سوودانی: زۆر بە ڕوونی دەیڵێین كە بەهێزیی هەرێمی كوردستان، بەهێزییە بۆ عێراق

15-03-2023 02:21

پەرەگراف

محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، لە دیداری سلێمانی ڕایگەیاند "زۆر بە ڕوونی دەیڵێین كە بەهێزیی هەرێمی كوردستان، بەهێزییە بۆ عێراق و پشتیوانی لە یەكڕیزیی سەركردەكانی كورد دەكەین".

سوودانی بەیانیی ئەمڕۆ بۆ بەشداری لە دیداری سلێمانی، لە هەولێرەوە گەیشتە فڕۆكەخانەی سلێمانی و لەلایەن بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتییەوە پێشوازیی لێ‌ كرا.

سوودانی لە دیدارەكەدا جەختی لە نیازپاكیی كابینە حكومییەكەی بۆ كۆتاییهێنان بە كێشە هەڵپەسێردراوەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان كردەوە و وتیشی "كۆبوونەوەكانم لە هەولێر بەرهەمدار بوون".

سەرۆكوەزیرانی عێراق وتیشی "بەشێكی زۆری بڕگەكانی بەرنامەی وزاریی حكومەتمان جێبەجێ‌ كردووە و بۆ یەكەم جار سەركەوتوو بووین لەوەی بوودجە بۆ ماوەی سێ ساڵ ئامادە بكەین".

سەبارەت بە پێشێلكارییەكانی سەر خاكی عێراق، سوودانی جەختی كردەوە كە دەبێت وڵاتانی دراوسێ‌ ڕێز لە سەروەریی خاكی عێراق بگرن و عێراقیش ڕێگە نادات خاكەكەی بۆ هەڕەشە لەسەر وڵاتانی دراوسێ‌ بەكار بهێنرێت.

هەروەها سەرۆكوەزیرانی عێراق جەختی لە پەیوەندیی ستراتیژیی نێوان عێراق و ئەمریكا كردەوە و سەبارەت بە دەستوەردانی ئێرانیش لە كاروباری ناوخۆیی عێراق، سوودانی پێی وابوو "زیادەڕۆیی" لەو بابەتەدا كرا.