سێ چالاکوانی حوکمدراوی بادینان ئازادکران

16-03-2023 02:24
شڤان بەرۆشکی و ھاریوان عیسا و ئەیاز کەرەم چالاکانی بادینان

پەرەگراف

 ھەریەکە ئەیاز کەرەم و هاریوان عیسا و شڤان بەرۆشکی چالاکوانانی حوکمدراوی بادینان ئەمڕۆ ئازاد کران.

ئازادکردنی ئەو چالاکوانانە دوای تەواوبوونی ماوەی حوکمەکەیان بوو لە زیندان، ھەریەکە لە شێروان شێروانی و گوھدار زێباری کە پێکەوە لەگەڵ ئەو سێ چالاکوانە سزای زیندانیی شەش ساڵیان بەسەردا سەپێندرا ھێشتا ئازاد نەکراون.

ئەو سێ چالاکوانەی ئەمڕۆ ئازاد کران بە بڕیاری سەرۆکی ھەرێم ماوەی زیندانییان لەسەدا ٦٠ کەمکرایەوە، بڕیاربوو گۆھدار زێباریشئەمڕۆ ئازاد بکرێت بەڵام دوێنێ لەسەر دۆسیەیەکی دیکە بە حەوت مانگ زیندانیی حوکمدرا، شێروان شێروان ماوەی مانەوەی لە زیندان تەواونەبووە بەوپێیەی سەرۆکی ھەرێم لەسەدا ٥٠ ماوەی زیندانیی ئەوی کەمکردەوە.

ئەو پێنج چالاك و ڕۆژنامەنووسەی بادینان، ڕۆژی 16-2-2021 لەلایەن دادگای تاوانەكانی دووی هەولێرەوە بە "تاوانی تێكدانی ئاسایشی نیشتمانی"، هەریەكەیان سزای شەش ساڵ زیندانیكردنیان بەسەردا سەپێندرا.

دۆسیەی ئەو چالاكانە و سزادانیان لەلایەن پارێزەران و چەندین ڕێكخراوی بورای مافی مرۆڤ ڕەخنەی لێ‌ گیرا و بە "نادادپەروەرانە" لەقەڵەم درا، بە تایبەت كە ئەو سزادراوانە لەبەردەم دادوەردا ڕایانگەیاندبوو "بەبێ‌ ئامادەبوونی پارێزەر، لەژێر ئەشكەنجە و هەڕەشەدا" وتەیان لێوەرگیراوە.