پارێزگاری هەولێر: لە 10 ڕۆژدا 61 هەزار گەشتیار سەردانی پارێزگاكەیان كردووە

25-03-2023 12:37

پەرەگراف

بەپێی ئاماری نووسینگەی پارێزگاری هەولێر، لە ماوەی 10 ڕۆژدا 61 هەزار گەشتیار سەردانی پارێزگای هەولێریان كردووە، لە سێ‌ ڕۆژی نەورۆزیشدا هیچ ڕووداوێكی هاتووچۆ ڕووی نەداوە كە زیانی گیانیی تێدا بووبێت.

نووسینگەی پارێزگاری هەولێر ڕاگەیەندراوێكی سەبارەت بە ئاماری ڕوودا و چالاكییەكانی ڕۆژانی پشووی نەورۆز و بەهار بڵاو كردەوە و دەڵێت "سەرجەم كار و چالاكییەكانی 10 ڕۆژەی 13یەمین فێستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز بە سەركەوتووی ئەنجام درا، سێ‌ ڕۆژەی جەژنی نەورۆزیش پلان و ئامادەكارییەكان چۆن داڕێژرابوو، بەبێ هیچ گرفتێك جێبەجێ كرا".

وەكوو لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، لەلایەن بەرێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێرەوە چەندین لیژنەی تایبەت پێكهێنراوە بە مەبەستی چاودێریكردن و بەدواداچوون بۆ بنكە و ناوچە گەشتیارییەكان و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی بە ڕووی گەشتیاران.

نووسینگەی پارێزگاری هەولێر سەبارەت بە ئامارەكانی هاتوچۆیش دەڵێت "هاووڵاتیان لە كاتی چوون و گەڕانەوەیان، تەنها قەرەباڵغییەكی ئاسایی لەسەر ڕێگایەكان بەهۆی زۆری ژمارەی سەیرانكاران پەیدابوو، لە سێ‌ ڕۆژی جەژنی نەورۆز هیچ ڕووداوێكی هاتووچۆ ڕووی نەداوە كە زیانی گیانیی تێدا بێت".

"لە هەرسێ ڕۆژی جەژنی نەورۆز جگە لە حاڵەتێكی ڕفاندن كە هەر زوو لەلایەن هێزەكانی پۆلیسەوە تاوانباران دەستگیر كران، هیچ ڕووداوێكی تر ڕووی نەداوە"، نووسینگەی پارێزگاری هەولێر وا دەڵێت.

سەبارەت بە ئامارەكانی بەرگریی شارستانیش، ڕاگەیەندراوەكە دەڵێت، لە سنووری پارێزگای هەولێر "تەنها دوو حاڵەتی ئاگركەوتنەوە هەبووە، هەردوو حاڵەتەكەش لەلایەن تیمەكانی بەرگری شارستانییەوە كۆنترۆڵ كراون و جگە لە زیانی ماددی، هیچ زیانێكی گیانییان لێ نەكەوتووەتەوە".