لاهور شێخ جەنگی وەک 'هاوسەرۆکی یەکێتی' دەستی بە جوڵەی سیاسی کردو لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان کۆبووەوە

19-03-2023 02:48

پەرەگراف

لاهور شێخ جەنگی وەک ‘هاوسەرۆکی یەکێتی’ دەستی بە جوڵەی سیاسی کردو لە مەکۆی سەرەکی گۆڕان لەگەڵ عومەر سەید عەلی و بەرپرسانی باڵای ئەو بزووتنەوەیە کۆبووەوە.

هەریەکە لە پەروین کاکە ‌‌حەمە و ژینۆ محەمەد هاوڕێیەتی لاهور شێخ جەنگییان کردووەو لاهور شێخ جەنگی ئەوانیشی وەک "ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتیی" ناوبردووە، لەکاتێکدا پێکەوە لەو حیزبە دەرکراون.

لاهور شێخ جەنگی  ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەکە بڵاوکردووەتەوەو تێیدا ئەوەی خستووەتەڕوو، لەو کۆبونەوەیەدا بە ووردی گفتوگۆکرا دەربارەی دۆخی سیاسی عێراق و هەرێمی کوردستان بە گشتی و دۆخی سلێمانی و ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان بەتایبەتی و پرسی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو لە هەرێمی کوردستان.

"هەردوولا تەئکیدیان لەسەر پێویستی خستنەگەڕی هەوڵەکان بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە و چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکی سیاسی نێوان لایەنەکان کردەووە لە پێناو دابین کردنی ژیانێکی شایستە بۆ هاوڵاتیان. لەکۆبونەوەکەدا ئاماژە بەو دۆخە نەخوازراوە کرا کە بەسەر سلێمانیدا هێنراوە و کاریگەری راستەوخۆی کردۆتە سەر ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان و بازاڕ و بازرگان و کاسبکاران و خاوبوونەوە و راگرتنی پرۆژە خزمەتگووزارییەکان، لەوبارەیەوە هەردوولا هاورابوون کە دەبێت کۆتایی بەم دۆخە بهێنرێت و دامەزراوەکانی ‌‌حکومەت لە سلێمانی بخرينەوە خزمەت هاوڵاتیان" ڕاگەیەندراوی لاهور شێخ جەنگی لەبارەی کۆبوونەوەکە وادەڵێت.

ڕاگەیەندراوەکە دەشڵێت "لەبارەی پرسی هەڵبژاردنەوە تەئکیدکرایەوە لە هەمئاهەنگی نێوان لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی زەمینەیەکی گونجاو لەپێناو ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لەمساڵدا".

ڤیدیۆی سەردانەکە

ئەو جوڵە سیاسییەی لاهور شێخ جەنگی دوای ئەوەدێت، لە ٢١-٢-٢٠٢٣ لە نامەیەکدا بۆ بافڵ تاڵەبانی و سەرکردایەتی یەکێتی، ئاگاداری کردنەوە کە دەسەڵاتە یاسایی و پەیڕەوییەکانی خۆی وەک هاوسەرۆکی ئەو حیزبە بەکاردەهێنێت.

نامەکەی لاهور شێخ جەنگی پشتی بە بڕیارەکەی دادگای ئاسایشی هەولێر بەستووە کە ئاڕاستەی ئەنجومەنی باڵای بەرژەوەندی سیاسی یەکێتی کردو لاهور شێخ جەنگی بە هاوسەرۆکی یەکێتی لەقەڵەم دەدات هاوشانی بافڵ تاڵەبانی.

بڕیارەکەی دادگای هەولێر لەلایەن تیمی پارێزەرانی بافڵ تاڵەبانی و سەرکردایەتی یەکێتی بە فەرمی ڕەتکرایەوەو ئەوان سوورن لەسەر یاسایی بوون و پەیڕەویی بوونی دەرکردنی لاهور شێخ جەنگی لە حیزبەکەیان، بۆئەوەش پشتیان بەستووە بە بڕیاری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق و دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن سەربە ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق.