پارتی چاوەڕوانەو گۆڕان پێداگرە؛ كۆمەڵ بێدەنگە بۆ بەشداریی لە كابینەی نوێ

07-05-2019 07:16
عەلی باپیر ئامادەنییە سەردانی بارزانی بكات.


پەرەگراف- سوركێو محەمەد

هێشتا بەشداریی كۆمەڵی ئیسلامیی بەڕوونی یەكلایی نەبووەتەوە لە كابینەی نوێی حكومەت، هەرچەندە پێدەچێت ئەو حیزبە لایخۆیەوە بڕیاری لەو بارەیەوە دابێت، بەڵام ئامادەنییە ئاشكرای بكات، ئەوە لەكاتێكدایە سێ لایەنی سەرەكیی پێكهێنەری كابینەی نوێ گەیشتوونەتە ڕێككەوتنی كۆتایی دابەشكردنی پۆستەكان‌و هەنگاو بەرەو پێكهێنانی كابینەكە دەنێن.

بزووتنەوەی گۆڕان كە لە چوار ساڵی ڕابردوودا هاوهەڵوێست‌و نزیكی كۆمەڵی ئیسلامی بووە، پێداگریی دەكات لەوەی كۆمەڵ بەشداربێت لە حكومەت‌و زیاتر لە جارێك ئەو داوایەی لە پارتی كردووە، گۆڕان دەڵێت، كۆمەڵ دەتوانێت لە پرسی چاكسازییدا ڕۆڵی گرنگی هەبێت.

دواینجار گۆڕان لە كۆبوونەوەی دوو ڕۆژ لەمەوبەری لەگەڵ شاندی باڵای پارتی كە كۆتای كۆبوونەوەی ڕێككەوتن بوو بۆ پێكهێنانی حكومەت، ئەو پرسەی لەگەڵ پارتی تاوتوێ كردووەتەوە.

عەلی حەمەساڵح، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان‌و بەشداربووی كۆبوونەوەكە بۆ پەرەگراف ئەوەی خستە ڕوو، پرسی بەشداریی كۆمەڵ پەیوەندیی بە نێوانی پارتی‌و كۆمەڵەوە هەیە‌و ئەوان نازانن بە كوێ گەیشتووە.

"ئێمە پێمان باشە بەشداریی بكەن، چونكە پێمانوایە ڕۆڵێكی باش دەبینن بۆ پرسەكانی چاكسازیی" عەلی حەمەساڵح وای وت.

وەڵامی پارتی بۆ پێشنیارەكەی گۆڕان ئەوەبووە، لە ناوخۆی حیزبەكەیان پرسی بەشداریی كۆمەڵ لە حكومەت‌و ئاستەنگەكان‌و شێوازی بەشدارییان تاوتوێ دەكەن.

هاوكات دوای كۆبوونەوەكەیان لەگەڵ گۆڕان، مەحمود محەمەد وتەبێژی فەرمیی پارتی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی بەشداریی كۆمەڵ لە كابینەی نوێ وتی "سەردانی كۆمەڵمان كردووە پێشنیاری هاتنمان بۆ كردوون، ئەوان ساخ نەبوونەتەوە بەشداریی دەكەن یان نا. وتومانە پێمان خۆشە بەشدار بن، وتویانە كە بڕیارماندا ئاگادارتان دەكەینەوە".

پەرەگراف پەیوەندیی بە چەند بەرپرسێكی باڵای كۆمەڵی ئیسلامییەوە كرد، بەڵام ئامادە نەبوون لەسەر ئەوپرسە لێدوان بدەن‌و بە فەرمیی وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە كە ئایا بڕیاری كۆتاییان چییە لەبارەی بەشداریكردن لە كابینەی نوێ؟

هەرچەندە پێدەچێت كۆمەڵ لایخۆیەوە بڕیاری كۆتایی دابێت، بەڵام ئامادەنین ئاشكرای بكەن، هاوكات هەڵوێستی ڕۆژانی ڕابردووی عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵ‌و بەرپرسانی دیكەی ئەو حیزبە بە ئاڕاستەی بەشداریی نەكردنیان بووە لە حكومەت، بەڵام ئاشكرا نەكردنی بڕیارەكەیان بە فەرمیی ڕەنگە بۆئەوەبێت خاڵی كۆتایی لەسەر ئەوپرسە دانەنێن‌و دەرفەتی گفتوگۆ بهێڵنەوە.

لەگەڵ ئەوەی عەلی باپیر مانگی ڕابردوودا لە دوو چالاكیی ناوخۆیی حیزبەكەیدا بۆچوونی خۆی لەبارەی بەشداریی حیزبەكەی لە حكومەت خستەڕوو و ڕایگەیاند "كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم بە شایستەی ئەوە نازانم كۆمەڵی ئیسلامی بەشداریی تێدا بكات"، بەڵام دواتر بەرپرسانی كۆمەڵ ڕایانگەیاند، ئەوە بۆچوونی شەخسیی ئەمیرەكەیانەو بڕیاری كۆتایی سەركردایەتی حیزبەكەیان دەیدات.

كۆمەڵ لەگەڵ بزووتنەوەو یەكگرتوو سێ حیزبی ئیسلامیین لە كوردستان‌و هیچ كابینەیەكی حكومەت لە ڕابردوودا بەبێ بەشداریی یەكێك لەو سێ حیزبە پێكنەهاتووە، ئێستا یەكگرتوو بڕیاری كۆتایی داوەو ئۆپۆزسیۆن بوونی هەڵبژاردووە، ئەگەر كۆمەڵیش هەمان بڕیار بكاتە بڕیاری كۆتایی، ئەوكات یان دەبێت كابینەكە بەبێ حیزبی ئیسلامیی پێكبێت، یاخود پارتی پەنا بۆ بزووتنەوەی ئیسلامیی دەبات كە نەیتوانی هیچ كورسییەك لەم خولەی پەرلەمان بەدەست بهێنێت.

گرێكوێرەی نێوان پارتی‌و كۆمەڵ

پەرەگراف پێشتر زانیاریی وردی لەبارەی گرێكوێرەی نێوان پارتی‌و كۆمەڵ‌و ناكۆكییەكانی نێوانیان ئاشكرا كردو ئەوەی خستە ڕوو، سەردانكردنی عەلی باپیر بۆلای مەسعود بارزانی كە پارتی پێشنیاری كردووە، كلیلی بەشداریكردنی كۆمەڵە لە حكومەت، بەڵام كۆمەڵ ڕەزامەندیی پیشان نەداوە بۆئەو سەردانە.

سەرەتای ئەمساڵ چەند كۆبوونەوەیەك لە نێوان پارتی‌و كۆمەڵ ئەنجامدران، بەپێی زانیارییەكانی پەرەگراف، هەر لە یەكەم سەرداندا بۆ لای كۆمەڵ، شاندنی پارتیی پێشنیاری كردووە بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا، كۆبوونەوەیەك لە نێوان مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی و عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵ ڕێكبخرێت.

شاندی پارتی ئەو هەنگاوەی بە ڕێخۆشكەرییەك لەبەردەم دەستپێكردنی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت لەگەڵ كۆمەڵ ناو بردووە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە وردەكاریی گفتوگۆكان ئەو زانیارییەی بۆ پەرەگراف پشتڕاست كردەوەو وتی "لە كۆبوونەوەكەدا شاندی پارتی باسیان لە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی كردووە، پێشنیاریان كردووە لە دەستپێكی ئەو ئاساییكردنەوەیەدا دیداریك لە نێوان كاك مەسعود و عەلی باپیر بەڕێوە بچێت".

شاندەكەی پارتی شوێنی كۆبوونەوەكەی نێوان بارزانی‌و عەلی باپیری دیاری كردووە و داوای كردووە لە پیرمام بەڕێوە بچێت. شوێنی بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەكە گرێكوێرەی كۆبوونەوەی نێوان ئەو دوو سەرۆكەیەو تائێستا نەكراوەتەوە.

وەڵامی شاندی كۆمەڵ لەبارەی سەردانی ئەمیری حیزبەكە بۆ لای سەرۆكی پارتی ئەوە بووە كە بە شاندەكەی پارتی وتووە لە دوای ڕیفراندۆم و ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر، مەسعود بارزانی لەگەڵ ئەوەی ناكۆكیی قووڵی لەگەڵ سەركردە عێراقییەكان هەبووە، بەڵام دەستپێشخەریی كردووە بۆ سەردانكردنی بەغدا، دەكرێت لە كوردستانیش هەمان دەستپێشخەریی بكات.

دواتر پارتی وەڵامەكەی كۆمەڵی بە دڵ نەبووە، ئەوەش بووەتە هۆی بە هەڵواسراوی مانەوەی پرسی بەشداریی كۆمەڵ لە حكومەت تائێستا و شاندی دانوستانكاری پارتی سەردانی ئەو حیزبەی نەكردووە بۆ ئەو مەبەستە.

ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەكانی نێوان پارتیی دیموكرات و كۆمەڵی ئیسلامی، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2015 كە پەرلەمانی كوردستان ماوەی دەسەڵاتی مەسعود بازانیی وەكو سەرۆكی هەرێم دوو ساڵی دیكە درێژ كردەوە، پێشتریش لە ساڵی 2013دا كە وادەی سەرۆكایەتیی بارزانی كۆتایی هات، پەرلەمان بۆ ماوەی دوو ساڵ ماوەی سەرۆكایەتییەكەی درێژكردبووەوە، ئەوكاتیش كۆمەڵ لەو هەنگاوە ناڕازی بوو. لە یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم و ڕیفراندۆمیشدا ناكۆكییەكان گەیشتنە لووتكەو تا ئاستی پەیوەندییەكانی نێوان سەرۆكانی ئەو دوو حیزبە تەشەنەی سەندووە.

سەروەختی قووڵبوونەوەی ناكۆكییەكانی پارتی لەگەڵ گۆڕان‌و كۆمەڵ، مەسعود بارزانی ڕایگەیاند كە ئەوان نازانن كێشەیان لەگەڵ كۆمەڵ چییە، بارزانی وتی"نازانم چیمان كردووە بەرامبەر بەمانە تا ئاشتیان بكەینەوە، بەتایبەت كۆمەڵ... لەگەڵ كۆمەڵ بەخوا من نازانم، چەندی بیری لێدەكەمەوە ئەرێ چیمان كردووە كە زەرەری هەبووبێت بۆ كۆمەڵ تێناگەم".

دواتریش عەلی باپیر وەڵامی بارزانی دایەوەو لەچەند خاڵێكدا نیگەرانییەكانی حیزبەكەی بۆ ڕوونكردەوەو دەڵێت، ئەگەر بڕیاربەدەستانی ئەم هەرێمە، كێشەو قەیرانە دروستكراوەكان چارەسەر بكەن، باهیچ كەس گوێ‌ بە دووریی‌و نزیكیی‌و نیگەرانیی‌و ڕازیبوونی ئێمە نەدات.

لە وەڵامەكەیدا عەلی باپیر بە چەند خاڵێك باسیلە پەكخستنی پەرلەمان‌و دەستی حیزب لە ناو دەمەزراوەكانی حكومەت‌و سەروەرنەبوونی یاساو تەشەنەسەندنی گەندەڵیی كرد.