سوودانی: گفتوگۆكانم لەگەڵ سەرۆكانی پارتی و حكومەت و هەرێم بنیاتنەر و بەرهەمدار بوون

15-03-2023 02:44

پەرەگراف

سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆبوونەوەكانی لەگەڵ هەرسێ‌ سەرۆكانی پارتی، حكومەت و هەرێم بە "بەرهەمدار" وەسف دەكات و دەڵێت "هەستمان بە خواستێكی جددی كرد بۆ پێكەوەكاركردن". مەسعود بارزانییش پاڵپشتیی بۆ حكومەتی عێراق دووپات كردەوە و مەسرور بارزانی دەڵێت "نیازپاكیی محەمەد شیاع سوودانی گرنگە بۆ گەڕاندنەوەی متمانە". نێچیرڤان بارزانییش پێی وایە "ئەو كارانەی تا ئێستا (سوودانی) لە كارنامەی حكوومەت جێبەجێی كردوون، ئەرێنی و مایەی ئومێدن".

پاش كۆتاییهێنان بە كۆبوونەوەكانی لە هەولێر، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، درەنگانێكی شەو لە تویتێكدا وتی "گفتوگۆیەكی بنیاتنەر و بەرهەمدارمان لە شاری هەولێر لەگەڵ سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ساز كرد".

سوودانی دەشڵێت "كاردانەوەیەكی ئەرێنی لەگەڵ هەنگاوەكانمان بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەی حكومەت بەدی كرد، هەروەها هەستمان بە خواستێكی جددی كرد بۆ پێكەوەكاركردن لەپێناو ئاواتی نەوەكانی گەلە خۆشەویستەكەمان لە هەموو شوێنێك".

سوودانی كە پاشنیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە 14-3-2023 بۆ یەكەم جار لە دوای وەرگرتنی پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق بە سەردانێك گەیشتە هەولێر، لە فڕۆكەخانەی هەولێر لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمەوە پێشوازیی لێ‌ كرا.

پاش گەیشتنی سوودانی، مەسرور بارزانی لە تویتێكدا بەخێرهاتنی لێ‌ كرد بۆ هەرێمی كوردستان و وتی "نیازپاكیی (سوودانی) گرنگە بۆ گەڕاندنەوەی متمانە". وتیشی "پەسەندكردنی پرۆژەیاسای بودجەی فیدڕاڵی و پێشكەوتن لە بابەتی وزە، بناغەیە بۆ پەیوەندییەكی نوێی پتەو، با لەسەر ئەم بنەمایە كار بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بكەین".

دواى كۆبوونەوەی سەرۆكوەزیرانی عێراق و سەرۆكی حكومەتی هەرێمیش، ماڵپەڕی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند "سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئاماژەی بەوە دا كە كەشێكی ئەرێنی هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و ئەگەر نیاز و ویست و ئیرادە هەبێت، دەكرێ هەموو كێشەكان چارەسەر بكرێن".

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوی حكومەتی هەرێم، سەرۆكوەزیرانی عێراق جەختی لەوە كردەوە كە "دەرفەتێكی باش و ئارەزوو و ویستێكی بەهێزمان هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لە چوارچێوەی دەستوور و ڕێككەوتنی لایەنەكان بۆ پێكهێنانی حكومەت".

"لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی چەندین تەوەر كرا، لەوانە: گرنگیی ئامادەكردنی هەردوو پڕۆژەیاسای دادگای باڵای فیدراڵ و نەوت و گاز، قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی دەستی ڕژێمی بەعس بەپێی دەستوور، بەتایبەتی كەسوكاری شەهیدانی كیمیاباران و ئەنفالكراوان، هەروەها پەرەپێدانی هەماهەنگیی لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق"، حكومەتی هەرێم وا دەڵێت.

تەوەرێكی دیكە كە حكومەتی هەرێم جەختی لێ‌ كردووەتەوە، جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی شنگالە، كە لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە "جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكە وەكوو خۆی و دەرچوونی هێز و میلیشیا چەكدارەكان و ئاساییكردنەوە و ئاوەدانكردنەوی ناوچەكە".

دوای كۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆكی حكومەتی هەرێم، مەسعود بارزانیی سەرۆكی پارتی بە سازكردنی "نیوەڕۆخوانێك" پێشوازیی لە سەرۆكوەزیرانی عێراق كرد.

بارەگای بارزانی دەڵێت "هەر لەو نیوەڕۆخوانەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەنگاوەكانی حكوومەتی عێراق و جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەكان ئاڵوگۆڕ كران، جەختیش لە چارەسەركردنی گرفتەكان لەسەر بنەمای دەستوور كرایەوە".

"هەروەها سەرۆك بارزانی پاڵپشتیی خۆی بۆ حكوومەتی عێراقی دووپات كردەوە و هیواشی خواست ئیرادەی هەموو لایەنە سیاسییەكان بە ئاراستەی چارەسەركردنی كێشەكان و سەقامگیری بێت"، بارەگای بارزانی وا دەڵێت.

ئێوارەی ئەمڕۆیش نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە محەمەد شیاع سوودانی و شاندی یاوەری كرد.

سەرۆكایەتیی هەرێم دەڵێت "لە كۆبوونەوەیەكدا پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا و دوایین پەرەسەندنەكانی گفتوگۆی نێوان هەردوو لایان تاوتوێ كرد، دەربارەی دۆخی ئێستای عێراق و ئاڵنگارییەكانی بەردەمی بیروڕایان گۆڕییەوە".

نێچیرڤان بارزانی "سوپاس و پێزانین"ی بۆ سوودانی دەربڕوە لە بەرانبەر "تەواوكردنی ڕێكارەكانی بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە و پەسەندكردنی پرۆژەیاسای بودجەی عێراق".

بەپێی ڕاگەیەندراوی سەرۆكایەتیی هەرێم، سوودانی "دووپاتی كردەوە كە سەقامگیری و ئاسایش و پێشكەوتنی عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە، پێكەوە گرێ دراوە، بەپارێزگاكردنی هەڵەبجەیشی بە خزمەتێكی بچووك زانی بەرامبەر ئەو تاوانەی بەرامبەر ئەو شارە كراوە".

دوای كۆبوونەوەیشیان، نێچیرڤان بارزانی و محەمەد شیاع سوودانی بەشدارییان لە كۆبوونەوەیەكی هاوبەشدا كرد لەگەڵ سەرۆك و سەركردەی هێز و لایەنە سیاسییەكان و نوێنەرانی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان و پارێزگار و سەرۆكی ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان، كە تیایدا "بیروڕایان دەربارەی دۆخی ئێستای عێراق و هەرێمی كوردستان" ئاڵوگۆڕ كردووە.

سەرۆكوەزیرانی عێراق پاش كۆتاییپێهێنانی كۆبوونەوەكانی لە هەولێر، سەردانی سلێمانی دەكات و سبەینێ‌ بەشداریی دیداری سلێمانی دەكات.