هیچ كام لە سەرۆكایەتییەكانی هەرێم بۆ یادی كیمیاییباران نەچوونە هەڵەبجە

16-03-2023 05:38

پەرەگراف

35 ساڵ بەسەر كیمیاییبارانی شاری هەڵەبجەدا تێدەپەڕێت و هەڵەبجەییەكان و كەسوكاری قوربانییان نیگەران و ناڕازین لە بارودۆخی شارەكەیان و ژیانی خۆیان. هیچ كام لە سەرۆكایەتییەكانی هەرێمیش بۆ بەشداری لە یادكردنەوەی ئەو مەرگەساتە نەچوونە هەڵەبجە و هەر لە شوێنی كارەكانی خۆیانەوە بە خولەكێك وەستان بە بێدەنگی و دەركردنی ڕاگەیەندراوێك بەشدارییان لە یادەكەدا كرد، بەڵام سەرۆككۆماری عێراق بۆ بەشداری لە یادەكە چووە ئەو شارە.

كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە لە ساڵیادی كیمیاییبراندا بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی چووەتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم و دەڵێت "لەو سۆنگەیەوە چووینە هەولێر، كە ئەو شوێنە بەرپرسی یەكەمی فەرامۆشكردنی هەڵەبجەیە، پرتەوبۆڵەی نێو خۆمان لە هەڵەبجەدا و لە دوورەوە، هیچ سوودێكی نییە و دەبێت ناڕەزایەتییەكانمان لە شوێنی خۆیدا دەرببڕێت".

كۆمەڵەكە داوای ئاوڕدانەوە لە هەڵەبجە و جێبەجێكردنی داواكارییەكانی هەڵەبجە و قوربانیەكانی كرد و دەڵێت "چوونمان بۆ هەولێر تەنها بۆ ئەو مەبەستە بووە، تكایە كەس بە هەڵەدا نەچێ و تفەنگ بە تاریكییەوە نەنێت".

ئەمڕۆ بەرپرسانی ئداریی پارێزگای هەڵەبجە و بەشێك لە سەركردەی حیزبەكان و كەسوكاری قوربانییان یادی كیمیاییبارانی هەڵەبجەیان بەرز ڕاگرت، هەرچەندە چەند ڕۆژێك لەمەوبەر بەشێكی زۆر لە كەسوكاری قوربانیان، ڕێكخراو، چالاكان و كەسایەتییەكانی هەڵەبجە بایكۆتی یادەكەیان ڕاگەیاند بەهۆی خزمەتنەكردنی پارێزگاكە و كەسوكاری قوربانیان.

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم و بەشێك لە وەزیر و بەرپرسانی ئەنجوومەنی وەزیران، لە ئەنجوومەنی وەزیران، بۆ بەرز ڕاگرتنی یادی كیمیاییباران خولەكێك بە بێدەنگی وەستان.

مەسرور بارزانی دەڵێت "بە ڕێز و شكۆوە یادی شەهیدە ستەملێكراوەكانی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە دەكەینەوە كە لە تاوانێكی هۆڤانەدا، بوونە قوربانی و هەمیشە لە دەروون و ویژدانی گەلی كوردستان و مرۆڤایەتیدا، بە زیندوویی دەمێننەوە".

سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەشڵێت "هەڵوێستی حكومەتی فیدراڵ بۆ بە فەرمی پەسەندكردنی پارێزگای هەڵەبجە بەرز دەنرخێنین. دووپاتی دەكەینەوە كە پێویستە حكومەتی فیدراڵ لە ئاست بەرپرسیاریێتیی ئەخلاقی خۆیدا بێت و هەروەك لە دەستووردا هاتووە، بە شێوەیەكی شایستە قەرەبووی كەسوكار و بنەماڵەی شەهیدانی هەڵەبجە و ئەنفالكراوان و هەموو زیانلێكەوتووان و قوربانیانی دەستی ڕژێمی بەعس بكاتەوە".

هەروەها نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ بەرپرسان و فەرمانبەرانی سەرۆكایەتیی هەرێم خولەكێك بۆ گیانی قوربانیانی هەڵەبجە بە پێوە وەستان. لە ڕاگەیەندراوێكیشدا دەڵێت "كیمیابارانكردنی هەڵەبجە، مۆركی ڕسوایی و شەرمەزارییە بە نەوچەوانی تاوانكارانەوە، لە جیهانیش ناسنامە و گەواهیی ستەملێكراویی گەلی كوردستانە".

سەرۆكی هەرێم سوپاسی "حكوومەتی فیدراڵیی عێراق و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان لە عێراق و هەرێمی كوردستان" دەكات بۆ تەواوكردنی ڕێكارەكانی بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە و دەشڵێت "جەخت دەكەینەوە كە هەڵەبجە و هەڵەبجەیییەكان لە هەموو ڕوویەكەوە پێویستیان بە خزمەتی زیاترە".

سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستانیش تەنیا بە ڕاگەیەندراوێك بەشداریی ساڵیادی كیمیاییبارانی هەڵەبجەی كرد كە تێیدا دەڵێت "لە ٣٥ـەمین ساڵڕۆژی كیمیابارانكردنی شاری هەڵەبجەدا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ سەرجەم شەهیدانی ئەم مەرگەساتە پڕ ئازارە دادەنەوێنین، بەشكۆوە تاجەگوڵینەی سەرفرازی و نەمری لەسەر گڵكۆكانیان دادەنێین".

سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان، سوپاس و پێزانینی ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ كردووە بۆ بڕیاری بەپاریزگابوونی هەڵەبجە و دەشڵێت "هاوكات دەبێت حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیش ھەموو توانایەكی بخاتە گەڕ بۆ ئاوەدانكردنەوەی زیاتر و بنیادنانەوەی سێكتەرە جیاجیاكانی ھەڵەبجە و دەڤەرەكە بەگشتی".

لەتیف ڕەشید، سەرۆككۆماری عێراق، تاكە بەرپرسی باڵای هەرێم و عێراق بوو لەسەر ئاستی سەرۆكایەتییەكان سەردانی هەڵەبجەی كرد و بەشداریی ساڵیادەكەی كرد و وتی "دەبێت بە هەموو لایەك هەوڵ بدەین خەڵكی هەڵەبجە ڕازی بكەین، بە خزمەتگوزاری و بە خزمەتكردنیان".