كونسوڵی گشتی ئەمەریكا ڕاپۆرتەكەی فۆرن پۆڵەسی لایخۆیەوە بڵاوکردەوە

25-03-2023 04:07

پەرەگراف

ئێرڤن هیكس جونیەر كونسوڵی گشتی ئەمەریكا لە هەولێر، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی لینكدئین نوێترین ڕاپۆرتی گۆڤاری فۆرن پۆڵەسی ئەمەریکی لەسەر هەرێمی کوردستان بڵاوکردووەتەوە بە ناونیشانی "ماڵە كارتۆنییەكەی كوردستانی عێراق لە بەردەم ڕووخاندایە".

ڕاپۆرتەکەی ئەو گۆڤارە ئەمەریکییە ڕەخنەی تووند لە دەسەڵاتدارانی هەرێم دەگرێت، بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتەکە لەلایەن کونسوڵی ئەمەریکا ئاماژەیەکە بۆ نیگەرانییە بەردەوامەکانی ئەو وڵاتە لە دۆخی هەرێمی کوردستان و مامەڵەی حکومەت و دەسەڵاتداران لەگەڵ بەها دیموکراسییەکان.

ڕاپۆرتەکەی فۆرن پۆڵەسی لەلایەن وینترۆپ ڕۆدجەرز ڕۆژنامەنووسی بەڕەگەز ئەمریکی نیشتەجێی سلێمانی نووسراوە، هاوکات لەگەڵ ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکادا کاردانەوەی لە میدیای کوردی و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لێکەوتەوە، کە تیشکخراوەتەسەر گەندەڵی و نادادپەروەریی و کاریگەرییەکانی لەسەر چینایەتی ئابوری و هەژاریی و توڕەیی خەڵک لە کوردستان.

ئەوانەش لەپاڵ بەرتەسککردنەوەی ئازادیی و پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ، زاڵبوونی حیزب بەسەر دامەزراوەکانی ئەمنیی و حوکمڕانی ودابەشبوونی جوگرافیی هەرێمی کوردستان بە سەر پارتی و یەکێتی وەک دوو حیزبی باڵادەست و ناکۆکییەکانی نێوانیان لەسەر داهات و بەڕێوەبردنی نەوت و گاز و پەیوەندیی لەگەڵ بەغداد.

ڕاپۆرتەکەی فۆرن پۆڵەسی باسی پشتیوانییە دەرەکییەکان دەکات بۆ هەرێمی کوردستان بە ئامانجی بەرەوپێشچوون تا هەرێمەکە لە ناوچەکەدا بگەشێتەوەو جیاوازییەکەی شەوق بداتەوە، بەڵام لە واقیعدا ئەو پێشکەوتنە نابینرێت، هەربۆیە داوای فشاری زیاترو جددی دەکات بۆسەر حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتداران و مەرجدارکردنی پشتیوانییەکان لە پێناو چاکسازیی و ڕێزگرتن لە ئازادییەکان و مافەکانی مرۆڤ.

بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتی ئەو گۆڤارە ئەمەریکییە هاوکاتە لەگەڵ ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەبارەی دۆخی مافەکانی مرۆڤ کە  ڕەخنەی تووند لە پێشێلکردنی ئازادیی و مافەکانی مرۆڤ، گەندەڵیی و ئەنجامدانی توندوتیژی دەگرێت لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی پارتی و یەکێتی و حکومەتی هەرێم.

ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا باسلەوە دەکات، هێزە ئەمنییەکان لە هەرێمی کوردستان توندوتیژییان بەرامبەر خۆپیشاندەران و چالاکانی ڕەخنەگر لە حکومەت ئەنجامداوەو چەندین حاڵەتی دەستگیرکردن هەبووە بەبێ بڕیاری دادگاو ئاگاداربوونی کەسوکاری دەستگیرکراوان، بەتایبەت لە خۆپیشاندانەکەی مانگی ئابی ساڵی ڕابردوو کە لەلایەن جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئەنجام درا.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا باس لە ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن و میدیاو ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەکات لە هەرێمی کوردستان و لە ڕاپۆرتەکەیدا چەندین حاڵەتی دەستگیرکردن و پێشێلکاریی بەرامبەر ڕۆژنامەنووسانی خراوەتەڕوو، هەروەها باسلەوە دەکات میدیاکانی سەربە پارتی و یەکێتی هەریەکەیان لە زۆنی حکومڕانیی خۆیان دەستیان بە زانیاریی دەگات و دەرگاکان کراوەن لە بەردەمیاندا، ئەوەش بە پێچەوانەی میدیای ئۆپۆزسیۆن و ئەوانەی سەربە حیزبەکان نین کە دەستیان بە زانیارییەکان ناگات.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئەوەشی خستووەتەڕوو، پارتی و یەکێتی خاوەنی هێزی چەکدارو پێشمەرگەی تایبەت بە خۆیانن و هەریەکەیان دەزگای هەواڵگریی سەربەخۆیی هەیە کە هەر بەناو سەربە ئەنجومەنی ئاسایشن. هاوکات باسی خراپیی دۆخی زیندانەکان و لێدان و ئەشکەنجەدانی دەستگیرکراوان دەکات لەگەڵ سزانەدانی ئەوانەی پێشێلکاریی و توندوتیژییان ئەنجام داوە لەلایەن حکومەتەوە.

پرسی گەندەڵی  و سەروەرنەبوونی یاسا لە عێراق و کوردستان، بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکایەو ئەوە خراوەتەڕوو کە گەندەڵی لە هەموو ئاستەکاندا بەربەستە لەبەردەم حکومڕانییەکی تەندروست، لەوانەش؛ بەرتیلدان، سپیکردنەوەی پارە، خزمایەتی و خراپ بەکارهێنانی سامانی گشتی لە هەموو ئاستەکانداو ڕەچاوکردنی خێزان و خێڵ و کاریگەرییان لەسەر بڕیارەکانی حکومەت، دەشڵێت "بەرپرسانی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم زۆرجار خەریکی کارە گەندەڵییەکان بوون بەبێ ئەوەی سزا بیانگرێتەوە".

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژە بەوەش دەکات، هەرچەندە ئەنجوومەنی دادوەری کوردستان لە ڕووی یاسایی و دارایی و کارگێڕییەوە سەربەخۆیە لە وەزارەتی دادی هەرێم، بەڵام دەوترێت سەرکردە باڵاکانی هەرێمی کوردستان کاریگەرییان لەسەر دۆسیە سیاسییە هەستیارەکان هەبووە. هەروەها دەوترێت پارتی و کاریگەرییان لەسەر دانانی دادوەران و بڕیارەکانی دادگا هەبووە.

دوو ڕۆژ دوای بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، دیندار زێباری بەرپرسی نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم وەڵامی ڕاپۆرتەکەی دایەوەو بە تووندی ڕەتیکردەوەو هێرشیکردەسەر ئەمەریکا.

دیندار زێباری لە وەڵامەکەیدا دەڵێت "بە داخەوە راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، زؤر ناشەفافانە و دوور لە ڕاستی و ناواقيعیانە هەڵسەنگاندنی دۆخی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان دەکات و دووڕوویی و ئیزدواجیەتی تێدایە و وەکو پێویست، ئاماژە بە هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم ناکات بەتایبەتی لە بابەتی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، کە بە تەحەدایەکی گەورە دادەنرێت لەسەر هەرێمی کوردستان".

زێباری دەشڵێت "مایەی نیگەرانییە کە کونسوڵگەری گشتی ئەمریکا مامەڵەی راستەوخۆ لەگەڵ چەند کەس، گرووپی میدیایی و ژمارەیەک لە بەناو رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی دەکات و پاڵپشتی داراییان دەکات کە ئەجێندای سیاسییان لە پشتە و تەنانەت زۆریشیان مۆڵەتی یاسایی کارکردنی نییە".

حکومەتی هەرێم جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەزگا ئەمنیی و هەواڵگرییەکان لە هەرێم "سەر بە حکومەتن" و دەسەڵاتی دادوەری "بە تەواوی سەربەخۆیە"، لەبارەی ئازادیی ڕادەربڕینیش دەڵێت "ئەوپەڕی ئازادی بیروڕا و ئازادی ڕاگەیاندن هەیە و سەدان دەزگای ڕاگەیاندنی جۆراوجۆی ڕاگەیاندن هەن کە بە ئازادی کاری خۆیان دەکەن و زۆربەشیان رەخنەگری دەسەڵاتن و یاسا و رێنمایی و میکانیزمەکانی حکومەتی هەرێم لە بواری ئازادی بیرو ڕا و ئازادی ڕاگەیاندن، ڕوون و ئاشکران".