مەسرور بارزانی: پێشوازی لە پەسەندکردنی ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵ لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە دەکەین

15-03-2023 02:05

پەرەگراف

مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، پێشوازی لە پەسەندکردنی ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵ لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی  عێراقەوە دەکەن و بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، میکانیزم و ڕێکاری پێویست دادەنێن بۆ ئەوەی بڕگەکانی ئەم یاسایە لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان و عێراق جێبەجێ بکرێت.

سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا، جەختی لەوەکردەوە کە هەروەک چۆن لە ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵ، هەماهەنگییەکی باش لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ هەبووە، پێویستە بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی بودجەش، هەماهەنگیی و لەیەکتێگەیشن لە نێوان هەردوولادا هەبێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان، داوا دەکات ئەم پڕۆژە یاسایە، لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش، لە ماوەیەکی نزیکدا پەسەند بکرێت تاکوڤهەرچی زووە، بخرێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

ڕاگەیەندراوی مەسرور بارزانی لەبارەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران

ئەمڕۆ سەرپەرشتی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانمان کرد.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، کورتەیەکمان دەربارەی ئەنجامی سەردانی دوێنێی شاندی باڵای حکومەتی فیدراڵی بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڕێز محەمەد شیاع سوودانی بۆ هەرێمی کوردستان خستەڕوو.

ئاماژەمان بەوە دا، کە لە بارەی چەندین تەوەر، گفتوگۆیەکی ڕاشکاوانە کرا و هەستمان بەوە کرد کە سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ، ویست وئارەزوویەکی بەهێزی هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور و ڕێککەوتنی لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت.

هەروەها بە بۆنەی تەواوکردنی ڕێکارەکانی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە کە هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە، بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، سوپاسی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و حکومەتی عێراقمان کرد و هیوادارین ئەم هەنگاوە، ببێتە هۆی زیاتر بووژانەوە و ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان لەم پارێزگایە. ئاماژەمان بەوەشدا کە دوێنێش داوامان لە سەرۆک وەزیرانیفیدراڵ کردووە کە پێویستە بە پێی دەستوور، قەرەبووی بنەماڵە و کەس و کاری شەهیدان و زیانلێکەوتووانی دەستی ڕژێمی پێشووی عێراق بکرێتەوە.

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا، دوایین هەنگاوەکانی پەسەندکردنی یاسای بودجەی گشتیی عێراق لە لایەن شاندی دانوستانی حکومەتی هەرێمی کوردستان خرایەڕوو.

جەختمان لە وە کردەوە کە هەروەک چۆن لە ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵ، هەماهەنگییەکی باش لە نێوان حکومەتی هەرێم وحکومەتی فیدراڵ هەبوو، پێویستە بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی بودجەش، هەماهەنگیی و لەیەکتێگەیشن لە نێوان هەردوولادا هەبێت، بۆ ئەوەی یاسای بودجە بە باشی و دروستی و بەشێوەیەک جێبەجێ بکرێت کە لە خزمەتی گشت پێکهاتەکانی عێراقدا بێت.

ئەنجومەنی وەزیران، پێشوازی لە پەسەندکردنی ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵ لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی  عێراقەوە دەکات وبە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ ، میکانیزم و ڕێکاری پێویست دادەنێت بۆ ئەوەی بڕگەکانی ئەم یاسایە لە بەرژەوەندی هەرێمیبکوردستان و عێراق بە گشتی، جێبەجێ بکرێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان، داوا دەکات ئەم پڕۆژە یاسایە، لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش، لە ماوەیەکی نزیکدا پەسەند بکرێت تاکوهەرچی زووە، بخرێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

لە بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆمان لەبارەی بارودۆخی ئێستای دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراد و ڕاسپاردە و پێشنیاری پێویست سەبارەت بە چۆنیەتی زیادکردنی داهاتی گشتی خرانەڕوو، بەمەبەستی پڕکردنەوەی خەرجییەکان و دابینکردنی مووچەی مانگانەی فەرمانبەران و خانەنشینان و دابەشکردنی لە کاتی خۆیدا.