هێزێكی چەكدار ئۆتۆمبێل لە دوو كەسی نزیك لە لاهور شێخ جەنگی دەسەنێت

19-03-2023 09:11

پەرەگراف

نووسینگەی لاهور شێخ جەنگی ڕایدەگەیەنێت "هێزێكی چەكدار بە بڕیاری قوباد تاڵەبانی و بافڵ تاڵەبانی هەڵیان كوتاوەتە سەر پەروین كاكە ‌‌حەمە، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی و لاوین ئازاد، بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكان لە ئۆفیسی لاهور شێخ جەنگی و بە زەبری چەك ئۆتۆمبێلەكانیان لێ سەندوون".

لەبارەی ڕووداوەكەوە سەرچاوەیەكی باڵای یەكێتی بە پەرەگرافی وت "بە بڕیاری حیزب موڵك و ماڵی یەكێتی لەوانە وەردەگیرێتەوە كە لە حیزب دەركراون بە ھەر ھۆكارێك بێت، پڕۆسەكەش بەردەوام دەبێت".

ئەمە لەكاتێكدایە لاهوور شێخ جەنگی و ئەو دوو كەسە خۆیان بە یەكێتی دەزانن و ئەمڕۆ بە ناوی "ھاوسەرۆك و ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی" سەردانی گۆڕانیان كرد.

* لاهور شێخ جەنگی وەک 'هاوسەرۆکی یەکێتی' دەستی بە جوڵەی سیاسی کردو لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان کۆبووەوە

نووسینگەی لاهور شێخ جەنگی دەڵێت "ئەو جۆرە ڕەفتارانە ساردمان ناكاتەوە لەو هەوڵانەی خستوومانەتەگەڕ لەپێناو ڕاستكردنەوەی ئەو بارە لارەی بەسەر یەكێتیدا هێنراوە".

دەقی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی لاهور شێخ جەنگی:

بەداخەوە ئەمرۆ هێزێكی چەكدار بە بڕیاری قوباد تاڵەبانی و بافڵ تاڵەبانی، بە شێوەیەكی زۆر نایاسایی و نامرۆڤانە هەڵیانكوتاوەتە سەر خاتوو(پەروین كاكە ‌‌حەمە) ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و خاوەن بنەماڵەیەكی تێكۆشەر و خەباتگێڕ و خاتوو (لاوین ئازاد) بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەكان لە ئۆفیسی بەڕێز لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و كچی فەرماندەی قارەمان و تیكۆشەر و پیشمەرگەی مەفرەزە سەرەتاییەكانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان كاك (ئازادی سەگرمە)، ئەو هێزە چەكدارە بەرۆژی رووناك و لەناوەراستی شەقامێكی گشتیدا لەشاری سلێمانیی وەك ئەوەی تاوانبارێكیان دەستگیركردبێت بەزەبری چەك ئۆتۆمبیلەكانیان لێسەندوون.

ئێمە لەكاتێكدا ئیدانەی ئەم كارە نایاساییەی گرووپێكی ناویەكێتیی دەكەین، نیگەرانین لەو شێوازی هەڵسوكەوتەی بەرامبەر بە دوو ژنی بەتوانای ناو یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان ئەنجامیانداوە، ئەم هەڵسوكەوتە نا شارستانی و نامرۆڤانەیە دژ بەژنانی ناو یەكێتیی پێچەوانەی ئەو دروشمانەیە كە خودی قوبادتاڵەبانی بۆ پشتیوانی لە مافی ژنان بانگەشەی بۆدەكات و دژی خەباتی چەندین ساڵەی سەرۆك مام جەلال و ڕێبازەكەیەتی كە ئێستا كورەكانی لە دژی وەستاونەتەوە.

یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان موڵكی بەتەنیا كەس و گرووپێك نیە كە بەكودەتا و بە بڵاوكردنەوەی ترس و تۆقاندن خۆیان سەپاندووە، هەریەك لە خاتوو پەروین و خاتوو لاوێن بە شایستەیی خۆیان و لەبەرامبەر ئەو خزمەتە زۆرەی لەناو ریزەكانی یەكێتییدا كردوویانە و بەردەوامن بەشێوەیەكی كاتی و بۆ ڕاپەڕاندنی كاروبارەكان پێیاندراوە، ئەو گرووپە مافی ئەوەیان نیە بەو شێوازە نایاساییە مامەڵەیان لەگەڵ بكەن، بۆ هەر كارێكی لەوجۆرەش رێكاری یاسایی و ئیداریی و ‌‌حزبیی خۆی هەیە نەك بەو شێوازە ناشارستانییە.

لێرەدا بەهەموو لایەكی رادەگەیەنین كە یەكێتیی موڵكی هەموو شەهیدان و پیشمەرگە قارەمان و تیكۆشەرە دێرینەكان و هەموو یەكێتییەكانە، یەكێتیی كە حزبێكی سۆشیال دیموكراتە و باوەڕی بە ماف و تواناكانی ژنان و خەباتەكەیان هەیە، دڵنیاین هەموو یەكێتییەكان ئیدانەی ئەم ڕەفتارانە دەكەن و دژی ئەو هەڵسوكەوتانەن كە ئەو گرووپە بەناوی یەكێتییەوە ئەنجامی دەدەن و ناو و ناوبانگ و مێژووەكەی لەكەداردەكەن.

ئاگاداریشیان دەكەین كە ئەو جۆرە رەفتارانە ساردمان ناكاتەوە لەو هەوڵانەی خستومانەتەگەڕ لەپێناو راستكردنەوەی ئەو بارە لارەی بەسەر یەكێتیدا هێنراوە.

داواش لەو هێزە چەكدارە دەكەین كە ناو و ناسنامەیان لای ئێمە ئاشكرا كراوە چیتر نەكەونە داوی ئەو گرووپەی ناو یەكێتیی و رێگەنەدەن بەكاربهیندرێن بۆ كاری نایاسایی و دژایەتیكردنی یەكێتییەكان كە خۆیان و بنەماڵەكانیان هیچیان كەمتر نەكردووە لەوانەی كە ئێستا خەریكی خۆسەپاندنن. چونكە لەهەر رووداوێكی نەخوازراودا خۆیان وەك بەرزەكی بانان لێیی دەردەچن و ئێوەش كە رۆڵەی خێزانی هەژاری ئەم وڵاتەن رووبەرووی یاسا و بەرپرسیارییەتی دەكەنەوە.

نوسینگەی بەرێز لاهور شێخ جەنگی
هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان.