دادگای فیدراڵی دانیشتنی تایبەت بە سكاڵای دژی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستانی دواخست

15-03-2023 01:02

پەرەگراف

دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق دانیشتنی تایبەت بە سكاڵای دژی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستانی دواخست كە بڕیاربوو ئەمڕۆ دانیشتنەكە ئەنجام بدرێت. دادگاكە داوایەكی تیمی پارێزەرانی پەرلەمانی كوردستانیشی ڕەت كردەوە.

دادگای فیدراڵی سكاڵاكەی "بەمەبەستی وردبینی" بۆ ٢٩-٣-٢٠٢٣ دواخست، هەروەها داواكارییەكی تیمی پارێزەرانی پەرلەمانی كوردستانی بۆ "بەشداریپێكردنی نوێنەری كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان لە دۆسیەكەدا" ڕەت كردەوە.

لە بەرانبەر درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، سكاڵا لەسەر سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن یوسف محەمەد، سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان و سروە عەبدولولحید، سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ لە پەرلەمانی عێراق و شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ و كاوە عەبدولقادر، سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان، تۆمار كراوە.

سكاڵاكارەكان دەڵێن، درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن پەرلەمان خۆیەوە، نایاساییە و پێچەوانەی دەستووریشە. داوای هەڵوەشاندنەوەی یاسای ژمارە ١٢ی ساڵی ٢٠٢٢ی تایبەت بە درێژكردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان دەكەن، كە لە ڕۆژی ٩-١٠-٢٠٢٢ لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە پەسەند كرا.

دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق هەر چوار سكاڵاكەی كردووە بە یەك و ڕۆژی ١٨-١٢-٢٠٢٢ یەكەم دانیشتنی لەوباریەوە ئەنجام دا.