە.