گۆھدار زێباری بڕیاربوو سبەینێ ئازاد بکرێت، بەڵام بە زیندانیکردن بۆ ماوەی حەوت مانگی دیکە سزا درا

15-03-2023 07:52

پەرەگراف

گۆھدار زێباری یەکێک لە حوکمدراوانی بادینان بڕیاربوو سبەینێ ئازاد بکرێت، بەڵام ئەمڕۆ دادگای ھەولێر لەسەر دۆسیەیەکی دیکە سزایبەندکردن بۆ ماوەی حەوت مانگی دیکەی بەسەردا سەپاند.

سزاکە بەھۆی تۆمەتێکە کە پێشووتریش لە دادگا ئاڕاستەی کراوە ئەویش گۆڕانی لۆگۆی ئۆتۆمبێلەکەیەتی، بەڵام گۆھدارو پارێزەرەکانی ئەوتۆمەتە ڕەتدەکەنەوە.

پارێزەری گۆھدار بە ڕۆژنامەنووسانی وت، بەبێ ئاگاداریی ئەوان ئەمڕۆ گۆھدار براوەتە دادگا، لەبارەی ئەو تۆمەتەی ئاڕاستەی کراوە، پارێزەرەکەی وتی "ئۆتۆمبێلەکەی مۆدێل کۆنەو دایۆیە، بەڵام لە پێشەوە لۆگۆی تۆیۆتای لێدراوە، گۆھدار کە کڕیویەتی ھەر بەوجۆرە بووەو ھیچ تاوانێکی پێ ئەنجام نەداوە".

دوای سزاکەی ئەمڕۆ، گۆھدار لە پەیامێکی دەنگیدا دەڵێت، ئەو سزایەی ئەمڕۆ سزادانی دایک و کەسوکاری بووە کە ئامادەکارییان کردووە بۆ ئازادکردنەکەی کە بڕیار بوو سبەینێ بێت.

کۆنگرەی پارێزەرەکەی و پەیامە دەنگییەکەی گۆھدار

گۆھدار یەکێک بوو لەو پێنج چالاك و ڕۆژنامەنووسەی بادینان، ڕۆژی 16-2-2021 لەلایەن دادگای تاوانەكانی دووی هەولێرەوە بە "تاوانی تێكدانی ئاسایشی نیشتمانی"، هەریەكەیان سزای شەش ساڵ زیندانیكردنیان بەسەردا سەپێندرا.

دۆسیەی ئەو چالاكانە و سزادانیان لەلایەن پارێزەران و چەندین ڕێكخراوی بوای مافی مرۆڤ ڕەخنەی لێ‌ گیرا و بە "نادادپەروەرانە" ئەژماركرا، بە تایبەت كە ئەو سزادراوانە لەبەردەم دادوەردا ڕایانگەیاندبوو "بەبێ‌ ئامادەبوونی پارێزەر، لەژێر ئەشكەنجە و هەڕەشەدا" وتەیان لێ ‌وەرگیراوە.