ئەنجومونی ئاسایشی هەرێم داوای ڕوونکردنەوە لە عێراق و ھاوپەیمانان دەکات لەبارەی هەلیکۆپتەرەکەی هەسەدە
پەرەگراف
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم داوای ڕوونکردنەوە لە عێراق و ھاوپەیمانان دەکات لەبارەی کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرەکەی هەسەدە لە سنوری پارێزگای دھۆک و دەڵێت: ئەم ھەلیکۆپتەران بە کام مۆڵەت لە سەر خاکی ھەرێم دەفڕن و کێ بەرپرسیارێتی ئەم کارە نایاساییانە ھەڵدەگرێت؟
ئەنجومەنی ئاسایش لە ڕوونکردنەوەکەیدا ئەوە دەخاتەڕوو کە ئەوان کەوتنەخوارەوەی یەک ھەلیکۆپتەرو گیان لەدەستدانی ٧ کەس پشتڕاست دەکەنەوە، لە کاتێکدا ھەسەدە دەڵێت، دوو ھەلیکۆپتەر کەوتوونەتەخوارەوەو ٩ کەس گیانیان لەدەست داوە.
ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێم، پەنجە بۆ یەکێتی ڕادەکێشێت و باسلەوەدەکات ئەو ھەلیکۆپتەرانە لە چەند بنکەیەکی سلێمانی دادەبەزن و بەرەو ڕۆژئاوای کوردستان دەفڕن بەبێ ئاگاداریی دەزگا فەرمییەکانی ھەرێم، دەشڵێت "لایەنێک لە سلێمانی بە نھێنی و نا فەرمی ڕێگەخۆشکەر بووە بۆ پەیوەندییەکانی ھەسەدەو پەکەکە بە چەندین جۆری جیاواز ھاوکارییان دەکەن".
ئەو ڕووداوە ئێوارەی ١٥ی ئەم مانە لە نزیک گوندی بێرکیات لە ناحیەی چەمانکێ لە پارێزگای دهۆک ڕوویدا.
هێزەكانی سوریای دیموكرات ڕاگەیەندراوێکی لەبارەیەوە بڵاوکردەوەو دەڵێت، لەچوارچێوەی هەوڵەكانی روبەڕوبونەوەی شانەكانی داعشدا، گروپێك لە یەكینەكانی روبەڕووبونەوەی تیرۆر (YAT)ی سەر بە هێزەكانیان چوون بۆ هەرێمی باشوری كوردستان بۆ ئاڵوگۆڕی شارەزایی ئەمنیو سەربازیی.
"لەكاتی جوڵەی یەكینەكە بۆ شاری سلێمانی، لە ئێوارەی 15ی ئازاری 2023دا، بەهۆی خراپی دۆخی كەشوهەواوە، دوو هێلیكۆپتەر كەوتنەخوارەوە كە ئەو هێزەی هەڵگرتبوو. بەهۆی كەوتنەخوارەوە دوو هێلیكۆپتەرەكەوە (9) كەس لە شەڕڤانەكانمان بە فەرماندەیی(شەڕڤان كۆبانێ) شەهیدبوون" ھەسەدە وادەڵێت.
ھەسەدە دەشڵێت "ئەم هێزە راهێنراوانە هاوبەشێكی سەرەكی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە لە شەڕی دژ بە داعشدا. داوا لە لایەنەپەیوەندیدارەكان لەهەرێمی باشوری كوردستان دەكەین هاوكاری بكەن بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی شەهیدەكان بۆ ناوچەكانی باكورو خۆرهەڵاتی سوریاو بەگوێرەی دابو نەریت مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتەدا بكەن".