حکومەتی عێراق پڕۆژە یاسای بودجەی سێ ساڵی ڕادەستی پەرلەمان کرد

17-03-2023 12:28

پەرەگراف

وتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە، ڕەشنووسی یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵانی دارایی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و٢٠٢٥ بە فەرمی ڕادەستی ئەنجومەنی نوێنەران کرا.

باسم عەوادی لە بەیاننامەیەکدا دەشڵێت، دووپاتی دەکەینەوە کە ڕەشنووسی یاسای بودجە، توانای ئاسانکاری هەیە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەو پلان و بەرنامەکانی جێبەجێکردن و گەشەپێدان و دابینکردنی ژێرخان و خزمەتگوزارییەکان بۆ هاووڵاتیان.

١٣ی ئەم مانگە حکومەتی عێراق پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵانی 2023 و 2024  و 2025ـی پەسند کرد.

پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەی بودجەکەدا بە لە سەدا ١٢.٦ جێگیر کراوە ئەوەش لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد.

دوو ڕۆژ دواتر مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، پێشوازی لە پەسەندکردنی ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵ لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە دەکەن و بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، میکانیزم و ڕێکاری پێویست دادەنێن بۆ ئەوەی بڕگەکانی ئەم یاسایە لەبەرژەوەندی هەرێمی کوردستان و عێراق جێبەجێ بکرێت.

سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا، جەختی لەوە کردەوە کە هەروەک چۆن لە ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵ، هەماهەنگییەکی باش لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ هەبووە، پێویستە بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی بودجەش، هەماهەنگیی و لەیەکتێگەیشن لە نێوان هەردوولادا هەبێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان، داوا دەکات ئەم پڕۆژە یاسایە، لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش، لە ماوەیەکی نزیکدا پەسەند بکرێت تاکو هەرچی زووە، بخرێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.