دادگای پاریس لە دژی هەرێم بڕیاری دا؛ توركیا بەبێ‌ ڕەزامەندیی عێراق نەوتی هەرێم هەناردە ناكات

25-03-2023 06:10

پەرەگراف

ماڵپەڕی ئاڕگوسی بەریتانی ئاشكرای دەكات كە ئەمشەو عێراق بە فەرمی لەلایەن توركیاوە ئاگادار كراوەتەوە لەوەی كە دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، لە دۆسیەی هەناردەكردنی نەوتی خاوی هەرێمی كوردستان لە بەرژەوەندیی عێراق بڕیاری دەركردووە، بۆیە توركیا لەمەودوا نەوتی هەرێمی كوردستان بەبێ‌ ڕەزامەندیی عێراق هەناردە ناكات.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە بابەتەكە، ئەم بڕیارەی بە "گورزێكی دیكە" لە هەرێمی كوردستان ناو بردووە و بە میدیا بەریتانییەکەى ڕایگەیاندووە "توركیا بە عێراقی ڕایگەیاندووە، چیتر ڕێگە نادات ئەو نەوتە خاوەی كە لە هەرێمی كوردستانی عێراقەوە هەناردە دەكرێت، بەبێ ڕەزامەندیی حكومەتی فیدراڵی لە بەغدا بەندەری جەیهانی توركیا بەجێ بهێڵن".

دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی نزیكەی نۆ ساڵە بەردەوامە. سكاڵاكە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە لەسەر توركیا تۆمار كراوە كە بەبێ‌ ڕەزامەندیی حكومەتی ناوەند نەوتی هەرێمی كوردستان هەناردەی جیهان دەكات.

ئەمە دووەم بڕیاری دادگا باڵاكانە كە لە دژی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەردەكرێت. پێشتریش دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە بڕیارێك یاسای نەوت و غازی هەرێمی كوردستان و سەرجەم پرۆسەی دەرهێنان و هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی بە نادەستووری و نایاسایی لەقەڵەم دا.

هەرچەندە لە ماوەی ڕابردوودا حكومەتی هەرێم و حكومەتە نوێیەكەی عێراق بە سەرۆكایەتیی محەمەد شیاع سوودانی، چەندین كۆبوونەوەیان سەبارەت بە كێشە هەڵپەسێردراوەكان بە تایبەتیش نەوت و بوودجە ئەنجام داوە و هەردوو لا بانگەشەی ئەوە دەكەن كە هەنگاوی باش و ئەرێنی بۆ چارەسەری كێشەكان نراوە، بە تایبەتیش دوای ڕێككەوتنیان لەسەر یاسای بوودجە، بەڵام ئەم بڕیارەی دادگای نێودەوڵەتی كارتێكی دیكەی فشار دەبێت بە دەست عێراقەوە.