هەسەدە: یەكینەكانمان بەڕێوەبوون بۆ سلێمانی و دوو هیلیكۆپتەرەكەیان كەوتنەخوارەوە‌و 9 شەڕڤانمان شەهیدبوون

17-03-2023 05:24

پەرەگراف

هێزەكانی سوریای دیموكرات ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی کەوتنەخوارەوەی ھێلیکۆپتەرەکان لە پارێزگای دھۆک بڵاوکردەوەو دەڵێت، یەكینەكانیان بەڕێوەبوون بۆ سلێمانی و دوو هیلیكۆپتەرەكەیان كەوتوونەتەخوارەوە‌و 9 شەڕڤانیان شەهیدبوون.

ھەسەدە دەڵێت، لەچوارچێوەی هەوڵەكانی روبەڕوبونەوەی شانەكانی داعشدا، گروپێك لە یەكینەكانی روبەڕووبونەوەی تیرۆر (YAT سەربەهێزەكانیان چوون بۆ هەرێمی باشوری كوردستان بۆ ئاڵوگۆڕی شارەزایی ئەمنی‌و سەربازیی.

"لەكاتی جوڵەی یەكینەكە بۆ شاری سلێمانی، لە ئێوارەی 15ی ئازاری 2023دا، بەهۆی خراپی دۆخی كەشوهەواوە، دوو هێلیكۆپتەر كەوتنەخوارەوە كە ئەو هێزەی هەڵگرتبوو. بەهۆی كەوتنەخوارەوە دوو هێلیكۆپتەرەكەوە (9) كەس لە شەڕڤانەكانمان بە فەرماندەیی (شەڕڤانكۆبانێ) شەهیدبوون" ھەسەدە وادەڵێت.

دەشڵێت "ئەم هێزە راهێنراوانە هاوبەشێكی سەرەكی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە لە شەڕی دژ بە داعشدا. داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەكان لەهەرێمی باشوری كوردستان دەكەین هاوكاری بكەن بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی شەهیدەكان بۆ ناوچەكانی باكورو خۆرهەڵاتی سوریا‌و بەگوێرەیداب‌و نەریت مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتەدا بكەن".

ئەو ڕووداوە لە نزیک گوندی بێرکیات لە ناحیەی چەمانکێ لە پارێزگای دهۆک ڕوویدا، ئەوکات دژە تیرۆری کوردستان(پارتی) زانیاریی لەبارەیەوە بڵاوکردەوەو وتی: ھێلیکۆپتەرێک بووەو تەواوی سەرنشینەکانی گیانیان لە دەست داوەو چەند کەسێکیان چەکدارانی پەکەکە بوون.