مەسرور بارزانی داوا لە قوباد تاڵەبانی و تیمی یەكێتی دەكات بگەڕێنەوە بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیران
پەرەگراف
مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، لە پەیامی تایبەت بە نەورۆزدا داوا لە قوباد تاڵەبانی و تیمی یەكێتی لە حكومەت دەكات بگەڕێنەوە بۆ ناو كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیران.
سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەڵێت "داوا لە بەڕێزان جێگری سەرۆكوەزیران و تیمی وەزاریی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكەمەوە، كە لە دوای كۆتاییهاتنی پشووەكانی نەورۆز، بگەڕێنەوە بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیران".
مەسرورر بارزانی لە پەیامەكەیدا سەبارەت بە پاساو و ئامانجی ئەو داواكارییەی لە قوباد تاڵەبانی و تیمی یەكێتی، دەڵێت "بۆ ئەوەی گشت كێشەكان لە شوێن و پێگەی فەرمیی خۆی گفتوگۆی لەسەر بكرێت و بەیەكەوە كار بكەین لەپێناو خزمەتكردنی زیاتری خەڵكی كوردستان و جێبەجێكردنی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان".
"جەژنی نەورۆز، هێمای یەكگرتن و یەكڕیزی و سەركەوتن و ئازادی گەلی كوردستانە. لەم بۆنەیەدا، جەخت لە تەبایی و هاوهەڵوێستیی خەڵكی كوردستان دەكەینەوە، لەپێناو پاراستنی دەسكەوتە نیشتمانییەكان و داكۆكیكردن لە مافە دەستوورییەكانمان"، مەسرور بارزانی وا دەڵێت.
دەقی پەیامەكەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان:
بە بۆنەی هاتنی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی كوردی ، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم كوردستانییان، بەتایبەتی پێشمەرگە قارەمانەكان و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ و كەس و كار و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالكراوان دەكەم. هیوادارم لە خۆشی و شادی و ئارامیدا، ڕۆژانی جەژن و پشوو بەسەرببەن. لە هەمانكاتدا، داوا لە هاونیشتمانییان دەكەم، لە كاتی گەشت و سەیرانەكانیاندا، پاك و خاوێنی ژینگە و سروشتی جوانی كوردستان بپارێزن. هەروەها پابەندی ڕێنماییەكانی هاتووچۆ بن و دووربن لە تیژڕۆیی.
جەژنی نەورۆز، هێمای یەكگرتن و یەكڕیزی و سەركەوتن و ئازادی گەلی كوردستانە. لەم بۆنەیەدا، جەخت لە تەبایی و هاوهەڵوێستی خەڵكی كوردستان دەكەینەوە لە پێناو پاراستنی دەسكەوتە نیشتمانییەكان و داكۆكیكردن لە مافە دەستوورییەكانمان . هەر بەم بۆنەیەوە، لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیی و ڕەواندنەوەی نیگەرانییەكانی هاووڵاتییانی ئازیزمان و خوڵقاندنی كەشێكی ئەرێنی، داوا لە بەڕێزان جێگری سەرۆك وەزیران و تیمی وەزاری یەكێتیی نیشتمانی كوردستان دەكەمەوە، كە لە دوای كۆتاییهاتنی پشووەكانی نەورۆز ، بگەڕێنەوە بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، بۆ ئەوەی گشت كێشەكان لە شوێن و پێگەی فەرمیی خۆی ، گفتوگۆی لەسەر بكرێت و بەیەكەوە ، كاربكەین لە پێناو خزمەتكردنی زیاتری خەڵكی كوردستان و جێبەجێكردنی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
جەژنی نەورۆز لە هەمووان پیرۆز بێت و كوردستان هەمیشە لە ئارامی و گەشانەوە و پێشكەوتندا بێت .
مەسرور بارزانی
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان