مەسرور بارزانی: ئەوانەی ئەمڕۆ لەگەڵمان ناوەستن، با سبەی خۆیان نەکەنە خاوەنی دەستکەوتەکانمان

26-03-2023 12:35

پەرەگراف

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، لە تویتێکی نوێدا دەڵێت "ئەوانەی ئەمڕۆ لەگەڵمان ناوەستن، با سبەی خۆیان نەکەنە خاوەنی دەستکەوتەکانمان و سوود لە سەرکەوتنەکانمان وەرنەگرن".

ئەو تویتەی سەرۆکوەزیرانی ھەرێم لە کاردانەوەی ئەو ڕەخنانەدایە کە لە حکومەت و دەسەڵاتدارانی ھەرێم دەگیرێن لەسەر سیاسەتی وەبەرھێنان و فرۆشتنی نەوت، ئەوەش دوای ڕاگرتنی فرۆشتنی نەوتی ھەرێم دێت لە بەندەری جەیھانی تورکیا بەپێی بڕیاری دادگای ناوبژیوانیى نێودەوڵەتیى لە پاریس کە چیتر بەبێ ڕەزامەندیى حکومەتى فیدراڵیى عێراق نەوتى هەێمى کوردستان هەناردە ناکرێت.

بەر لەو تویتە مەسرور بارزانی لە تویتێکی دیکەدا وتی، سبەی تیمێکی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەکات بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای نیازپاکی درێژە بە گفتوگۆکان بدەن.

وتیشی "لەیەکتێگەیشتنی ئەم دواییەمان لەگەڵ بەغدا، زەمینەیەکی باشە لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەی پەیوەندیدار بە بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگا".

ڕۆژى پێنجشەممە دادگاى ناوبژیوانیى نێودەوڵەتى لە پاریس، لە بەرژەوەندیى حکومەتى عێراق بڕیارى دا بە نایاساییبوونى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لەلایەن تورکیاوە بەبێ ڕەزامەندیى بەغداد، شەوى ڕابردوویش تورکیا بە فەرمى حکومەتى عێراقى ئاگادر کردەوە کەپابەند دەبێت بە بڕیارەکەوە و لەمەودوا بەبێ ڕەزامەندیى حکومەتى فیدراڵى نەوتى هەرێم هەناردە ناکات، هەر ئەمڕۆیش حکومەتى عێراق پاڵپشت بە بڕیارەکە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستانى لە ڕێگەى بەندەرى جەیهانى تورکییەوە ڕاگرت.

وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی حكومەتی هەرێم لەبارەی بڕیارەكەی دادگای پاریسەوە دەڵێت "بڕیاری دادگای فەرەنسی لەبەرژەوەندیی حكومەتی عێراق دژی توركیا، ڕێگر نابێت لە پەیوەندیەكانمان لەگەڵ حكومەتی بەغدا".

وەزارەتەكە جەخت دەكاتەوە كە "حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ لەسەر پرسی بوودجە و نەوت وگاز گەیشتوونەتە ڕێككەوتنی سەرەتاییو لەیەكتێگەیشتنی باش". دەشڵێت "لەم چوارچێوەیەدا سەردانی بەغدا دەكەینەوە بۆ گفتوگۆ و چارەسەركردنی بابەتەكانی پەیوەندیدار".