سبەینێ‌ كەشوهەوا بۆ سەیران گونجاو دەبێت؟

21-03-2023 04:26
سەیرانى ئەمڕۆى هاووڵاتیان لە کەشێکى باراناویدا. فۆتۆ: بڕیار نامیق

پەرەگراف

هەرچەندە سبەینێش ئاسامان هەوری دەبێت، بەڵام ئەگەری بارانبارین زۆر لاوازە و بەپێی پێشبینیی كەشناسیی هەرێم تەنیا ئەگەری "بارینی كەمێك نمەباران لە ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی هەرێم" هەیە. ئەمڕۆ بەهۆی بارانبارینەوە هاووڵاتیان لە ناوچە گەشتیاری و سەیرانگاكان ڕووبەڕووی ئاستەنگ بوونەوە.

بەپێی پێشبینیی كەشناسیی هەرێم، سبەینێ‌ چوارشەممە ٢٢-٣-٢٠٢٣، "ئاسمان هەوری تەواو دەبێت، پاشان دەگۆڕێت بۆ نیمچەهەور". كەشناسیی هەرێم دەڵێت، تەنیا ئەگەری "بارینی كەمێك نمەباران لە ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی هەرێم" هەیە، ئەویش "لە كاتەكانی بەیانیدا".

پلەكانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ، دوو بۆ سێ‌ پلە بەرز دەبێتەوە و خێرایی با "لەسەر خۆ و مام ناوەند" دەبێت.

ئەمڕۆ كە یەكەم ڕۆژی نەورۆز و ساڵی نوێی كوردییە، سەرەڕای نالەباریی كەشوهەوا، بەڵام بەشێكی زۆر لە هاووڵاتیانی هەرێم چوونە ناوچە گەشتیاری و سەیرانگاكان، بەهۆی بارینی بارانیشەوە بەشێكیان خێمەیان هەڵدا و بەشێكیش چوونە ژێر پرد و ئەو ناوچانەی لە باران دەیانپارێزێت.

ئێوارەی ئەمڕۆ چاودێریی بینینی مانگ دەكرێت بۆ دیاریكردنی یەكەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزان، بەڵام بەپێی لێكدانەوە و پێشبینییەكان، ڕۆژی پێنجشەممە یەكەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزان دەبێت، ئەگەر بەو جۆرە بێت، سبەینێ‌ گونجاو دەبێت بۆ هاووڵاتیان كە وەكوو دوادەرفەت بچنە سەیران و گەڕان.

بەرزترین پلەكانی گەرمای پێشبینیكراو بۆ سبەینێ‌:

هەولێر: ١٨ پلەی سیلیزی
سلێمانی: ١٦ پلەی سیلیزی
دهۆك: ١٧پلەی سیلیزی
كەركوك: ٢٠ پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: ١٦ پلەی سیلیزی
زاخۆ: ١٧ پلەی سیلیزی
سۆران: ١٤ پلەی سیلیزی
گەرمیان: ٢٢ پلەی سیلیزی