بارزانی: بۆ ئەوەی شەرعیەت نەخرێتە ژێر پرسیار پێویستە ئەمساڵ هەڵبژاردن بكرێت

18-03-2023 03:49
کۆبوونەوەی ئەمڕۆی بارزانی و دیبلۆماتکارو نوێنەرانی وڵاتان.

پەرەگراف

مەسعود بارزانی جەخت دەکاتەوە، بۆ ئەوەی شەرعیەت لە هەرێمی كوردستان نەخرێتە ژێر پرسیار پێویستە ئەمساڵ هەڵبژاردن بكرێت و دەڵێت: هاوكاری و هەماهەنگییەكی باش لەنێوان تیمە نێودەوڵەتییەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێم هەیە بۆ ئامادەكارییەكانی هەڵبژاردن.

ئەو وتانەی بارزانی لە میانی وتارێکدا بووە کە لە میوانداریی و نیوەڕۆخوانی دیپلۆماتكار و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی لە عێراق و هەرێمی كوردستان پێشکەشی کردووە.

بارەگای بارزانی دەڵێت، سەرۆکی پارتی پەیوەست بە مافی پێكهاتەكان لە هەڵبژاردنەكاندا ئەوەی دووپات كردەوە كە نابێ هیچ دەستوەردان لە مافی پێكهاتەكاندا بكرێت و، ئیرادە و سیغەیەكی دیاریكراوە بەسەر پێكهاتەكانی هەرێم بسەپێندرێت. ئەوە لەکاتێکدایە کورسیی پێکھاتەکان و شێوازی ھەڵبژاردن و دەنگدان بە کاندیدی پێکھاتەکان ناکۆکیی سەرەکیی نێوان پارتی و حیزبەکانی دیکەیە.

"دەبێ ڕێز لە ئیرادەی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی كوردستان بگیرێت و خودی پێكهاتەكان و ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان هەرسیستەمێك بۆ بەشداریكردنی پێكهاتەكان بە باش بزانن بەلای ئێمەشەوە پەسەند دەبێت" بارزانی وادەڵێت.

بارزانی لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق و حكوومەتی هەرێم ئەوەی خستووەتەڕوو كە دەرفەتێكی باش بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەئارادایە و ئیرادە و خواستێكیش دەبیندرێت بۆ ئەوەی كێشەكان بە لێكتێگەییشتن و بە پشتبەستن بە دەستوور ولەسەر بنەمای ئەو ڕێككەوتنانە چارەسەر بكرێن كە لەنێوان لایەنە پێكهێنەرەكانی هاوپەیمانێتیی ئیدارەی دەوڵەت بەستراوە.

بارزانی سەردانی چەند ڕۆژی ڕابردووی محەمەد شیاع سودانی بۆ هەرێمی کوردستانی بە دەرفەتێکی باش بۆ لێکتێگەییشتنی زیاتری نێوان هەرێم و حکوومەتی فیدڕاڵ لەمەڕ نەهێشتنی ناکۆکییەکان لەقەڵەم داوە.