وەزارەتی دارایی: ٤١٨٩ فەرمانبەر و خانەنشین بە نایاسایی دوو مووچەیان هەبووە

19-03-2023 05:14

پەرەگراف

وەزارەتی دارایی دۆسیەی چوار هەزار و ١٨٩ فەرمانبەر و خانەنشین ڕەوانەی دیوانی چاودێری دارایی دەكات كە بەشێوەی نایاسایی دوو مووچەیان هەبووە. یەكێك لە مووچەكانی ئەو كەسانە دەبڕدرێت و بەشێك لە مووچە وەرگیراوەكانیشیان لێ‌ دەسەندرێتەوە.

وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێت "بەپێی بڕیاری كۆتایی لیژنەی وردبینی و لێكۆڵینەوەی تایبەت بە لیستی فەرمانبەران و خانەنشینان كە ژمارەیان (١٠٨١٩) دە هەزار و هەشتسەد و نۆزدە مووچەخۆر بوو، لە سیستەمی بایۆمەتری دوو جار یان زیاتر تۆمار كراون".

وەزارەتی دارایی هەرێم دەشڵێت "لەو ژمارەیە دەركەوت كە (٤١٨٩) چوار هەزار و سەد و هەشتا و نۆ دۆسیەیان بە نایاسایی دوو مووچەیان هەبووە".

وەكوو وەزارەتەكە بڵاوی كردووەتەوە، هەزار و ٩٧٣ كەس بە نایاسایی دوو مووچەی خانەنشینییان وەرگرتووە، هەزار و ٨٤٩ كەسیش بە نایاسایی دوو مووچەی فەرمانبەری و خانەشینیان وەرگرتووە، هەروەها ٣٦٧ كەس بە نایاسایی دوو مووچەی فەرمانبەریان وەرگرتووە.

وەزارەتی دارایی و ئابووری دۆسیەی سەرجەم ئەو مووچەخۆرە نایاساییانە بە داتا و زانیاریی تەواو، ئاڕاستەی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی كوردستان دەكات و دەڵێت "تا لە ڕێگای دەستەكانیانەوە وردبینی لە ڕێكارەكانی بڕین و گێڕانەوەی ئەو بڕە مووچانە بكەن كە لە دوای ١-٧-٢٠٢٠ بەدواوە بە نایاسایی وەرگیراوە".

بەپێی بڕیاری وەزارەتی دارایی، ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانەی كە بە نایاسایی زیاتر لە مووچەیەكیان هەیە، جگە لە بڕینی مووچە نایاساییەكانیان، بڕی ئەو مووچە نایاساییەش كە لە دوای ١-٧-٢٠٢٠ وەریان گرتووە، لێیان وەردەگیرێتەوە و وەزارەتی دارایی دەڵێت "پێویستە بە زووترین كات لێیان وەربگیرێتەوە و بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی".