چالاکوانانی هەڵەبجە: گرتن و لێدان و هەڕەشە زیاتر سوورمان دەکات لە سەر داکۆکی لە مافی گشتی

14-03-2023 02:45
کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی سەرپەرشتیارانی ناڕەزاییەکانی خەڵکی هەڵەبجە، ١٤-٣-٢٠٢٣

پەرەگراف

چالاکوانانی هەڵەبجە سوورن لەسەر ئەنجامدانی ڕێپێوان لە یادی ٣٥ ساڵەی کیمیاییبارانی شارەکەیان، ئەوەش وەک پیشاندانی ناڕەزایی لە فەرامۆشکردن و خراپی ڕەوشی شارەکەیان و خزمەتگوزارییە گشتییەکان.

سەرپەرشتیارانی ناڕەزاییەکانی خەڵکی هەڵەبجە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند، گرتن و لێدان و هەڕەشە زیاتر سووریان دەکات لە سەر داکۆکی لە مافی گشتی و ئەمڕۆ ڕێپێوان ئەنجام دەدەن.

ئێوارەی دوێنێ ژمارەیەک چالاکوانی هەڵەبجە لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیرکران بە پاساوی "بانگەشەکردن بۆ خۆپیشاندان"، دوای چەند کاتژمێرێک ئازادکران، چالاکان دەڵێن، دەستگیرکردن ڕق ئەستورتریان دەکات.

ئازادکردنی ئەو چالاکوانانە دوای فشارو ڕەخنەی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکان و کەسایەتییەکان دێت کە دەستگیرکردنی ئەو چالاکوانانەیان بە تووندی ئیدانەکرد.