ئەمڕۆ شەپۆلێكی دیكەی بارانبارین لە هەرێمی كوردستان دەست پێ‌ دەكات

25-03-2023 06:31

پەرەگراف

بەپێی پێشبینییەكانی كەشناسیی هەرێمی كوردستان، لەمڕۆوە شەپۆلێكی نوێی بارانبارین ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكات و بەلای كەمەوە ماوەی سێ‌ ڕۆژ دەخایەنێت.

كەشناسیی هەرێم دەڵێت "بەهۆی ناجێگیریی كەشوهەوا، پێشبینی دەكرێ هەرێمی كوردستان بۆ ڕۆژانی شەممە، یەكشەممە و دووشەممە بكەوێتە ژێر شەپۆلێكی بارانبارین و هەورەتریشقە".

بەپێی پێشبینییەكەی كەشناسی، ڕۆژی شەممە "ئاسمان نیمچەهەور و لە هەندێ ناوچە هەوری تەواو دەبێت، لەگەڵ بارینی كەمێك نمەباران بە تایبەت لە ناوچە شاخاوییەكان".

هەروەها ڕۆژی یەكشەممە "ئاسمان هەوری تەواو دەبێت، لەگەڵ دەستپێكردنی بارانبارین، لە كاتەكانی نێوەڕۆدا ڕێژەی بارانبارین زیاد دەكات و هەندێ كات هەورەتریشقەی لەگەڵ دەبێت".

لە ڕۆژی دووشەممەشدا ئاسمان "هەوری تەواو دەبێت، لەگەڵ بارینی نمەباران و بارانی مامناوەند، لە كاتەكانی شەودا ئاسمان دەگۆڕێت بۆ نیمچەهەور و نمەباران لە ناوچە شاخاوییەكان و هەندێك ناوچەی دیكە بەردەوامیی دەبێت".