پەرلەمانی عێراق حەوت ماددەی پڕۆژەیاسای هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پەسەند كرد

20-03-2023 03:01

پەرەگراف

پەرلەمانی عێراق حەوت ماددەی پڕۆژەیاسای هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پەسەند كرد و ڕۆژی 6ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دیاری كرد.

پاش ئەوەی دوێنێ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاساكە بەهۆی بایكۆتی فراكسیۆنە كوردستانییەكان و بەشێك لە فراكسیۆنەكانی دیكە شكستی هێنا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پاش ڕێككەوتنی زۆرینەی فراكسیۆنەكان و بە ئامادەبوونی 171 پەرلەمانتار، پەرلەمانی عێراق لە كۆی 15 ماددەی پرۆژەیاسای هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق، حەوت ماددەیانی پەسەند كرد.

پەرلەمانی عێراق لە كۆبوونەوەكەدا ڕۆژی 6-11-2023ی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دیاری كرد و ژمارەیەك گۆڕانكاریشی لە یاساكەدا پەسەند كرد. پەسەندکردنى ماددەکانى دیکەى پرۆژەیاساکە بۆ ڕۆژى ٢٥ى ئەم مانگە هەڵگیرا.

دوایین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە عێراق لە ساڵی 2013 ئەنجام دراوە، لە ساڵی 2019یش بەهۆی بەسەرچوونی ماوەكەیان، بە بڕیاری پەرلەمانی عێراق كاری ئەنجوومەنەكان سڕ كرا.

بەپێی ئەو مادانەی پەسەند كراون، ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی عێراق وەك خۆی دەمێننەوە كە 329 كورسین، ژمارەی كورسیی كۆتای پێكهاتەكانیش گۆڕانكاریی بەسەردا نەهاتووە و وەكوو خۆی ماوەتەوە كە نۆ كورسین.

هەر بەپێی ماددە پەسەندكراوەكان، دەبێت لە سەرجەم بنكەكانی دەنگدان ژماردنی دەنگەكان بە دەستی و ئەلیكترۆنیش بێت. ئەگەریش ژمارەكان جیاواز بوون، ئەو كاتە پشت بە ژماردنی دەستی دەبەسترێت. پێویستیشە لە ماوەی 24 كاتژمێردا ئەنجامی بەرایی دەنگدانی تایبەت و گشتی لەلایەن كۆمیسیۆنەوە ڕابگەیەندرێت.

بەشێك لە فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی عێراق دژی ئەوەن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هەر پارێزگایەك بكرێت بە یەك بازنە و جەخت لە مانەوەی شێوازی پێشوو دەكەنەوە كە فرەبازنەییە و هەر پارێزگایەكیش كراوە بە چەند بازنەیەكی دیكە و لە هەڵبژاردنی ساڵی 2021ی پەرلەمانی عێراقدا پەیڕەو كرا.

بەپێی هەمواری یاساكە، لە حاڵەتێكدا كە ئەنجامی بژاردنی دەستی و ئەلەكترۆنی هاوتا نەبوون و جیاوازییەكە كەمتر لە ڕێژەكەی 5% بوو، ئەوا ئەنجامی بژاردن و جیاكردنەوەی دەستی حساب دەكرێت.

هەروەها لە حاڵەتێكدا كە ڕێژەی جیاوازیی ژماردنی دەنگەكان بە دەستی و ئەلیكترۆنی زیاتر لە 5% بوو، سەرجەم دەنگەكانی وێستگەكە دەگوازرێتەوە بۆ سەنتەری وردبینیی ناوەندی لە پارێزگاكە و كۆمیسیۆن لە ڕێی بژاردن و جیاكردنەوەی دەستییەوە ئەنجامەكان یەكلا دەكاتەوە.

ئەنجامی هەر وێستگەیەكیش لە ماوەی شەش كاتژمێردا بە شێوەی ئەلیكترۆنی نەنێردرا بۆ سەنتەری پۆلێنكردنی ئەنجامەكان، ئەوا ئەو سندووقانەی ئەنجامەكانیان نەنێردراون، دەبرێنە سەنتەرەكانی وردبینیی ناوەندی لە پارێزگاكان و كۆمیسۆن بۆ یەكلایكردنەوەی ئەنجامەكانی پشت بە بژاردن و جیاكردنەوەی دەستی دەبەستێت.

بەپێی هەموارە نوێیەكە، پێویستە كاندید هەڵگری بڕوانامەی بەكالۆریۆس یاخود هاوتای ئەو بڕوانامەیە بێت، جگە لە كۆتاكان كە بڕوانامەكانیان لە ئامادەیی و بەرەوژوور دەبێت. هەروەها دەبێت كاندید سزا نەدرابێت بە تاوان و كەتنی لەكەداركردنی ناموس، ئەنجامدانی گەندەڵیی ئیداری و دارایی.