بازاڕەكانی ئەورووپا بە ڕووی بەرهەمەكانی جووتیارانی هەرێمدا دەكرێنەوە؛ شاندێک بۆ ئەو مەبەستە دێتە هەرێم

19-03-2023 04:07

پەرەگراف

حكومەتی هەرێم لە هەوڵدایە بۆ كردنەوەی بازاڕی ئەورووپا بە ڕووی بەرهەمەكانی جووتیارانی هەرێمدا و بەرپرسی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێم لە یەكێتیی ئەورووپا دەڵێت "بەمزووانە بەرهەمەكانی هەرێمی كوردستان لە بازاڕەكانی ئەورووپا دەبینین".

یەكەم بەرهەمی كوردستان كە هەناردەی بازاڕەكانی ئەورووپا كرا، هەنار بوو، دواتر سێوی بەرواری و ترێ و هەنگوینی بەدوادا هات. حكومەتی هەرێم جەخت دەكاتەوە كە هەوڵەكانی بەردەوامە بۆ ئەوەی بەرهەمەكانی دیكەی هەرێمی كوردستانیش بە بڕی زیاتر و فراوانتر ڕەوانەی ئەورووپا بكات. بڕیاریشە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ، شاندێك لە بەلجیكاوە بۆ ئەو مەبەستە سەردانی هەرێم بكەن.

دلاوەر ئاژگەیی، بەرپرسی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێم لە یەكێتیی ئەورووپا، لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ ماڵپەڕی فەرمیی حكومەتی هەرێم دەڵێت "بڕیارە لە مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵدا شاندێك لە بەلجیكاوە بێن و تاقیگەیەك لە هەرێمی كوردستان دەستنیشان بكەن، بۆ ئەوەی لەگەڵ تاقیگەیەكی بەلجیكا بە هاوبەشی كار بكەن، بۆ ئەوەی بە پێی ستانداردی ئەورووپی بڕوانامە بە بەرهەمەكانی هەرێمی كوردستان بدەن و دواتر هەناردەی بكەین".

دلاوەر ئاژگەیی باسی لە گفتوگۆكان حكومەتی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپا بۆ هەناردەكردنی بەرهەمی هەرێم كردووە و دەڵێت "كاری باشی لەسەر كراوە. سەرۆكی حكومەتی هەرێم كە سەردانی بڕۆكسێلی كرد، لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی بەلجیكا و هۆڵەندا و بەرپرسانی هەرێمەكان كۆ بووەوە، یەكێك لە بابەتە گرنگەكان ئەوە بوو كە یارمەتیی هەرێمی كوردستان بدەن لەبارەی بەبازاڕكردنی بەرهەمە ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان لە ئەورووپا".

ماڵپەڕی فەرمیی حكومەتی هەرێم دەڵێت "سەرۆكی حكومەت تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٢دا ٢١٧ دیدار و گفتوگۆ و سەردان و پێشوازیی هەبووە لەگەڵ سەرۆك و وەزیر و كەسایەتییە سیاسی و ئابوورییەكانی وڵاتان، بەتایبەت یەكێتیی ئەورووپا، لە زۆرینەیان بەدەر لە باس و خواسی پرسە سیاسییەكان، بە جدییەوە باس لە فەراهەمكردنی بازاڕی جیهانی و وڵاتان بۆ بەرهەمەكانی جووتیارانی كوردستان كراوە".

بەرپرسی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێم لە یەكێتیی ئەورووپا ئاماژە بەوە دەكات كە "یەكێتیی ئەورووپا بازاڕێكی گەورە و كێبڕكێیەكی زۆری تێدایە، ئەگەر هەرێمی كوردستان بتوانێت ئەو دەرگایە بكاتەوە، سوودێكی زۆر بە كەرتی كشتوكاڵ و داهاتی هەرێمی كوردستان دەگەیەنێت".

ئاژگەیی جەختیش دەكاتەوە كە بەرپرسانی یەكێتیی ئەورووپا "بە خۆشحاڵییەوە بیرۆكەی (هەناردەكردنی بەرهەمەكانی هەرێم بۆ ئەورووپا)یان پێ باش بوو، چونكە دەیانەوێت زیاتر لەو ڕێگەیەوە‌ یارمەتیی هەرێمی كوردستان بدەن"، بەڵام دەڵێت "ئەمە پێویستی بە هەندێك ڕێكار هەیە‌ كە دەبێت لە ڕێگەی یەكێك لە وڵاتانی یەكێتیی ئەورووپاوە بكرێت".

ئێستا حكومەتی هەرێم بەنیازە لە ڕێگەی بەلجیكا و هۆڵەنداوە بەرهەمەكانی هەرێم بگەیەنێتە ئەورووپا و دلاوەر ئاژگەیی دەڵێت "دواتر دەتوانرێت بۆ هەر ٢٧ وڵاتی یەكێتیی ئەورووپا هەناردەی بكەین".