پەرەگراف
بزووتنەوەی ئیسلامی لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی مەكتەبی سیاسی و شوورای حیزبەكەدا لە شاری سلێمانی، بڕیاری پڕكردنەوەی كورسییە بەتاڵەكانی یەكگرتووی ئیسلامیی لە پەرلەمانی كوردستان دا و دەڵێت "بۆ یەك سەعاتیش بێت دەچینە پەرلەمانی كوردستان".
پەرلەمانی کوردستان سبەینێ بۆ پڕکردنەوەی کورسیی پەرلەمانتارە دەستلەکارکێشاوەکان کۆدەبێتەوە کە پێنج ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتوون لەگەڵ کازم فاروق لە نەوەی نوێ و عەلی حەمەساڵح لە فراکسیۆنی گۆڕان.
بەرپرسانی بزووتنەوە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند، سەركردایەتیی یەكگرتووی ئیسلامی و خودی سەلاحەدین محەمەد بەهادین قسەیان لەگەڵ ڕابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامی كردووە و گوتویانە "پێمان خۆشە ئێوە كورسییەكان پڕ بكەنەوە".
بزووتنەوە دەڵێت "دیار نییە كەی هەڵبژاردن دەكرێت و ئەگەر ئێمە ئەو كورسییانە پڕ نەكەینەوە، دابەش دەكرێت بەسەر لایەنە گەورەكانی وەكوو یەكێتی و پارتیدا".
لە كۆی پێنج كورسیی فراكسیۆنی دەستلەكاركێشاوەی یەكگرتوو، سێ كورسی بەر بزووتنەوەی ئیسلامی دەكەوێت بەوپێیەی لە ھەڵبژاردنی پێشووی پەرلەماندا ھاوپەیمان بوون و یەک لیستیان ھەبوو، دوو كورسییەكەی دیكە بۆ كاندیدی دیكەی یەكگرتووی ئیسلامین كە ئامادەنین پڕی بكەنەوە.