بارەگای بارزانی: بە گشت لایەك ڕادەگەیەنین كە هەرێمی كوردستانی عێراق كارتۆنی نییە

26-03-2023 01:20

پەرەگراف

بارەگای بارزانی لە وەڵامی ڕاپۆرتەکەی گۆڤاری فۆرن پۆڵەسیی ئەمەریکیدا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو دەڵێت: "لەبارەی ئەو لێكدانەوە بێ بنەمایانەی هەرێمی كوردستان بە كارتۆنی ناوزەد دەكەن، بە گشت لایەك ڕادەگەیێنین كە هەرێمی كوردستانی عێراق كارتۆنی نیە، بەرهەمی خوێنی هەزاران شەهید و فرمێسكی هەزاران دایكە شەهیدە".

بارەگای مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دەشڵێت "هەرێمی كوردستان بە خوێن و فرمێسكی گەلەكەمان دروست بووە و، بەو خوێن و فرمێسكانەش دەپارێزرێت".

"ماڵە كارتۆنییەكەی كوردستانی عێراق لە بەردەم ڕووخاندایە" ناونیشانی نوێترین ڕاپۆرتی ئەو گۆڤارە ئەمەریکییەیە لەسەر ھەرێمی کوردستان کە ڕەخنەی تووند لە دەسەڵاتدارانی هەرێم دەگرێت.

ھەروەھا ئێرڤن هیكس جونیەر كونسوڵی گشتی ئەمەریكا لە هەولێر، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی لینكدئین ئەو ڕاپۆرتەی لایخۆیەوە بڵاوکردەوەو وەکئاماژەیەک بۆ نیگەرانییە بەردەوامەکانی ئەو وڵاتە لە دۆخی هەرێمی کوردستان و مامەڵەی حکومەت و دەسەڵاتداران لەگەڵ بەهادیموکراسییەکان.

ڕاپۆرتەکەی فۆرن پۆڵەسی لەلایەن وینترۆپ ڕۆدجەرز ڕۆژنامەنووسی بەڕەگەز ئەمریکی نیشتەجێی سلێمانی نووسراوە، هاوکات لەگەڵ ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکادا کاردانەوەی لە میدیای کوردی و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لێکەوتەوە، کە تیشکخراوەتەسەر گەندەڵی ونادادپەروەریی و کاریگەرییەکانی لەسەر چینایەتی ئابوری و هەژاریی و توڕەیی خەڵک لە کوردستان.

ئەوانەش لەپاڵ بەرتەسککردنەوەی ئازادیی و پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ، زاڵبوونی حیزب بەسەر دامەزراوەکانی ئەمنیی و حوکمڕانیو دابەشبوونی جوگرافیی هەرێمی کوردستان بە سەر پارتی و یەکێتی وەک دوو حیزبی باڵادەست و ناکۆکییەکانی نێوانیان لەسەر داهات وبەڕێوەبردنی نەوت و گاز و پەیوەندیی لەگەڵ بەغداد.

ڕاپۆرتەکەی فۆرن پۆڵەسی باسی پشتیوانییە دەرەکییەکان دەکات بۆ هەرێمی کوردستان بە ئامانجی بەرەوپێشچوون تا هەرێمەکە لەناوچەکەدا بگەشێتەوەو جیاوازییەکەی شەوق بداتەوە، بەڵام لە واقیعدا ئەو پێشکەوتنە نابینرێت، هەربۆیە داوای فشاری زیاترو جددی دەکات بۆ سەر حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتداران و مەرجدارکردنی پشتیوانییەکان لە پێناو چاکسازیی و ڕێزگرتن لە ئازادییەکان و مافەکانی مرۆڤ.

بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتی ئەو گۆڤارە ئەمەریکییە هاوکاتە لەگەڵ ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەبارەی دۆخی مافەکانیمرۆڤ کە  ڕەخنەی تووند لە پێشێلکردنی ئازادیی و مافەکانی مرۆڤ، گەندەڵیی و ئەنجامدانی توندوتیژی دەگرێت لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی پارتی و یەکێتی و حکومەتی هەرێم.