بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی سەرەخۆشی لە لاهور شێخ جەنگی ناكەن؛ نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی تەلەفۆنیان بۆ كرد

25-03-2023 08:48

پەرەگراف

لە پرسەنامەكانیاندا بۆ كۆچی دوایی دایكی، بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی سەرەخۆشی لە لاهور شێخ جەنگی ناكەن، بەڵام هەریەك لە نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی لە ڕێی پەیوەندیی تەلەفۆینییەوە سەرەخۆشی و هاوخەمییان پێ‌ گەیاندووە.

بەیانیی ئەمڕۆ ٢٥-٣-٢٠٢٣، فاتیمە قادر، دایكی لاهوور شێخ جەنگی، لە شاری سلێمانی كۆچی دوایی كرد و تەرمەكەی لە شاری كۆیە بە خاك سپێردرا.

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی، لە پرسەنامەیەكدا بەو بۆنەیەوە دەڵێت "كۆچی دوایی خاتوو (فاتیمە قادر مەحموود)، ژنە دڵسۆز و شۆڕشگێڕەكەی ڕێگای خەبات، لە دڵەوە نیگەرانی كردین".

‏‎بافڵ تاڵەبانی دەشڵێت "خاتوو فاتیمە مێژوویەكی درەوشاوەی لە ڕۆژگاری سەختی خەباتدا تۆمار كرد و سەرباری ھەموو نەھامەتییەكان، لە ڕێگا پیرۆزەكەی كوردایەتی لای نەدا و نموونەی ژنی قارەمان و تێكۆشەری كوردستان بوو".

‏‎سەرۆكی یەكێتی سەرەخۆشیی لە لاهوور شێخ جەنگی و هیچ كەسێكی دیكەی خێزانەكەی نەكردووە و تەنیا دەڵێت "خوای گەورە سەبووری و ئارامی بە ھەموو لایەك ببەخشێت".

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمیش لەبارەی كۆچی دوایی دایكی لاهوور شێخ جەنگییەوە بە تێكستێكی كورت لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك دەڵێت "زۆر بەداخەوە، ئەمڕۆ فاتمە خانی خێزانی مامە جەنگیی ڕەحمەتیم كۆچی دوایی كرد. خوای گەورە لێی خۆش بێت و جێگەی بەهەشتی بەرین بێت".

بەڵام سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەتی هەرێم گەرموگوڕانە سەرەخۆشییان لە لاهوور شێخ جەنگی كردووە و پەیوەنیی تەلەفۆنییان لەگەڵ ئەنجام داوە.

سەرۆكایەتیی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بەڕێز لاهوور شێخ جەنگی، بۆ كۆچی دوایی خوالێخۆشبووی دایكیان، سەرەخۆشی لە خۆیان و خانەوادە بەڕێزەكەیان كرد، هەروەها هیوای خواست خوای مەزن گیانی بە بەزەیی و میهرەبانیی خۆی شاد بكات و سەبووری و ئارامییان پێ ببەخشێت".

ماڵپەڕی حكومەتی هەرێمیش دەڵێت "مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا سەرەخۆشیی لە لاهوور شێخ جەنگی كرد بۆ كۆچی دوایی خوالێخۆشبوو (فاتیمە قادر)ی دایكی".

"سەرۆكی حكومەت پرسە و هاوخەمیی خۆی پێ گەیاند و هیوای خواست خوای مەزن گیانی خوالێخۆشبوو بە بەهەشت شاد بكات و سەبر و ئارامییش بە بنەماڵەكەیان ببەخشێت"، ماڵپەڕی حكومەتی هەرێم وا دەڵێت.